
ڕێگای كوردستان
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی كردەوە كە پرسی كردنەوەی گەرووی هورمز ناخرێتە بەرباس تاكو سەرجەم مەرجەكانی وڵاتەكەی بەدی نەهێنرێن، هاوكات ئامادەیی تارانیشی بۆ دیالۆگ و بەرگریكردن لە خۆی نیشاندا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵی «فارس»ی ئێرانی، عێراقچی لە پەراوێزی بەشداریكردنی لە ئاهەنگی ڕۆژی نیشتمانیی عومان لە تاران ڕایگەیاند: «تاكو مەرجەكانی ئێران جێبەجێ نەكرێن، پرسی كردنەوەی گەرووی هورمز هیچ مانایەكی نابێت و مەحاڵە. ئێمە بەردەوام ئامادەیی خۆمان بۆ دیالۆگ دەربڕیوە، بەڵام لە هەمان كاتدا بە تەواوی ئامادەین بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێك و بەرگریكردن لە سەروەریی خۆمان». ناوبراو گەمارۆكانی سەر وڵاتەكەشی بە «تەواو نایاسایی» ناوبرد و هیوای خواست لە ڕێگەی عەقڵانییەوە هەڵبگیرێن.
سەبارەت بە سەردانی شاندی نێوەندگیری قەتەر بۆ تاران، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕوونیكردەوە كە هاتوچۆی نێوەندگیرەكان لە نێوان تاران و واشنتن كارێكی ئاساییە و بەردەوام پێشنیار و بیرۆكەی نوێ دەگوازنەوە؛ داواشی كرد دەرفەت بدرێتە دانوستانەكانی ناوچەكە تاوەكو كێشەكان بە شێوازی دیپلۆماسی چارەسەر بكرێن.
ئەم لێدوانانە لە كاتێكدایە كە ئاڵۆزییەكانی گەرووی هورمز بەردەوامن؛ تاران وەك مەرجی ڕێككەوتن داوای هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئەمریكا، ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكان و ڕاگرتنی سزای سەر نەوت دەكات. لە بەرامبەریشدا، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە واشنتن لە ڕێگەی هێزی دەریایی و نێوەندگیریی دەوحەوە فشارەكانی چڕكردووەتەوە تاكو ئێران ناچار بكات هاتوچۆی كەشتییە نەوتهەڵگرەكان لەو گەرووەدا ئاسایی بكاتەوە.
