
ڕێواس ئەحمەد بانیخێڵانی
گەر بۆ مێژوو بگەڕێینەوە ناوی چەندان ژنی دەستەڵاتدارمان بەرچاو دەکەوێت وەک زنوبیا، کیلۆپاترا، شاژنی بەریتانیا ڤکتۆریا، شاژنی ڕووسیا کەتەرینا و مەرگەریتەی پیرۆز لە سوێد، لە مێژووی سەردەمدا، ئەندێرا گاندی، گۆلدا مائیر، تاتچەر، بەنازیر بۆتۆ، ئەنجیلا میرکل، شیخە حسینە واجد، جاسیندا ئەردێرن، ئەلین جۆنسۆن سیرلیف، جولیا جیلارد، دیلما روسیف، کریستینا فرناندیزدی کیرشنر و چەندانی تر، گەر بە وردی شیکردنەوەیەک بۆ ماوەی دەستەڵاتی ئەم ژنانە بکەین، خاڵێک سەرنجمان ڕادەکێشت، زۆربەی ئەو ژنانەی پێش کۆتایی سەدەی بیست و سەدەی بیست و یەک دەستەڵاتیان لە دەستدابووە، بە عەقڵیەتێکی پیاوسالاری دەستەڵات و وڵاتیان بەڕێوەبردووە. بەکارهێنانی دەستەڵات و بۆچوونیان جیاواز نەبووە لە پیاوانی سەردەم و عەقڵیەتی ئەو کۆمەڵگەیەی کە تێیدا گەورەبوون و پەروەردە کراون. لە سەردەمی ئەوانیشدا ئەرکی ژن کاری ناو ماڵ و ئەرکی بایۆلۆژی بووە. ئەو یاسایانەی لە سەردەمی تاتچەردا پەسەندکراو، زۆربەیشیان تا ئێستاش کاری پێدەکرێ، پێگەی ژن دەهێنێتە خوارەوە. بەڕێوەبردنی کاروباری ناوماڵ و پەروەردەی منداڵ بە ئەرکی دایکان دادەنێت و کرێی دایەنگەکان هێندە گران کران، لە ڕووی ئابوورییەوە بۆ دایکان باشتر بووە لە ماڵەوە بن تا بچن کاربکەن و منداڵەکانیان لە دایەنگا دابنین. تاتچەر لەو باوەڕەدابوو پەروەردەی منداڵ ئەرکی دایکە نەک باوک و کۆمەڵگە. بەمەش ژنان بەسترانەوە بە ماڵەوە. دیارە لە پشت ئەم یاسایانەش مەبەستێکی ئابووری سیستەمی سەرمایەداری خۆی مەڵاس دابوو.
لەگەڵ ئەمەشدا بوونی ژن لە پێگەی دەستەڵات کاریگەری لەسەر هۆشیاری کۆمەڵایەتی و سیاسی تاکەکانی کۆمەڵ هەبووە و دەبێت و سەلماندی کە ژنیش وەک پیاو توانای بەڕێوەبردنی وڵات و پاراستنی پەرژەوەندییەکانی نەتەوەیان هەیە، بەپێی ئایدۆلۆژیا و ستراتیژی ئەو حزبانەی کە ئەوان لە ڕێگەیەوە گەیشتوونەتە پێگەی دەستەڵات.
بەشداری بەرچاوی ژنان لە حزبە سیاسییەکان هەرچەند بەپێی خواستی بزووتنەوە یەکسانیخوازەکان نەبووە، لەبەرئەوەی کاریگەری زهنیەتی دەستەڵاتی پیاوسالاری و دابونەرێتە پاشکەوتووەکان لەسەر بەرنامە و سیاسەتی حزبەکان بەهێزبووە. ئەوەشمان لە یاد نەچێت زۆر لە ژنانی ناو ئەو حزبانە سەرسەختانە خەباتیان کردووە بۆ یەکسانی دەستەڵات و پێگەی ژنان لە ناو حزبەکاندا. نموونەی حزبە سۆسیال دیمکرات و چەپەکانی ئەوروپا، ژنانی ڕیزەکانی ئەو حزبانە زۆر زیرەکانە لەو ململانێیە سەرکەوتنیان بەدەست هێنا و ڕێژەیەکی باشی ژنان سەرکەوتووانە سەرکردایەتی ئەو حزبانە دەکەن.
