
جووتیارانی گوندی گورزەیی و سوپای عێراق لەسەر کێشەی زەوییەکی 1400 دۆنمی نەگەیشتن بە هیچ ڕێکەوتنێک و پارێزگاری کەرکوکیش لە بەغدایە.
یونس سەید ئیسماعیل کە دانشتووی گوندی گورزەیی سەر بەناحیەی پردێیە، بە ڕێگای کوردستان و Azadi tv، ڕاگەیاند، لە سەر داوای سوپا ، ئەمڕۆ لە بارەگای فیرقەی هەشتی پیادە، وەک دانیشتوانی گوندی گورزەیی، لەگەڵ فەرماندەی فیرقە لە بارەی کێشەی زەوی گوندەکەمان کۆبوینەوە، کە ئێستا عەرەبێکی هاوردە خۆی کردووە بەخاوەنی.
یونس سەید ووتی ، فەرماندەی فیرقەی بەڵێنامەیەکی ئامادەکراوی خستووەتە بەردەستمان و پێی ڕاگەیاندین ،ئەم بەڵێننامەیە، لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوکەوە ئامادەکراوەو ڕەوانەمان کراوە، ئەگەر پڕیبکەنەوە ڕێگەی دروێنەی بەرهەمەکانتان پێ دەدەم، ووتی لە بەڵێننامەکەدا هاتووە! بەڵێن دەدەم چیتر ئەم زەویە نەچێنم، بەڵام ئێمە ئەو بەڵێننامەیەمان ڕەتکردەوەو کۆبونەوەکەمان جێهێشت.
یونس سەید ئەوەشی ووت، بڕیاربوو ئەمڕۆ چاومان بەپارێزگاری کەرکوک بکەوێت، بەڵام پارێزگار سەردانی بەغدای کردووەو کێشەکەی ئێمەش بەبێ چارەسەر ماوەتەوە.
لەسەردەمی دەسەڵاتی حزبی بەعس ، عەرەبێکی هاوردەی خەڵکی شاری موسڵ پارجە زەویەکی خۆی بەخشیوە بۆ دروستکردنی فرۆکەخانەی موسڵ، لە بەرانبەردا رژێمی بەعس لە چوارچێوەی سیاسەتی تەعریب، 1400دۆنم زەوی کوردی گوندی گورزەیی وەک قەرەبوو بەو عەرەبە بەخشیوە، ئەو عەرەبە هاوردەیە هەستاوە بە نوێکردنەوەی تاپۆی زەویەکەو ئێستا دەیەوێت لە ڕێگەی فشاری سوپاوە زەویەکە وەربگرێتەوە، لەکاتێکدا زەویەکە موڵکی خەڵکی گوندەکەیەو تاپۆیان هەیە.