نووسینی: مەلا ئیدریس ژاڵەیی


کاتێک مرۆڤ دەیەوێت خوێنی هاو مرۆڤێکی خۆی بڕێژێت چۆن قەناعەت بە خۆی دەهێنێت کە کارەکەی ڕەوایە؟
بێگومان بیانوو بۆ خۆی دەهێنێتەوە !
مرۆڤی شەڕانگێز و توندڕەو پێش ئەوەی شمشێر هەڵبگرێت بیانوو هەڵدەگرێت و وشەیەک دروست دەکات ،  پێش ئەوەی بەرامبەرەکەی بکوژێت ناوێکیشی لێ دەنێت و پێش ئەوەی مافی ژیانی  لێبسێنێتەوە لە ناخی خۆیدا مافی مرۆڤبوونی لێ دەسێنێتەوە .
جارێک بە ناوی  کافر، جارێک مولحید، جارێک بێ‌ئیمان و جارێک خائین، جارێک بە نەبوونی هەستی نیشتمان پەروەری و  جارێکی دیکە دوژمنی ئایین و نەتەوە ! کاتێک ئەم تۆمەت و ناونانانە لە جێگەی پێکەوە دانیشتن و گفتوگۆ و هێناوەی بەڵگە مرۆڤ لە مرۆڤایەتیی خۆی دادەبڕێت ئیتر تەنها ڕێگە کوشتنە و  دەکرێتە "ئەرک" ! لێرەوە توندوتیژی دەکرێتە "جهاد" و خوێنڕشتن دەکرێتە خزمەت کردن بە خودا !
ئەم هاوکێشەیە هەتا ئێستە یەکێکە لە گەورەترین مەترسییەکانی مێژووی مرۆڤایەتی .
ئایین بۆ ژیانی مرۆڤە، نەک بۆ لەناو بردنی، بۆ ڕێز و گەورەیی مرۆڤە نەک بۆ تێکشکاندنی، بۆ ئازادی ئاینداری و مسۆگەرکردنی مافەکانیەتی نەک بۆ داگیرکاری و ڕوخاندنی پەرستگاکان ! بۆ پارێزگاری لە ماڵ و سامانی مرۆڤە نەک بۆ تاڵانکردنی ! دابینکردنی ژیانێکی شیاو بۆ نەوەکانی نەک بۆ بنبڕکردنی وەچە و ڕەگەزەکان .
ئاینی ئیسلامیش لە ناوەڕۆکی خۆیدا پەیامی ژیان و دادپەروەری و ڕەحمەت و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤی هەڵگرتووە،
قورئانی پیرۆز دەفەرموێت:
«مَن قَتَلَ نَفْسًا بِغَيْرِ نَفْسٍ أَوْ فَسَادٍ فِي الْأَرْضِ فَكَأَنَّمَا قَتَلَ النَّاسَ جَمِيعًا»
ئەگەر کوشتنی یەک مرۆڤ بە ناحەق لە ڕوانگەی قورئانەوە یەکسان بێت بە کوشتنی هەموو مرۆڤایەتی ، ئەوا چۆن دەکرێت کۆمەڵێک مرۆڤ بە ناوی ئیسلام و خودا و ئیمانەوە بکوژرێن؟
ئەوەی کێشەکە ئاڵۆزتر دەکات ئەوەیە کە لە مێژوودا هەندێک جار خەڵک نەک تەنها بە ناوی ئایین  بەڵکو بە ناوی پارێزگاریکردن لە  ئایین دەکوژرێن! ئەمەش ئەو کاتەیە کە ئایین خۆی نابێتە هۆکاری توندوتیژی! بەڵکو بە دەستی مرۆڤەکان دەکرێتە ئامرازێک بۆ ڕەواییدان بە کوشتن و توندوتیژی.
جیاوازییەکە زۆر گەورەیە.
نابێت تاوانی موسڵمانێک بخرێتە ئەستۆی ئاینی ئیسلام هەروەها ناشبێت تاوانی گروپێکی ئیسلامی بخرێتە ئەستۆی هەموو موسڵمانانەوە.
