
🔻پارتی: بەپێی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان پۆستی سەرۆک کۆمار مافی ئێمەیە
🔻یەکێتی: پۆستی سەرۆک کۆمار مافی ئێمە و پەیامەکەمان ڕونە
🔻 پارتی سۆسیال دیموکرات: محەمەد حاجی مەحمود کەسێکی زۆر گونجاوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار
هەرچەندە لایەنە شیعەکان لە چوارچێوەی یەک تیمی سیاسی و لە ژێر ناوی چوار چێوەی هەماهەنگی و لایەنە سوننیەکان بە هەمان شێوە لە چوار چێوەی ئەنجومەنی سیاسی نشتیمانی خۆیان کۆ کردووەتەوەو بۆ یەکلایکردنەوەی پشک و پۆستە بەرکەوتەکانیان لە نێوانشاندا، پۆستەکانی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی حکومەت، لە گفتوگۆی بەردەوامدان، بەڵام بە پێچەوانەوە لایەنە کوردیەکان هەریەک لە ئاوازێک دەخوێنن.
پارتی و یەکێتی کە لەسەر ئاستی حزبە کوردستانیەکان زۆرترین کورسی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە، ئێستا خۆیان لە گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بە دوور گرتووەو ململانیەکانی نێوانیان گواستووەتەوە، بۆ بەغداو هەریەک بەجیا بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتووی عێراق سەردانی بەغدا دەکەن.
سەرەتای ئەم مانگە قوباد تاڵەبانی بە سەرۆکایەتی شاندێکی یەکێتی و هەفتەی ڕابردووش شاندێکی دیکە بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی ئەو حزبە سەردانی بەغدایان کرد، لە ئێستاشدا شاندێکی پارتی بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی لە بەغدایە.
هەردوولا ئامادەن بەشداری لە حکومەتی داهاتووی عێراق بکەن، بەڵام چاویان لە پشک و پۆستی زیاتر هەیە بۆ خۆیان، هەردوولاش چاویان لە پۆستی سەرۆکی کۆمارە، هەریەکەشیان ئەو پۆستە بە مافی خۆیان دەزانن و سازیشیش بۆ یەکتری ناکەن.
فارس عیسا ئەندامی شاندی پارتی لە بەغدا، ڕایگەیاند، پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە، بەڵام بە پێی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان ئەو پۆستە مافی پارتییە
بەڵام لە بەرانبەر ئەم لێدوانەی پارتی، سەرکەوت زەکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕایگەیاند، پۆستی سەرۆک کۆمار ، پشکی یەکێتیە و پەیامەکەشمان ڕون و ئاشکرایە.
لەلایەکی ترەوە، فەرهاد تۆفیق، وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، بە کەناڵی جەماوەری زمانحاڵی پارتەکەی ڕاگەیاند، کە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق مافی کوردەو بەڕێز کاک محەمەد حاجی مەحمود کەسێکی زۆر گونجاوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ، ووتیشی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لەناو کوردا ململانێی توندی لەسەر نییە.