
ئەمڕۆ لە مێژوودا
عیماد محەمەد
تابلۆیەک لە خوێن و بەهار، داستانی مەلا ئۆمەر
لەو ڕۆژانەی زستان بارگەی سەرما و باران و بەفر و کڕێوەی خۆی دەپێچایەوە و
بەهار بە چرۆی سەوز و زەردەخەنەی گوڵەوە باوەشی بۆ ژیان دەکردەوە،
لە ٩ی ئاداری ساڵی ١٩٨١.
گوندی (مەلا ئۆمەر) لە دەشتی زەنگەنە، تەنها پارچە زەوییەک نەبوو لە سروشت،
بەڵکو ببووە پایتەختی جوانی و تابلۆیەک لە عەشق.
لەوێ، خاکیبوونی جلی پێشمەرگە شیوعییەکان لەگەڵ سەوزایی بەهاردا ئاوێتە ببوو،
ڕیشی تێکئاڵاو، جامانە و پوزەوان، فیشەکدان و تفەنگی سەر شان،
سیمای پۆلێک فریشتەی شۆڕشگێڕیان نەخشاندبوو.
مزگەوتی ئاوایی، میحرابی نوێژی ئازادی بوو،
دەرگای ماڵەکان وەک دڵی دایک بۆ ئەو گوڵەجەرگانە کرابوونەوە،
منداڵانیش بە چاوی پڕ لە ئەستێرەوە، سەیری باڵای بەرزی پێشمەرگەیان دەکرد.
لەپڕ ڕەشەبایەکی ژەهراوی هەڵی کرد،
جاش و خۆفرۆشان وەک تاریکی، چواردەوری گوندیان تەنی،
ئاسمان بوو بە بارانی ئاگر و زەوی بوو بە دۆزەخ،
بەڵام پێشمەرگە ئەو شاخەی کە قەت لە مەرگ ناترسێت، بە پێوە وەستابوو.
گوێ بگرن، ئەوە دەنگی هەورئاسای فەرماندە (عەبدولعەزیز)ە،
چۆن وانەی مرۆڤدۆستی دەڵێتەوە و دەنگی هاواری زەوی دەهەژێنێت:
"ئادەی هەڵۆکان گوندەکە چۆڵ کەن و
ڕوو بکەنە دەشتە ڕووتەڵەکان، سینگتان بکەنە سەنگەر و قەڵغان.
نەکەن، نەکەن لێرە بمێننەوە...
نەبا منداڵێک بترسێت،
نەبا پرچی ئافرەتێک بسوتێت، یان دیوارێکی ماڵە جووتیارێک بڕووخێت،
گوند و هەژاران مەکەنە قەڵغانی خۆتان،
ئێوە کوڕی ڕۆژە سەختەکانن، با ئێمە ببینە قەڵغان بۆ ئەوان."
بڕواننە ئەو پێدەشتە ڕووتەڵەیە. بزانن شێرەکوڕانی شیوعی چۆن مەرگ دەترسێنن
ئەبیستن؟ ئەوە قرمەی چەکی (حەسیب دوانزە ئیمامی)یە، چۆن بەسەر کەلاکی دوژمندا هەلهەلەی سەرکەوتن لێدەدات.
ئەو دەنگە زوڵاڵە دەناسن؟ ئەوە (مام گۆران)ـە، لەنێو دووکەڵی بارووتدا، سروودی نەبەزین و ئازادی دەچڕێت.
گوێ بگرن، (عەریف حەسیب) چۆن بە دەنگی فەرمانەکانی، وەک ڕەهێڵەی باران ورە دەبەخشێتە سەنگەرەکان.
ئەی ئەو کوڕە ئەسمەرە کێیە لەنێو جلی کوردیدا؟ ئەوە (ئەبو غەسان)ی کوڕی دیالەیە، بە نەعرەتەیەکەوە ورە دەبەخشێت و هاوار دەکات: "سنمضي.. سنمضي الی ما نريد.. وطن حر وشعب سعید
( نەسرەدین زەینەڵ)یش وەک ئەستێرەیەکی درەوشاوە، ڕێگای نەبەزین پیشانی هاوڕێکانی دەدات.
