
لە میانەی چاوپێکەوتنێکی ڕاستەوخۆی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی ئاسمانی (AVA)، سەباح نەعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ڕووبەڕووی چەند پرسیارێک بووەوە سەبارەت بە هەنگاو و ئاڕاستەی داهاتووی هێزە سەربازییەکان، بەڵام پێش وەڵامدانەوەی پرسیارێکی هەستیار، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە پچڕا.
سەرەتا بێژەری کەناڵەکە پرسیاری لە سەباح نەعمان کرد کە دوای ناوچەی "جورف سەخر"، هێزەکان بەنیازی کوێن؟ بەڵام وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان خۆی لە وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆی ئەو پرسیارە بەدوور گرت.
دواتر بێژەر پرسیارێکی دیکەی ئاڕاستە کرد و ئاماژەی بەوە دا کە دەنگۆیەک هەیە گوایە دوای جورف سەخر، هێزەکان بەنیازن ڕووبکەنە هەرێمی کوردستان؟ بەڵام هێشتا پرسیارەکەی پێشکەشکار تەواو نەببوو، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە لەگەڵ وتەبێژەکەدا پچڕا.
هەرچەندە هەوڵێکی زۆردرا، پەیوەندیەکە وەربگرنەوە، بەڵام وتەبێژەکە نەهاتەوە سەر هێڵ و خۆی لە هەر وەڵامێکی ئەو پرسیارە بەدوور گرت.
