
🔻جووتیارانی کەرکوک داواکارییان لە حزبەکان هەیە
🔻نابێت بەشداری لە هیچ حکومەتێکی داهاتوودا بکرێت، ئەگەر ماددەی ١٤٠ و گەڕانەوەی کەرکوک بۆ باوەشی کوردستان مەرجی یەکەم و کۆتایی نەبێت.
جووتیارانی گوندی تۆبزاوای کەرکوک لە بەیاننامەیەکدا، داوا لەو حزبانە دەکەن بۆ بەشداریکردن لە حکومەت دەچنە بەغدا،
هیچ ڕێککەوتنێک بێ مەرج واژۆ نەکەن و نابێت بەشداری لە هیچ حکومەتێکی داهاتوودا بکرێت، ئەگەر ماددەی ١٤٠ و گەڕانەوەی کەرکوک بۆ باوەشی کوردستان مەرجی یەکەم و کۆتایی نەبێت.
بەیاننامەیەک لە لایەن جوتیارانەوە بۆ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان
کەرکوک و ماددەی ١٤٠ هێڵی سوورن!
ئەمە پەیامی ئێمەی جوتیاران و دەنگی شەقامی کوردییە بۆ هەموو ئەو حیزبانەی بە ناوی کوردەوە دەچنە بەغدا:
٢٠ ساڵە بەغدا یاری بە کات دەکات و ئێوەش بە دەستکەوتی کاتی و پۆستی حکومی خەریک کراون. چیتر بێدەنگی بەرامبەر پشتگوێخستنی ماددەی ١٤٠، خیانەتە لە مێژوو، لە خوێنی شەهیدان و لە عارەقەی ئەو جوتیارانەی پارێزگاری لە خاکی خۆیان دەکەن. کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان تەنها "خاڵێک" نین لە کارنامەی سیاسی، بەڵکو ناسنامەی نەتەوەیەکن.
داواکارییەکانمان ڕوون و بێ مەرجن:
1- هیچ ڕێککەوتنێک بێ مەرج واژۆ نەکرێت: نابێت بەشداری لە هیچ حکومەتێکی داهاتوودا بکرێت، ئەگەر ماددەی ١٤٠ و گەڕانەوەی کەرکوک بۆ باوەشی کوردستان مەرجی یەکەم و کۆتایی نەبێت.
2- خشتەی کاتیی ئیجباری: پێویستە خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو و بە گەرەنتی نێودەوڵەتی بۆ جێبەجێکردنی تەواوی قۆناغەکانی ئەو ماددەیە دابنرێت.
هۆشداری کۆتایی:
بەشداریکردنتان لە حکومەتی فیدراڵی بەبێ مەرجی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، وەک "خۆبەدەستەوەدان" دەبینرێت. ئەگەر ناتوانن ئەو مافە بسەلمێنن، بایکۆتکردنی پرۆسەی سیاسی لە بەغدا زۆر شەرەفمەندانەترە لەوەی ببنە شەریک لە حکومەتێکدا کە خاکی ئێوەی داگیرکردووە و دەستووری خۆی پێشێل دەکات.
ئەوەی ئەم دەرفەتە لەدەست بدات، ڕووبەڕووی تەوژمی تووڕەیی گەل و نەفرەتی مێژوو دەبێتەوە. بەرپرسیارێتی مێژوویی و نەتەوەیی لە ئەستۆی ئێوەدایە!
نوێنەرانی جووتیارانی کەرکوک
2025/12/23
گوندی تۆپزاوە