
لە ڕۆژی 10ی ئابی 2024 ، بە بەشداری 9 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە فراکسیۆنەکانی ، کەرکوک هێزو ئیرادەمانە هەروەها 3 ئەندامی عەرەبی و یەک ئەندامی کۆتای مەسیحی، کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ، لە هوتێل ڕەشیدی شاری بەغدا بەڕێوەچوو، لە کۆبونەوەکەدا حکومەتی خۆجێی کەرکوک پێکهات، هەریەک لە ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەمەد ئیبراهیم حافز، بە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک هەڵبژێردران.
بەڵام هەریەک لە فراکسیۆنەکانی پارتی و بەرەی تورکمانی و 3 ئەندامی عەرەب ، بایکۆتی دانیشتنەکەیان کردو دانیان بە کۆبونەوەکەی ئەنجومەن و حکومەتەکەدا نەناو سکاڵایان لە دادگاکانی فیدڕاڵی و ئیداری تۆمارکرد.
بە ووتەی عەرەب و بەرەی تورکمانی ڕێکەوتن لە سەر ئاڵۆگۆڕی پۆستی پارێزگار هەیە، بۆیە لەگەڵ نزیکبونەوە لە کۆتایی ساڵی 2025 و نزیکبونەوە لە ساڵی 2026 ، ئێستا چاوەکان هەموو لەسەر کەرکوکن ، ئاخۆ دوخێ کەرکوک لە ساڵی نوێ بە کوێ دەگات؟
سەلوا موفرەجی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە فراکسیۆنی تەقەدوم بە ڕێگای کوردستانی ڕاگەیاند،پێش پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی لە کەرکوک، سەرکردە سیاسیەکان لە بەغدا لەسەر ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگار ڕێکەوتون، ڕێکەوتنەکەش جێبەجێ دەکرێت، بەڵام جێبەجێکردنەکە کاتی دەوێت.
ووتیشی جارێ نازانرێت پۆستەکە عەرەب وەری دەگرێت یان تورکمان.
هاوکات ئەحمەد ڕەمزی ، ئەندامی ئەنجومەن لە فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی ، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕێگای کوردستان ووتی، ئەو پرسە، پەیوەندی بەڕێکەوتنی نێوان برایانی عەرەب و کوردەوە هەیە،بەڵام بەپێی لێدوانەکان بێت ، ڕێکەوتنی سیاسی هەیە، بەپێی ڕێکەوتنەکە، وەک باس دەکرێت پێویستە لە 1/1/2026، ئاڵۆگۆڕی ئەو پۆستە بکرێت، ئەگەر ڕێکەوتنەکە جێبەجێ بکرێت.
سەبارەت بە پێداگری لایەنە عەرەبی و تورکمانیەکان ، بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، عەبدوڵا میروەیس ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، لە فراکسیۆنی کەرکوک هێزو ئیرادەمانە بەڕێگای کوردستانی ووت، ئێمە لە ئەنجومەن فڕاکسیۆنێکی بەهێزین، ئەو پرسەش پێویستی بە کۆدەنگی هەیە، ئەگەر کۆ دەنگی لەسەر نەبێت، هەروا ئاسان نییە،بەڵام ئەو پرسە دەگەڕێتەوە بۆ سەرکردە سیاسیەکان، کە ڕێکەوتنیان لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک کردووە.
بۆ هەمان پرس ڕێگای کوردستان پەیوەندی بە مامۆستا حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کرد، بەڵام مامۆستا حەسەن مەجید ڕایگەیاند، ئەوان بڕیاریانداوە هیچ لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی لەمەڕ ئەو پرسە ناەن.
لە ئێستادا چاوەکان لەسەر 1/1/2026ی داهاتووە، دۆخی پارێزگای کەرکوک بەکوێ دەگات و ئەو گۆڕانکاریە ئیداریەی هەندێ لایەن بانگەشەی ڕوودانی بۆ دەکەن، ڕوو دەدات، یاخود بە ئەنجامدانی ڕێکەوتنێکی نوێ کۆتایی بە هەموو ئەو بانگەشەو لێدوانانە دەهێندرێت.