
لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڤۆڵۆدمیر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ڕەخنەی توندی لە هەڵوێست و سیاسەتەکانی کۆشکی سپی گرت و ڕایگەیاند، سیاسەتەکانی دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، وەک خیانەتێک بەرامبەر بە گەلی ئۆکرانیا دەبینێت و پێیوایە لە ڕووی مێژووییەوە لە بەرەیەکی هەڵەدا وەستاوە.
زلێنسکی جەختی لەوە کردەوە، سەرەڕای توندبوونەوەی فشاری سیاسی و دیپلۆماسییەکانی واشنتن و کەمکردنەوەی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ناچارکردنی کیێڤ بە سازشکردن، بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری دەسەڵات نابێت و لەژێر کاریگەری و فشاری توندی بەرپرسانی ئەمەریکادا دەستلەکارناکێشێتەوە.
ئەم گرژییە دیپلۆماسییە نوێیانە لە کاتێکدا دێن کە واشنتن هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ مۆسکۆ چڕکردووەتەوە، ئەوەش نیگەرانیی قوڵی لای بەرپرسانی ئۆکرانیا دروستکردووە.
شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، کە لە ساڵی 2022ـەوە بەردەوامە، بەهۆی گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا و مەرجەکانی واشنتنەوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، گەیشتووەتە قۆناغێکی چارەنووسساز و ناکۆکیی قوڵی خستووەتە نێوان کیێڤ و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی.