جیا لەوان، زۆربەی ژنانی دەستەڵاتداری سەدەی بیست وی ەک لە بابەتی میرکیل و ئەردێرن وچەندانی تر جگە لەوەی سەلماندییان کە ژن وەک پیاو توانای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی هەیە و بگرە لە زۆر ڕووەوە لێکدانەوە و تێڕاونینیان بۆ پرۆسەی گەشەی کۆمەڵگە واقیعی و مرۆیانە ترە و خزمەتێکی گەورەی وڵاتەکەیان کردووە. بەشێک لەم سەرکردە ژنانە لە پاڵ دەستەڵاتەکەی خۆیاندا کاریان بۆ دۆزی ژن کردووە، چ لە ڕووی پێگەی ژن، هێنانە پێشەوەی ژن لە لەهەرسێ پێگە بایەخدارەکان" یاساداڕشتن، چێبەجێکردن و دادوەری" و ئەرکی پەروەردەی منداڵ وەک تەنیا ئەرکی دایک تەماشا نەکرێت و هەروا گەلێ یاسای گرنگیان داڕشتووە دژ بە توندوتیژی ژنان لە خێزان و کۆمەڵگە. ئەم هەنگاوانە لە لایەک وەک بەشێک لە سیاسەتی حزبەکانیان ئەنجامیان داوە، بە مەبەستی ڕاکێشانی دەنگدەران بۆ حزبەکانیان لە هەڵبژاردنەکاندا و لەلایەکی ترەوە وەک وابەستەیەک بە خەباتی بزووتنەوەی ژنان و فیکری فمێنێستی و چەپەکان. هەروا بە وابەستەیی ئەو دەوڵەتانە بە بەندەکانی ئەو ڕێککەوتننامانەی ڕێکخراوە جیهانییەکان بڕیارییان لەسەرداوە، بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداری کاریگەرانەی ژنان لە گۆڕانکارییە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکاندا. ئەوەی تێڕوانین و بەکارهێنانی دەستەڵاتی ژنانی سەرکردەی ئەم دوو دەیە، لەوانی پێش خۆیان جیادەکاتەوە، ئەم ژنانە هەوڵیان داوە کاریگەری کەوڵی دەستەڵاتی فیکری پیاوسالاری و دابونەرێتە پاشکەوتووەکان لەسەریان کەم بکەنەوە و بە چاویلکەی سەدەی بیستو یەکەوە بڕواننە یەکسانی ڕەگەزی و هاوسەنگی ژەندەری.
ئەم دۆزەش یەکێکە لە مەسەلە زیندوو و کێشە لەسەرەکانی ئەم سەردەمە. مانەوەی دەستەڵاتەکان بەستراوە بە پشتگیری کردنی ژنان بۆ ئەو دەستەڵاتە کە نیوە یان زیاتر لە نیوەی دەنگدەرانی ئەو وڵاتانە پێکدەهێنێت. شایانی ئاماژەیە لەو وڵاتانەدا هۆشیاری ژنان و کاریگەری بزووتنەوەی فمێنێستی بە ڕەوتە جیاوازەکانیەوە لە ئاستێکی بەرزدایە.
، بە گوێرەی دوایین ئامارەکان تا سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤، ڕێژەی ژنان لە پەرلەمانە نیشتمانییەکاندا لە سەرانسەری جیهاندا گەیشتووەتە ٢٦.٩%.. ئەم ڕێژەیە بەردەوام لە گەشەکردندایە، بەڵام هێشتا زۆری ماوە بۆ گەیشتن بە یەکسانیی ڕەگەزی لەم بوارەدا.
ئەو حکومەتانەش پایەبەندە بە هەندێ ڕێککەوتننامەی نیودەوڵەتی. ڕێککەوتنامەی سیداو کە لە هەژدەی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٧٩ لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان گفتوگۆی لەسەرکرا وبڕیاری لەسەردرا، ئامانجی سەرەکی ئەم ڕێککەوتننامەیە بنەبڕکردنی هەموو ئەو جیاوازکارییانەیە بەرامبەر ژنان پەیڕەودەکرێت و ئەنجامدەدرێت. لە ساڵی ١٩٨١ تەنیا بیست وڵات بڕیاری جێبەجێکردنی بەندەکانیان دابوو، لە ساڵی ١٩٨٩ بوو بە سەد دەوڵەت و عێراقیش لە ساڵی ١٩٩٢ بڕیاری دا ئەو ڕێککەوتنانمەیە ئیمزا بکات بەبێ پەیوەست بوونی بە بەندەکانی (٩،١٥،١٦) بەشێکی ئەم بەندانە پەیوەندی بە هەڵوێستی لایەنە ئیسلامییە سیاسییەکانەوە هەبوو، بەپێی بۆچوونی ئەوان ئەو بەندانە لە تێڕوانینێکی علمانییەتەوە دەڕوانێتە دۆزی ژن کە لە گەڵ ئاینی ئسلامدا ناگونجێت.
ناوەڕۆکی ئەم ڕێککەوتننامەیە بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداری ژن لە هەموو کایە سیاسی و پرۆسەی بەرهەمهێنان و کار بوو، زاڵبوون بەسەر ئەو کۆسپانەی کە ڕێگرە لەبەردەم بەشداری ژن لە پرۆسەی گەشەیی مرۆییدا. لەهەمان کاتدا مسۆگەرکردنی ئاسانکاری، هاندان و ڕێگەخۆشکردن بۆ گەشەی تواناکانی ئافرەت و چوونە ناو بازاڕی کار، کارکردن بۆ پەرەدان بە بەهرە و تواناکانیان لە هەموو بوارەکاندا. لە هەموو کۆنگرە و کۆبۆنەوە جیهانییەکاندا گرنگییەکی بەرچاودەدرێت بە دۆزی ژن و یەکسانی ژەندری لەبەرئەوەی ئەو هێزە مرۆڤدۆستەکان گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی بێ بەشداری نیوەی کۆمەڵ لە پرۆسەی گۆڕانکارییەکان، کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دادپەروەری یەکسانی بەدیناهێنێت.