
ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی لە ناو جەرگەی زیندانی چاکسازیی گەورانی هەولێرەوە وێنەیەکی تراژیدی و جەرگبڕی دۆخی سزادراوان لەم زستانە سەختەدا دەگەیەنێتە ڕای گشتی و باس لەوە دەکات کە ژوورەکان بە شێوەیەکی نائینسانی قەرەباڵغن بە جۆرێک کە هەر ژوورێکی دە کەسی زیاتر لە ٢٥ سزادراوی تێدا قەرەپەستکراوە.
ئەو دەڵێت کە لەم سەرما و بەفربارینەدا سزادراوان ناچارن لەسەر مۆکێتی ڕەق و بە تەنها دوو بەتانی شەو بگەیەننە بەیانی لە کاتێکدا هیچ ئامێرێکی گەرمکەرەوە یان هەوایەکی گەرم لە ژوورەکاندا بوونی نییە و تەنانەت ئاوی گەرمیش تەنها بۆ چەند کاتژمێرێکی کەم لە هەفتەیەکدا هەیە کە زۆرجار بەهۆی جەنجاڵییەوە زۆرینەی سزادراوان بێبەش دەبن لێی.
شێروانی ئاماژە بەوەش دەکات کە ئیدارەی زیندان نەک هەر ڕێگری دەکات لە کڕینی سۆبا و هیتەر لەسەر ئەرکی خۆیان بەڵکو ناهێڵن بەتانی لە دەرەوە بێت و تەنانەت جلی زستانیش لە کاتێکی زۆر درەنگ و لە وەرزی هاویندا دەگاتە دەستیان.
ئەم ڕۆژنامەنووسە دەستبەسەرکراوە بە تەنزێکی تاڵەوە تیشک دەخاتە سەر ئەو پارادۆکسە گەورەیەی کە لە کاتێکدا سزادراوان لە نێو زیندانەکاندا لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەشن بەڵام بەڕێوەبەری گشتی چاکسازی گەوران سەرقاڵی وەرگرتنی خەڵاتی ماندێلایە بۆ باشی دۆخی زیندانەکان کە ئەمەش نیشاندەری دابڕانێکی قووڵی نێوان بانگەشە فەرمییەکان و ئەو واقیعە تاڵەیە کە لە پشت دیوارە ساردەکانی زیندان دەگوزەرێت.