
حزبی شیوعی کوردستان و بەرەی تورکمانی جەخت لە سەر گرنگی پاراستنی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە لە هەرێمی کوردستان دەکەنەوەو بە پێویستی دەزانن پێکهاتەکان ڕۆڵی ڕاستەقینە و کاریگەریان هەبێت لە بڕیارە سیاسییەکاندا.
ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێکەوتی ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، شاندێکی باڵای بەرەی تورکمانی بە سەرۆکایەتی ئایدن مەعروف، سەردانی بارەگای مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستانیان لە شاری هەولێر کرد. شاندەکە لە لایەن هاوڕێ ئەبو کاروان، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی پەیوەندییەکان پێشوازییان لێکرا.
لە دەستپێکی دیدارەکەدا، شاندی میوان پیرۆزباییەکی گەرمیان ئاراستەی هاوڕێ ئەبو کاروان کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی کارەکانی کۆنگرەی 8ی حزب و هەڵبژاردنی وەک سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی، هیوای سەرکەوتنیان بۆ خۆی و بۆ حزبمان خواست لە ئەرکە سیاسی و نیشتمانییەکانی داهاتوودا.
پاشان لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا بە وردی دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی نێوان پێکهاتە جیا جیاکان تاوتوێکرا. هەر دوولا جەختیان لە گرنگی پاراستنی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە لە هەرێمی کوردستان کردەوە و ئاماژەیان بەوە دا کە پێویستە پێکهاتەکان ڕۆڵی ڕاستەقینە و کاریگەریان هەبێت لە بڕیارە سیاسییەکاندا.
لە تەوەرێکی تری گفتوگۆکاندا، جەخت لەسەر پاراستنی مافە دەستووری و یاساییەکانی پێکهاتەکان کرایەوە، بە جۆرێک کە گەرەنتی بەشداری کارای هەموو لایەک بکات لە بەڕێوەبردن و چەسپاندنی پایەکانی دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە ناوچەکەدا.
بەهیزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان هەماهەنگی بۆ پرسەکان کۆتا بابەتی دیدارەکە بوو.