ئیسلام شتێکە و ئەوەی موسڵمانان لە مێژوودا کردوویانە شتێکی دیکەیە، ئایین دەبێت بە سەرچاوەکانی خۆی بناسرێتەوە و خوێندنەوەی بۆ بکرێت نەک تەنها بە کردارەکانی ئەوانەی ناوی ئیسلامیان لەسەر خۆیان داناوە.
مێژووی جیهان پڕە لە خوێنڕشتن! بەڵام نابێت خوێن بکەینە مێژووی مرۆڤایەتی !
لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە تا سەردەمی نوێ مرۆڤایەتی شاهیدی جەنگە زۆرەکان بووە :جەنگی ئایینی، مەزهەبی، نەتەوەیی، سیاسی و ئابووری و هەر جارێک لایەنێک خۆی بە خاوەنی ڕاستی زانیوە و بەرامبەرەکەی بە ناڕاست و دوژمنی خودا و نیشتمان ناساندووە!
 هەندێک جار  کەنیسە و کەنیشتەکان سووتێنراون، کتێبخانەکان وێران کراون، زانایان بە تاوانی بیرکردنەوە سزا دراون و مرۆڤ بە ناوی خوداوە کوژراوە! لە جیهانی ئیسلامیشدا شەڕ و ناکۆکییە مەزهەبی و سیاسییەکان جارێک و دوو جار نەبوون! بەڵکو لە ماوەی مێژووی ئیسلامیدا خوێنی زۆر ڕژاوە و شارستانییەتی زۆریش وێران کراوە و هەوڵ و دەسمایە زانستیەکان زیانی زۆریان پێگەیەنراوە !
لە سەردەمی نوێشدا دوو جەنگی گەورەی جیهانی، شەڕە ناوخۆییەکان، ئیسائیل و فەلەستین و عەرەبەکان، جەنگی ئێران و ئێراق، ڕووسیا و ئۆکراین، ئەمەریکا و ئێران، ملمێلانێیە سیاسی و ناوچەییەکان و هەزاران تراژیدیی دیکەمان بینیوە.
بێگومان لە پشت زۆربەی ئەم جەنگانەوە تەنها ئایین نەبووە، هەندێک جار: دەسەڵات، خاک، سامانی سروشتی، ژێۆپۆلێتیک، ناسنامە، ئابووری و بەرژەوەندییە سیاسییەکانیش کاریگەریی گەورەیان هەبووە.
بۆیە هەروەک چۆن نابێت هەموو جەنگەکان بە ناوی ئاینەوە بناسرێت بە هیچ شێوەیەکیش نابێت هیچ جەنگێک بە ناوی ئایینەوە ڕەوایەتی پێبدرێت.
مەترسییەکی گەورە کە ئەمڕۆ بە تایبەتی لە کۆمەڵگە موسڵمانەکاندا پێویستی بە ئاگاداریی و وریایی زۆر هەیە، ئەوەیە کە هەندێک کەس و گروپ هەوڵ دەدەن جیاوازیە سیاسیەکان بکەنە جیاوازیی ئایینی!
بۆ نمونە: من موسڵمانم، تۆ کە لەگەڵ من نیت، کەواتە تۆ بێئیمانیت !
لێرەوەمەترسییەکە دەست پێدەکات چونکە کاتێک کێبڕکێی سیاسی دەگۆڕدرێت بۆ کێبڕکێی ئیمان و کوفر، دەرگای گفتوگۆ دادەخرێت ،
ئەگەر دوو حیزب لەسەر پلانی ئابووری، گەندەڵی، خزمەتگوزاری، دادپەروەری و بەڕێوەبردنی وڵات کێبڕکێ بکەن، کێبڕکێیەکی سروشتییە، بەڵام ئەگەر یەکێک بڵێت:
من نوێژ دەکەم بۆیە من لە تۆ موسڵمانترم ، تۆ لەگەڵ من نیت کەواتە تۆ لە ئیسلام دەرچوویت !
لێرەوە چیتر کێبڕکێکە سیاسی نییە! ئەوە دەستپێکی مەترسییەکی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییە!
