راپۆرت/ دلێر عەلی
پاراستنی کوالێتی خۆراک و چاودێریکردنی وردی بەرواری بەکارهێنان، یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی و پاراستنی سەقامگیری کۆمەڵایەتی. لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە ناوەندە بازرگانییە گەورەکانی وەک شاری سلێمانی، پرسی خۆراکی بەسەرچوو لە چوارچێوەی "هەڵەیەکی تەکنیکی" دەرچووە و بووەتە مەترسییەکی جیدی کە نەک تەنها کاریگەری کاتی، بەڵکو لێکەوتەی درێژخایەنی لەسەر جەستەی نەوەکانی ئێستا و داهاتوو جێهێشتووە. ئەم ڕاپۆرتە بە شێوەیەکی ئەکادیمی تیشک دەخاتە سەر ڕەهەندە تەندروستی، ئابووری، یاسایییەکانی ئەم قەیرانە.
ڕەهەندی تەندروستی: ژەهرە شاراوەکان و مەرگی خاو
دکتۆر سەرباز مەحمود، پسپۆڕی بواری تەندروستی، هۆشدارییەکی توند دەدات و جەخت دەکاتەوە کە خۆراکی بەسەرچوو تەنها ماددەیەکی خراپبوو نییە، بەڵکو "ماددەیەکی کوشندەیە". کێشەی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە ئەم جۆرە خۆراکانە کۆمەڵێک گۆڕانی کیمیایی و بایۆلۆژییان تێدا ڕوودەدات کە دەبێتە هۆی دروستبوونی ژەهراویبوونی درێژخایەن.
بە وتەی ئەم پسپۆڕە، زۆربەی هاوڵاتییان دوای خواردنی ئەم جۆرە خۆراکانە دەستبەجێ هەست بە نیشانەکان ناکەن، بەڵام پاشماوەی ماددە پارێزەرە تێکچووەکان و بەکتریا زیانبەخشەکان لە ناو جەستەدا کۆدەبنەوە. ئەمەش لە مەودایەکی درێژدا دەبێتە هۆی تێکدانی سیستەمی بەرگری، پەککەوتنی ئەندامە ناوەکییەکانی وەک جگەر و گورچیلە، و زیادبوونی ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان. دکتۆر سەرباز ڕەخنەی توند لە "کەمتەرخەمی دەسەڵات" دەگرێت و ئاماژە بەوە دەکات کە بۆ شارێکی وەک سلێمانی، هەبوونی ژمارەیەکی زۆر کەم لە چاودێرانی لیژنەکانی بەدواداچوون کە لە "پەنجەکانی دەستێک" تێپەڕ ناکات، نیشانەی کارەساتێکی گەورە و بێخەمییەکی مەترسیداری دامەزراوەکانی حکومەتە بەرامبەر بە ئاسایشی تەندروستی.
ڕەهەندی ئابووری و کێشەی کۆگاکردن و قەیرانی دارایی
لە لایەکی ترەوە، کەرتی بازرگانی وەک هۆکارێکی سەرەکی لەم قەیرانەدا دەردەکەوێت. کاک نازم، خاوەن مارکێت، ڕوونی دەکاتەوە کە قەیرانی دارایی کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبووە؛ چونکە دابەزینی هێزی کڕین دەبێتە هۆی ئەوەی کاڵاکان بۆ ماوەیەکی درێژ لەسەر ڕەفەکان بمێننەوە.
جگە لە لایەنی دارایی، کێشەی لۆجستی وەک نەبوونی سیستەمی ساردکەرەوەی ستاندارد لە کۆگاکان، بەتایبەت لە وەرزی هاویندا، پرۆسەی تێکچوونی خۆراک خێرا دەکات پێش ئەوەی بەروارەکەی بەسەربچێت. گرفتێکی تری گەورە، نەبوونی هەماهەنگییە لە نێوان کۆمپانیاکانی هاوردەکردن و فرۆشیارە وردەکان؛ چونکە زۆربەی کۆمپانیاکان بەرپرسیارێتی وەرگرتنەوەی کاڵا بەسەرچووەکان ناگرنە ئەستۆ. ئەمەش وای کردووە هەندێ فرۆشیار بۆ کەمکردنەوەی زیانە داراییەکانیان، پەنا ببەنە بەر فێڵی داشکاندنی نرخ بۆ ئەو کاڵایانەی تەنها چەند ڕۆژێکیان ماوە یان بەسەرچوون، بەمەش مەترسییەکان ڕەوانەی ناو ماڵی هاوڵاتیان دەکەن.
