دهۆک بەڕۆژی_سۆران
ژن لە نێوان جەمسەری خێزانی باوکسالاری و جەمسەری کۆمەڵگەی پیاو سالاریدا گوزەردەکات.کەواتە ژن دووجار بووەتە قوربانی.جارێک بەهۆی جیاوازی چینایەتی و جارێک بەهۆی رەگەزەکەیەوە،کە لە لایەن ڕەگەزی نێرینەوە دەچەوسێنرێتەوە.
توندووتیژی پیاوان بەرامبەر بە ژنان، ڕابردویەکی دووروودرێژی هەیە باوک دەیدات بە کوڕ، کوڕیش دەیداتەوە بە کوڕەکەی خۆی.
بەگوێرەی بۆچوونی پسپۆڕان،هۆکارەکانی هەڵکشانی رێژەی ئەو دیاردەیە لە کۆمەڵگەدا،دەگەڕێتەوە بۆ گەلێک هۆکاری جیاجیا،لەوانەش زیادبوونی گرفتە کۆمەڵایەتییەکان و کێشەی ئابووری و ئاڵۆزیی دۆخی سیاسی،هەروەها ئایین وچەندان هۆکاری تاکەکەسیش.
توندتیژی جۆری زۆرە،وەک:
توندوتیژی جەستەیی،دەروونی،توندوتیژی دژ بە تاک یان دژ بە کۆمەڵ، توندوتیژی خێزان و توندوتیژی کۆمەڵایەتی و توندوتیژی سیاسی. لەسەرووی هەموو ئەمانەشەوە توندوتیژی دین و مەزهەب.
توندوتیژی دژ بە ژنان،باروودۆخێکی خنکێنەرو سامناکە و،لە سەرتاسەری جیهان بوونی هەیە،بەڵام لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە.
هەر کۆمەڵگەیەک ڕێژەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان تیایدا لە هەڵکشاندا بوو،وەک: جیابوونەوەی ژن و مێرد، نەبوونی پەروەردەیەکی تەندرووستی منداڵ،چەوساندنەوەی دەروونی و لاوازی سیستەمی پەروەردەیی و نەبوونی دیالۆگ لە نێوان خەڵکدا،ئەوا توندوتیژی تێدا زیاد دەکات.
هەروەها لە ڕووی سیاسیشەوە،نەبوونی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و نەبوونی یەکسانی لەناو کۆمەڵدا، پێشێلکردنی یاسا لەلایەن دەسەڵاتدارانەوه، گەندەڵی و نەبوو ئازادی و نەبوونی هەلی کار بەشێوەیەکی یەکسان، گرانی بازاڕ و قەیرانی نیشتەجیبوون،کاتێک ئەمانە هەموویان لە کۆمەڵگەدا هەبوون،ئکرێت بڵێین لەو کۆمەڵگەیەدا زەمینە خۆشە بۆ کاری توندوتیژی.
لەئێستا توندوتیژی لە هەرێمی کوردستان،رۆژ بەرۆژ بەرەو زیادبوون دەچێت.
هۆکاری ئەمە چییە؟
توندوتیژی جۆر و شێوازی زۆرە وەکو ئاماژەم پێکرد. بیگومان بەپێی ئەوەش هۆکارەکانی جیاوازن. هۆکاری توندوتیژی کۆمەڵایەتی یان خێزانی جیاوازە لە هۆکاری توندوتیژی سیاسی. بەڵام هۆکاری هاوبەشی نێوانیان دەگەڕێتەوە بۆ هەڵچوون و توڕەبوون و گیانی تۆڵەسەندنەوە و نەبوونی گیانی لێبووردن و پەروەردەی سەقەتی خێزان و کۆمەڵگە وسیستەمی فێرکردن. لەسەر ئاستی خێزاندا،باوک،دایك،براگەورە، دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ ببینن لە پەروەردەکردن وگەشەکردنی کۆمەڵایەتی ئەندامانی بچوکی ناو خێزانەکە. ئەوانن دەبنە پێشەنگ بۆ منداڵان و بەتایبەت لە قۆتاغی هەرزەکاریدا، چونکە منداڵ لاسایی گەورە دەکاتەوە لە هەوڵوێست و هەڵسوکەوتدا و، گەورەش کاریگەری بەرچاوی دەبێت لەسەر کەسێتی منداڵ.
لەسەر ئاستی کۆمەڵگەشدا،دەسەڵاتی سیاسی بە پلەی سەرەکی و پاشان ئایین و دابونەریت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان،ڕۆڵی زۆریان هەیە بەسەر کۆمەڵایەتییەکان،ڕۆڵی زۆریان هەیە بەسە کۆمەڵگەوە و، زەمینە خۆشکەری توندوتیژین. بۆ نموونە:
لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە لێدوان وپەیامی سەیروسەمەرە دەدرێت بۆ کاری توندوتیژی و دابونەریتی خێڵەکی زیندووودەکرێتەوە و سەرۆک خێڵەکان ڕۆڵی گرنگیان پێ دەدرێت.لە پەرلەماندا کار لەسەر تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای وەک پاراستنی پیرۆزییە ئایینی ونەتەوەییەکان دەکرێت.
ئەوانە هەر هەموو هۆکارن بۆ پەرەسەندنی دیاردەی توندتیژی دژ بە ژنان لەناو کۆمەڵگەی کوردستان.