لەولاشەوە (حەمە لەتیف جەلەلایی)، بە دڵێکی گەورە و تفەنگێکی پڕ لە قینەوە، مەرگی خستۆتە ژێر پێیەکانی.
ئەوە (سەلام کانی قادری)یە، سڵاوی ئازادی لەسەر لێوەیە و سنگ دەداتە بەر گوللـە.
(قادر سەید مورادی) بە قودرەتی باوەڕێکی پۆڵاینەوە، هاژە دەخاتە دڵی لەشکری تاریکییەوە.
(حامید مەلا فەتاح) ستایشی نیشتمان دەکات و بە خوێنی خۆی خاکی مەلا ئۆمەر نەخشین دەکات.
بڕواننە (فوئاد گەرمکی)، دڵی پڕ لە گڕی شۆڕشە و سینگی کردۆتە قەڵغان بۆ پاراستنی هەژاران.
گڕی لوولەی تفەنگەکەی (حسێن نەورۆزی)، پێشوەختە ئاگری نەورۆزی ئەمساڵی کردۆتەوە.
هەر لەوێدا (نورەدین نەسرەدین)، نووری هیوای لە چاواندا دەدرەوشێتەوە و بەرەو ڕووناکی هەنگاو دەنێت.
(محەمەد حەمەلاو کەریم)، بە ئەزموون و خۆڕاگرییەکەیەوە، داستانێکی نوێ لە فیداکاری دەنووسێتەوە.
ئەوە (جیهان ڕەشید - جیهان سپی سەری)یە، بە ورەی بەرزییەوە جیهانی شۆک کردووە
(ساڵح غەفور ئەمین) بە قەناعەتێکی شۆڕشگێڕانەوە، سەنگەری شەرەفی ئاوەدان کردۆتەوە و ناگەڕێتەوە.
ئەوە (سەلام دوانزە ئیمامی)یە، بە پێوە وەک چیایەک وەستاوە، دەڵێی لە زەماوەندی سەرفرازییە و چۆپیی ئازادی بەرنادات.
تەماشای (عەزیز کاریزەیی) بکەن، بە گیانێکی ئازیزەوە و بۆ بەرگریکردن لە خاک، زەوی لە ئامێز دەگرێت.
(سالار دوانزە ئیمامی) وەک سالار و پێشەنگی کاروان، بەرەو لوتکەی نەمری دەچێت.
(مەنسور عەلی محەمەد)، بە دڵنیاییەوە مژدەی سەرکەوتن بەسەر مەرگدا دەخوێنێتەوە.
لەولاشەوە، (عەبدولمەجید) بە قاقایەکی پڕ لە شانازییەوە، بانگی (عەبدولعەزیز)ی برای دەکات و پێی دەڵێت، براکەم، ئەمڕۆ خەوێکی ئەبەدی دەکەین، سەرمان دەخەینە سەر لوتکەی قەندیل و دەچینەوە باوەشی ئایشەی دایکمان
(هیوا)، بێ باک لە هاژەی کۆپتەر و بارانی ڕۆکێت، بە چاوێکی پڕ لە هیواوە، دەڕوانێتە سبەینێی ڕووناکی گەلەکەی.
لە پەنا گابەردێکیشدا (فەرەیدوون) هاوار دەکات و دوا پەیام دەدات:
"ئێمە شەیدای مردن نین، بەڵام کاتێک مەرگ بۆ ئازادی بێت، ئەوە تاجی نەمرییە".
٤٥ ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژەدا تێپەڕی،
بەڵام هێشتا خوێنی ئەو ٢٣ فەرماندە و پێشمەرگە و کادیرە شیوعییە،
لە داستانی (مەلا ئۆمەر)دا، وەک گوڵاڵەسوورە دەدرەوشێتەوە.
ئەوان بوونە چرایەک لە ڕووناکی تا ڕێگای بۆ نەوەکانی دوای خۆیان ڕووناک بکەنەوە.
سەری ڕێز و کڕنۆشی نەمری،
بۆ شەهیدانی داستانی مەلا ئۆمەر و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی.
نەفرەت لە خۆفرۆشان و بەکرێگیراوان.