ڕاپۆرت- رێگای کوردستان

لە کاتێکدا دۆخی دارایی و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتر دەچێت و دواکەوتنی مووچە بووەتە نەریتێکی مانگانە، دیمەنێکی نامۆ باڵی بەسەر هەرێمدا کێشاوە، ئەویش بێدەنگییەکی گشتییە کە هەموو لایەکى گرتووەتەوە.

سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە 37 ڕۆژ بەسەر دابەشکردنی مووچەی مانگی ڕابردوو، هەروەها فەوتانی دوو مووچەی مانگەکانی 11و 12ی ساڵی 2025 ، کەچی تا ئێستا دەسەڵاتدارانی هەرێم ئامادەنین بڕی 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ ڕەوانەی بەغدا بکەن، کە مەرجی خەرجکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێمە.

ئەم بێباکییەی دەسەڵات وایکردووە کە هاووڵاتییان هەست بکەن ئەم دەسەڵاتە بەتەواوی لە ئازارەکانیان دابڕاوە.

بە بۆچونی چاودێران، حکومەت چیتر ترسی لە کاردانەوەی شەقام نییە و دواخستنی مووچەی کردووە بە بەشێک لە سیاسەتی بەڕێوەبردن، بێ ئەوەی گوێ بەوە بدات کە بازاڕ تووشی شەلەل بووە و خەڵک کەوتووەتە ژێر بارێکی قورسی ژیانەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ئەوەی جێگەی سەرنجە هەڵوێستی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنە، ئەو هێزانەی کە ساڵانی ڕابردوو لەسەر بچووکترین کێشە شەقامیان دەجوڵاند، ئێستا لە ئاست بڕینی سەرچاوەی بژێوی خەڵکدا بێدەنگییان هەڵبژاردووە.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە بێدەنگی ئۆپۆزسیۆن دوو هۆکاری هەیە: یان ئەوەتا ئەوانیش بەشێکن لە ڕێککەوتنە ژێربەژێرەکان، یان تووشی جۆرێک لە ئیفلیجی سیاسی بوونە و توانای جوڵاندنی شەقامیان نەماوە، ئەمەش وایکردووە هاووڵاتی هەست بە بێ پشتیوانی بکات.

سەیرترین بەشی ئەم هاوکێشەیە، دۆخی شەقام و خەڵکە. بازاڕەکان چۆڵن، گیرفانەکان بەتاڵن، بەڵام دەنگێک بۆ ناڕەزایەتی بەرز نابێتەوە.

توێژەرانی کۆمەڵایەتی ئەم دۆخە بە بێدەنگییەکی ترسناک ناو دەبەن و ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم کپبوونی شەقامە نیشانەی ڕازیبوون نییە، بەڵکو نیشانەی لوتکەی بێهیواییە، خەڵک گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە نە دەسەڵات گوێیان لێ دەگرێت و نە ئۆپۆزسیۆن ڕاستگۆیە لەگەڵیان، بۆیە جۆرێک لە خۆبەدەستەوەدان بەسەر دەرونی کۆمەڵگادا زاڵ بووە.

لە نێوان حکومەتێکدا کە خەمی نییە، ئۆپۆزسیۆنێکدا کە بوێریی نییە و شەقامێکدا کە هیوای نییە، مووچەخۆرانی هەرێم بوونەتە قوربانی سەرەکی و چارەنوسی بژێوییان کەوتووەتە تونێلێکی تاریکەوە کە کۆتاییەکەی دیار نییە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا