
ماوەی دوو ساڵە سوپای عێراق ژمارەیەک خانوو و ماڵی هاووڵاتیانی کوردی لە گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکوک داگیرکردووەو ئامادە نییە چۆڵیان بکات،
دوو ساڵیشە هاووڵاتیانی ئەو گەڕەکە خێمەیان هەڵداوەو مانگرتنیان لەدژی ئەو ڕەفتارەی سوپا ڕاگەیاندووە.
فەرهاد مەحمود نوێنەری دانیشتوانی گەڕەکی نەورۆز، بە ڕێگای کوردستانی ڕاگەیاند، دوو ساڵە سوپای عێراق خانوو و ماڵی پێنچ هاووڵاتی کوردی گەڕەکی نەورۆزی داگیر کردووەو ئامادە نییە چۆڵی بکات.
ڕونیشیکردەوە،خانووەکانی گەڕەکی نەورۆز هیچ پەیوەندیان بە سوپاو وەزارەتی بەرگریەوە نییە، بەڵکو بەشێکیان سەر بە شارەوانی و کشتوکاڵەوە هەیە و بەشێکی بەشێکی تریان مووڵکی هاووڵاتی مەدەنیە.
فەرهاد مەحمود ئاماژەی پێکرد، لە ڕێگەی بەرپرسانی کورد لە بەغداو ئیدارەی کەرکوک هەوڵی زۆریانداوە، کێشەکەیان چارەسەر بکرێت و سوپا ئەو ماڵانە چۆڵ بکات بەڵام تا ئێستا ئامادە نییە چۆڵیان بکات.
ووتیشی داوامانکردووە بەپێی یاسا ئەو خانوانەمان بۆ تاپۆ بکەن بەڵام وەڵاممان نادرێتەوە
ژمارەی خانووەکانی گەڕەکی نەورۆز ٢٠٠ خاووە، دانیشتوانەکەی پێکهاتەی کورد و خەڵکی ڕەسەنی شارەکەن، بە هۆی ئەوەی لە دژی ڕژێمی بەعس بوون، لە سەردەمی حوکمڕانی بەعس ڕاگوێزراون بۆ هەولێر و سلێمانی، لە دوای ڕوخانی بەعس گەڕاونەتەوە بۆ کەرکووک، لەو خانووانە نیشتەجێبوونە