دکتۆرە وەهبیە شەوکەت ئازادیخواز و داکۆکیکاری مافی ئافرەتان و پزیشک و ئەدیب و نووسەری  ژن و تێکۆشەرێکی ماندوو نەناس نوسەری ٣٧ کتێب کە ١٧ یان چاپکراون، لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.

سەرەقەڵەمێک لە ژیان و تێکۆشانی دکتۆرە وەهبیە شەوکەت

ناوی تەواوی وەهبیە شەوكەت محەمەدە، لە ١٤-٢-١٩٤٤ لە شارۆچكەی دوزخورماتوو لەدایك بووە، باوكی لە بنەڕەتدا خەڵكی شاری سلێمانی بووە و دایكی خەڵكی كفری بووە. 

بەهۆی وەزیفە و فەرمانبەریەتی باوكی چەند ساڵێک لە شارۆچكەی دوزخورماتوو نیشتەجێ بووە و پاشان بە ماڵ و منداڵەوە گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی.

دكتۆرە وهبیە بە زیرەكی و لێهاتوویی هەموو قۆناغەكانی قوتابخانە و زانکۆی بەسەركەوتوویی بڕیوە.

دکتۆرە وەهبیە شەوکەت  لەتەمەنی ١٦ ساڵیدا بووەتە ئەندامی حیزبی شیوعی عێراق زۆرترین كار و چالاكی و تەمەنی بۆ كۆمەڵەی ئافرەتان و حزبی شیوعی تەرخان دەکات. 

بەهۆی هەڵوێست و چالاکیی سیاسی لە ساڵی ١٩٦٤ لەلایەن بەعسی و قەومیە کودەتاچیەکان لە خوێندنی ئامادەیی دەردەکرێت و دواتر درێژە بە خوێندن دەدات.

لە دوا قۆناغی ئامادەیی لەسەر ئاستی پەروەردەی سلێمانی پلەی یەکەم بەدەست دەهێنێت.

لە ساڵی ١٩٦٦ لەسەر بڕیار و بە هاوکاری حزب بۆ خوێندن لە کۆلێژی پزیشکی - بەشی دەروونناسی دەچێتە مۆسکۆ و لە ساڵی ١٩٧٣كۆلیژ تەواو دەكات.

 بۆ درێژەدان بە خوێندن دەچێتە بەریتانیا لەوێ راهێنانی پزیشكی تەواو دەکات و لە ساڵی ١٩٧٩ دەگەڕێتەوە كوردستان.

هەموو تەمەنی خۆی بۆ ئەدەب و نووسین و خزمەتکردنی خەڵک لە بواری تەندروستی تەرخان دەکات.

دكتۆرە وەهبیە شەوکەت جگە لە زمانی كوردی، زمانەکانی عەرەبی و روسی و توركی و ئینگلیزی و فەرەنسی بەتەواوی شارەزا بووە.

 چەندین كتێبی لە زمانی روسیەوە وەرگێراوەتە سەر زمانی عەرەبی، کۆی بەرهەمەکانی 37 پەرتوكە و تەنها 17 یان چاپكراون.

بەرهەمەکانی لە بواری تەندروستی دەروونی و ڕۆمان و شانۆگەری و کورتە چیرۆك و وەرگێڕان بووە.

 لە ساڵی ١٩٩٤ وتارێکی ڕەخنەگرانە لە دژی شەڕی ناوخۆیی و گەندەڵی و بە فیڕۆدانی داهات و سامانی کوردستان و بەرتەسک کردنەوەی ئازادی ڕا دەربڕین بڵاودەکاتەوەو دووچاری هەڕەشە لێکردن دەبێتەوەو بە ناچاری وڵات بەجێ دەهێڵێـت و سەرەتا دەچێتە سوریا و پاشان لە کەنەدا نیشتەجێ دەبێت. 

لە ساڵی ٢٠٠٤ بە یەکجاری دەگەڕێـتەوە كوردستان و درێژە بە كاری پزیشكی دەدات.

 بۆ ماوەی ٨ ساڵ بوو تووشی نەخۆشی هاتبوو بەڵام هەر کۆڵی نەدا و بە یەک دەست کاری دەکرد.

لەبارەی ئاوڕنەدانەوە لە توانا و مێژووی تێکۆشانی بە هۆی هەڵوێستی سەرکەشانە و ملکەچ نەبوون بۆ دەسەڵات، فەرامۆش کرابوو، وەکوو خۆی وتوویەتی نەک میللەتەکەم تەنانەت خەڵکی شارەکەشم نامناسنەوە.

دكتۆرە وەهبیە شەوکەت لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا و لە ڕۆژی ٢٥-١٢-٢٠٢٥ لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا