
ڕیێگای كوردستان
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، کۆمەڵێک تەوەر و لێدوانی نوێی سەبارەت بە ئێران، دۆخی گەرووی هورمز، نرخی نەوت و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا و چین خستەڕوو.
گرنگترین قسەکانی ترەمپ:
• ڕێککەوتن لەگەڵ تاران: ترەمپ ڕایگەیاند کە ئێران خوازیاری ڕێککەوتنە، بەڵام ئامادە نییە ئەو ڕێککەوتنە واژۆ بکات کە بە لای ئەوەوە پەسەند بێت، و جەختی کردەوە کە واشنتۆن دەیەوێت بگاتە "ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینە".
• دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران: سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە لەگەڵ هەریەکە لە ڤلادیمێر پووتن، سەرۆکی ڕووسیا، و شی جینپینگ، سەرۆکی چین، هاوڕان لەسەر ئەوەی نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و هەرگیز جەنگی ئەتۆمی ڕوونەدات.
• گەرووی هورمز و نرخی نەوت: ترەمپ ڕوونی کردەوە کە هێزی دەریایی و سوپای ئەمریکا گەمارۆیان خستووەتە سەر گەرووی هورمز و کۆنترۆڵی تەواویان بەسەریدا هەیە. ئاماژەشی بەوە دا کە هەفتەی ڕابردوو بڕێکی پێوانەیی نەوت لە گەرووەکەوە ڕەوانە کراوە و پێشبینی کرد نرخی نەوت بەرەو ٨٠ دۆلار دابەزێت.
• پەیوەندی لەگەڵ ڕووسیا و چین و هاوسەنگیی ئەتۆمی: لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ باسی لە بوونی پەیوەندیی باش لەگەڵ سەرۆکانی ڕووسیا و چین کرد و وتی کە ڕووسیا لانیکەم ٣,٠٠٠ چەکی ئەتۆمیی هەیە و ئەمریکاش کەمێک زیاتر لەو ژمارەیەی هەیە. هەروەها پێشبینی کرد ئەو جەنگەی ڕووسیا پێنج ساڵە تێیدا بەردەوامە، کۆتایی پێ بێت.
