
سەرووتاری هەفتەنامەی ڕێگای کوردستان
هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر ئاستی جیهان، ئەمساڵ بە دروشمی "پاراستنی ژنان و هەرزەكاران لە توندوتیژیی دیجیتاڵی" بەڕێوە دەچێت. بەرزكردنەوەی دروشمێكی وەها، وەڵامێكە بۆ ئەو شەپۆلە توندوتیژییەی کە ئەمڕۆ لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و میدیای دیجیتاڵییەوە، بە ئاستێكی مەترسیدار ڕووبەڕووی ژنان و هەرزەكاران دەبێتەوە.
بەپێی داتا جیهانییەكان، لە ساڵی ٢٠٢٤-٢٠٢٥دا، ٣٠٪ی ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە. بە گشتی ڕۆژانە ١٤٠ ژن و كچ لەلایەن ئەندامانی خێزانەكانیانەوە دەكوژرێن، هاوكات ڕێژەیەكی بەرزی توندوتیژییەكان لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ئەنجام دەدرێن. لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش، داتاكان ئاماژەی مەترسیدار دەخەنە ڕوو سەبارەت بە توندوتیژیی دیجیتاڵی و هەراسانكردنی ئۆنلاین دژی ئافرەتان و كچان.
پرسی توندوتیژی وەك دیاردەیەكی كۆمەڵایەتیی فرەڕەهەند و پەرەسەندوو، بنچینەیەكی چینایەتیی هەیە. ناكرێت تەنیا لە ڕوانگەیەكی ڕووكەش یان شیكردنەوەیەكی تاكەكەسییانە خوێندنەوەی بۆ بكرێت، چونکە خودی سیستەمی سەرمایەداری بەرهەمهێنەری توندوتیژی و داگیركارییە. بۆ تێگەیشتن لە ناوەڕۆكی توندوتیژی، پێویستە بە شێوەیەكی بنەڕەتی ڕەگە مێژوویی، ئابووری و كەلتوورییەكانی هەڵبدرێتەوە و شیکارییان بۆ بکرێت.
لە ڕووی ئابوورییەوە، سیستەمی سەرمایەداری بە سروشتی خۆی کە لەسەر بنەمای چەوساندنەوەی كرێكاران و كۆنترۆڵكردنی سەرچاوەكانی داهات دامەزراوە، بە شێوەیەكی بەردەوام توندوتیژی بەرهەم دەهێنێت و بەهێزی دەكات. نایەكسانیی ئابووریی قووڵ، هەژاری و نەبوونی دەرفەتی یەكسان، زەمینەیەكی بەهێزن بۆ سەرهەڵدانی توندوتیژیی گشتی و ڕەنگدانەوەی لەسەر دروستبوونی كەلتووری پیاوسالاری و پەراوێزخستنی ژنان.
لە هەرێمی كوردستان، لە ئەنجامی تێكۆشانی بزووتنەوەی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز، توانراوە چەندین گۆڕانكاریی گرنگ لە چوارچێوەی یاسای ژناندا ئەنجام بدرێت، بەڵام نابێت ئەوەشمان بیر بچێت کە یاساكان تەنیا مامەڵە لەگەڵ دەرئەنجامی توندوتیژییەكان دەكەن. بەبێ بنبڕكردنی سەرچاوە ڕاستەقینەکانی توندوتیژی، ناتوانین خێزان و تاك و كۆمەڵگەیەكی ئارام و ئاسوودەمان هەبێت.
چاككردنی ژینگەی كاركردن لە كەرتی تایبەت، ڕەخساندنی هەلی یەكسانی کاری شیاو، دابینكردنی بیمەی بێكاری و تەندروستی و مافی دایكایەتی، لەگەڵ گۆڕانكاریی ڕیشەیی لە سیستەمی پەروەردە و فێركردن، ئەرکی هەنووكەییی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.