
ڕێگای كوردستان
بەپێی ڕەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٧، پشکی هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە ١٢ تریلیۆن و ٨٥٩ ملیار دینار خەمڵێنراوە، بەڵام ناردنی ئەو بڕە پارەیە بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی حەوت مەرج و پابەندیی توندی دارایی و نەوتییەوە.
وردەکاریی ژمارەیی پشکی هەرێم: بەگوێرەی کۆپییەکی ڕەشنووسەکە کە دەست ڕۆژنامەی "ئەلمەدا" کەوتووە، ڕێژەی پشکی هەرێم بە ١٢.٧٪ لە خەرجیی فیعلی دیاریکراوە و بەم شێوەیە دابەش کراوە:
• کۆی گشتیی پشکی هەرێم: ١٢ تریلیۆن و ٨٥٩ ملیار دینار.
• خەرجیی بەگەڕخستن و مووچە: ١٢ تریلیۆن و ٣٥٨ ملیار دینار.
• خەرجیی وەبەرهێنان: ٥٠١ ملیار دینار.
حەوت مەرج و پابەندییە سەرەکییەکەی ماددەی ١٠: ڕەشنووسەکە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کردووەتە مەرج بە جێبەجێکردنی ئەم پابەندییانە: ١. ڕادەستکردنی نەوت: هەناردەکردنی لانیکەم ٤٤٥ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە ڕێگەی کۆمپانیای "سۆمۆ"وە بۆ بەندەری جەیهان، یان بەکارهێنانی بۆ پێداویستیی ناوخۆیی. ٢. داهاتی نانەوتی و گاز: ڕادەستکردنی تەواوی داهاتە نانەوتییەکان و گازی زیادە بە حکومەتی فیدراڵ. ٣. قەدەغەکردنی گرێبەستی سەربەخۆ: هەرێم بۆی نییە هیچ گرێبەستێکی نەوت و گاز بەبێ ڕەزامەندیی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ ئەنجام بدات. ٤. یەکلاکردنەوەی شایستە کۆنەکان: چارەسەرکردن و پاکتاوکردنی شایستە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ساڵانی (٢٠٠٤ - ٢٠٢٦) کە بڕەکەی ٩ تریلیۆن و ٣٢٩ ملیار دینارە، لە ماوەی ٧ ساڵدا. ٥. دانەوەی قەرزەکان بە قیست: خشتەبەندکردنی قەرزەکانی هەرێم (کە ٣ تریلیۆن و ٤٤٦ ملیار دینارە بۆ بانکی بازرگانیی عێراق و بانکەکانی دیکە) و بڕینی مانگانەی لە پشکی هەرێم لە سەرەتای ٢٠٢٧ـەوە بۆ ماوەی ٧ ساڵ. ٦. وردبینیی وەرزی: هەموو سێ مانگ جارێک وردبینی بۆ داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی هەرێم دەکرێت. ٧. بەردەوامیی تەمویل: جێبەجێکردنی تەواوی ئەم مەرجانە بنەمای سەرەکییە بۆ ناردنی پارەی مانگانە.
پاشخان و لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان: لە کاتێکدا ڕەشنووسی بودجەکە ئەم مەرجە توندانەی تێدا جێگیر کراوە، سەرەتای ئەم مانگە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند کە گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ مسۆگەرکردن و بەردەوامیی مووچەی فەرمانبەران و مامەڵەکردن لەگەڵ بودجەی کوردستان وەک "یەک هەرێم"، ئاماژەی بەوەش کردبوو کە بەرپرسانی بەغدا بەڵێنی بەردەوامیی ناردنی مووچەیان داوە.
