
کێشەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبای نیشتیمانیی چەمچەماڵ بەردەوامیان هەیە و بە چارەسەر نەکراوی ماونەتەوە.
بەپێی زانیاریەکان لەم وەرزی زستانەدا هاووڵاتیانی چەمچەماڵ بەدەست نەبوونی ئاوی خواردنەوەوە و کەمی کارەبای نیشتیمانیەوە دەناڵێنن.
هەر بەپێی زانیاریەکان سەرجەم گەڕەکەکانی ئەو شارە کێشەی نەبوونی ئاوی خواردنەوەیان هەیە، بەڵام گەڕەک هەیە کێشەی ئاوی خواردنەوەی زیاترەو ماوەی 17 ڕۆژە ئاویان پێنەگەیشتووە.
جگە لە کێشەی ئاوی خواردنەوە، ماوەی چەند ڕۆژێکیشە کارەبای نیشتیمانیی شارەکە کەم بووەتەوەو کێشەی بۆ خەڵک بە گشتی و کاسبکاران و قوتابیان بەتایبەتی درووست کردووە.
هاووڵاتیان لەم دۆخە نیگەرانن و هۆشداری بە دەسەڵات دەدەن لە ئەگەری بەردەوامی کێشەکان.
لە چەمچەماڵ وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبای هەیەو ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بەسەرچاوەی سروشتی و کێڵگەی گازی کۆرمۆر کەوتۆتە سنورەکەیەوە و لەم دوایانەش چاڵە نەوتی نوێ لە نزیکە شارەکە دۆزرایەوە، بەڵام لە ڕووی خزمەتگوزاریەوە، ناوچەیەکی بێ خزمەتە و چەندین ساڵە بەدەست کۆمەڵێک کێشەوە گێرۆدەن، لەوانە کێشەی ئاو کە دەیان جار کار بەدەستانی دەسەڵات بەڵێنیان داوە ئاوی گۆپتەپە بگەیەنن بە چەمچەماڵ و بوودجەی بۆ تەرخان کراوە، کەچی هیچ بەڵێنێکیان جێبەجێ نەکراوەو کێشەکانیش بێ چارەسەر ماونەتەوە.