قسەی هاوڵاتیان: لەدەستدانی متمانە و کوالێتی
هاوڵاتییان وەک بەکاربەری کۆتایی، باجی سەرەکی ئەم دۆخە دەدەن. ئامینە خان ، کە هاوڵاتییەکی ئاسای دانیشتووی شاری سلێمانیە بە خەمبارییەوە باس لە گۆڕانی جۆریی خۆراک دەکات. ئەو پێی وایە خۆراکەکانی ئێستا "تام و بۆنیان نەماوە" و وەک "تەبەدۆر" (پلاستیک) وان. ئامینە خان هەموو نەخۆشییە جەستەییەکانی خۆی و پیرەکانی تریش دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو خۆراکە ناتەندروستانەی کە بازاڕی تەنیوە، و بەراوردیان دەکات بە خۆراکی سروشتی و ساغی سەردەمی زوو کە لەشساغی پێ دەبەخشین.
لە لایەکی ترەوە، هاوڵاتی تەها سەعید ئاماژەی بە "فێڵێکی بازرگانی" کرد کە زۆربەی کۆمپانیاکان پەیڕەوی دەکەن، ئەویش نووسینی بەرواری بەسەرچوونە بە شێوەیەکی زۆر ورد و ناڕوون کە بە ئەستەم دەخوێنرێتەوە. ئەمە نیشانەی تەڵەیەکی ئەنقەستە بۆ ئەوەی بەکاربەر نەزانێت کەی خۆراکەکە دەبێتە ژەهر. تەها جەخت دەکاتەوە کە لە هەموو دنیادا تەندروستی گشتی لە پێشینەیە، بەڵام لەم هەرێمەدا هاوڵاتی هەست بەو پاراستنە ناکات.
بۆشایی یاسایی و بێدەنگیی دادوەری
لە ڕووی یاساییەوە، پارێزەر هێمن حەسەن ئاماژە بە کێشەیەکی جەوهەری دەکات کە ئەویش "لاوازی هۆشیاری یاسایی" تاکی کوردە. ئەو دەڵێت بەدرێژایی ساڵانی کارکردنی لە دادگا، کەمترین کەسی بینیوە کە بە یاسا مافی خۆی لەو کەسانە وەربگرێتەوە کە خۆراکی خراپیان پێ فرۆشتووە.
هەروەها پارێزەر هێمن ڕەخنەی توند لە "میدیای دەسەڵات" دەگرێت کە تەنها هەواڵی "دەستبەسەرداگرتنی تەنها خۆراک" وەک دەستکەوت بڵاودەکەنەوە، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ بازرگانێکی گەورە و خاوەن کۆمپانیایەک نابینین کە ڕووبەڕووی سزایەکی توندی زیندانیکردن یان دادگاییەکی ئاشکرا ببێتەوە. ئەم خەمساردییە هاوبەشەی نێوان دەسەڵات و هاوڵاتی، مەترسییەکی گەورەیە بۆ ئایندەی تەندروستی کۆمەڵگە.
ئەنجام:
خۆراکی بەسەرچوو بەرهەمی چاوچنۆکی سێستەمێکی بازرگانیە کە تێیدا قازانج لە پێش تەندروستی مرۆڤەوەیە. ئەمە مەترسیەکی کوشندەیە و سەرمایەدار و پارەدارەکان کوالێتی دەکڕن و جەستەی هەژارانیش دەبێتە زبڵدانی پاشماوەی خۆراکی بەسەرچوو. بێدەنگیی دەسەڵاتیش سەلمێنەری هاوپەیمانیی نێوان خاوەن سەرمایە و ناوەندەکانی بڕیارە لەسەر حسابی ژیانی هاوڵاتیان. کەس بەبایەخەوە هەڵوێستەی لەسەر ناکات و بوەتە مەترسی لەسەر ئایندەی ئەم وڵاتە .