
دیمەنی گەمارۆدان و هێرشی هێزە چەکدارەکانی ئەحمەد شەرع بۆ سەر دانیشتووانی کورد لە گەڕەکەکانی (شێخ مەقسوود) و (ئەشرەفییە) لە حەلەب، زنجیرەی تاوانێکی تری هێزە شۆڤێنی و مەزهەبییەکانە دژ بە گەلی کورد لە سووریا.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە چەندین جاری تر لە سایەی دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع و هێزە شۆڤێنییەکان، هەرجارەی بە بیانوویەک هێرش و پەلاماری پێکهاتە جیاوازەکانی گەلی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان دراوە؛ جارێک دژ بە عەلەوییەکان و جارێکی تر دروزەکان، کە هەموو ئەوانە بەشێکن لە کۆمەڵکوژی و تیرۆری دەوڵەت دژ بە سادەترین بنەماکانی بەیەکەوەژیان.
ئەم هێرشانە کاتەکەی بە سوودوەرگرتن لە بارودۆخی ئەمڕۆی جیهان دیاری کراوە و ئەنجام دەدرێت، بە مەبەستی ملکەچپێکردن و خۆدزینەوە لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد و جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی ئاداری نێوان سەرۆکی دەسەڵاتی ڕاگوزەر و فەرماندەی هێزەکانی هەسەدە، کە دەربڕی باوەڕنەبوونی ئەو دەسەڵاتەیە بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە و بنیاتنانی سیستەمی دیموکراسی.
بەکارهێنانی چەک و زریپۆشی قورس هاوکات لەگەڵ لێدانی سروودی ئایینی لەم تاوانە کۆمەڵکوژییەدا، بەشێکە لە تاوانی نێودەوڵەتی کە بووەتە هۆی کوشتن و برینداربوونی دەیان هاووڵاتی و ئاوارەبوونی هەزاران کەس.
حزبی شیوعیی کوردستان سەرکۆنەی هێرشی چەکدارانی دیمەشق بۆ سەر خەڵکی سڤیل دەکات و پێی وایە درێژەدان بەم سیاسەتە، ئایندە و چارەنووسی وڵاتەکە و ناوچەکە ڕووبەڕووی چارەنووسێکی نادیار دەکاتەوە. باشترین ڕێچارە گەڕانەوەیە بۆ ئیرادەی تەواوی پێکهاتەکان و بەرقەراربوونی دەسەڵاتێکی دیموکراسیی لامەرکەزی بە دابینکردنی مافی گەلی کورد و پێکهاتەکانی تر.
داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین بە زووترین کات ڕێگری لەم تاوانە گەورەیە بکەن. پاڵپشتیی خۆمان بۆ گەلی کورد و مافی هەموو پێکهاتەکان و پاراستنی ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان دووپات دەکەینەوە.
مەکتەبی سیاسیی
حزبی شیوعی کوردستان
٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