تەکفیر وشەیەکە کلیلی دەرگای خوێنڕشتنە ،لە فیقهو عەقیدەی ئیسلامیدا تەکفیر شتێکی سادە و یارییەکی زمان نییە! کافرکردنی موسڵمانێک بە وشەیەک، هەموو کەسێک مافی ئەوەی نییە بەکاری بهێنێت ! زانایانی ئیسلام بە درێژایی مێژوو ئاگادارییان داوە کە حوکم بە کوفر لەسەر کەسێکی دیاریکراو پێویستی بە زانست و  بەڵگە و مەرج و ڕێوشوێنی زۆر هەیە، جگە لەوەش کافربوون جۆری هەیە و هەموو کافرێک شایانی خوێنڕشتن نیە و شەڕکردن لەگەڵ کافر لەبەر کافربوونەکەی نیە !
بەڵام کاتێک "تەکفیر" دەبێتە ئامرازێکی بانگەشەی سیاسی، ئەوا لە توانایدایە ببێتە پلەی یەکەم بۆ هەموو شتێکی دیکە:
تکفیر = ڕق = کینە = ڕەواییدان بە توندوتیژی = داگیرکاری=هەتککردن= خوێنڕشتن = کاولکاری.
ئەرکی ئەخلاقی و ئاینی مرۆڤایەتیە ئەم هاوکێشەیە لە سەرەتادا بوەستێنێت، چونکە مرۆڤ کاتێک بە تەواوی مرۆڤایەتیی لە بەرامبەرەکەی دادەڕنێت، ئەوا دژایەتییەکەی لە بیرۆکە و بیردۆزەوە  دەگۆڕێت بۆ ڕق و کینە ئیتر لە کینەوە دەگاتە کردار.
ناکرێت ئیسلامی سیاسی ببێتە دەسکەلای  ئیسلامی کاولکاری و خوێنڕشتن ! بۆیە گرنگە لێرەدا ئاماژە بەوە بکەین کە :
بوونی قوتابخانە و ڕێکخراوی  پەروەردەیی و خێرخوازی بە ناونیشانی ئیسلامی یان هەر ئاین و ئاینزایەکی دیکە بە خۆی کێشە نییە! هەر کۆمەڵەیەک دەتوانێت لە چوارچێوەی یاسا و دەستوردا بە ڕێگەیەکی دروست خزمەت بە کۆمەڵگە بکات و شێوازی خزمەتی خۆی هەبێت، کێشەکە ئەو کاتە دەست پێدەکات کە کەسێک بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات ئایین بکاتە نمایش و فریودان و کارتی فشار!  بە ناوی خوداوە بانگەشە  بۆ خۆی بکات و بەرامبەرەکەشی بە ناونیشانی شەیتان و کوفر و بێئیمانی بناسێنێت.
ئەم شێوازە نە خزمەت بە ئیسلام، نە خزمەت بە دیموکراسییەت، نە خزمەت بە نیشتمان دەکات ! ئایین نابێت ببێتە شمشێری دەستی سیاسەتمەدار هەروەها ناشبێت سیاستمەدار  خۆی بکاتە نوێنەری خودا لە سەر زەوی!
کوردستان؛ پێویستییەکی زیاتری بە ئارامی و یەکدی‌قبووڵکردن هەیە
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ کوردستان و بە تایبەتی باشووری کوردستان، دەبینین کە ئەم خاکە بە درێژایی مێژوو مەیدانی جەنگ، ئاوارەیی، کوشتار، ئەنفال، کیمیاباران، شەڕی ناوخۆیی و دەیان جۆری دەرد و مەینەتی بوەتەوە.
گەلی کورد زۆر بەها و نرخی قورسی بۆ مانەوەی ناسنامە و زمان و خاکی خۆی داوە.
خەباتی کورد بۆ ڕزگاری و گەیشتن بە مافە نەتەوەییە ڕەواکانی، لە مێژووی نوێدا بە شێوە و ڕێبازی جۆراوجۆر ئەنجام دراوە؛ ناسیۆنالیزم، سۆسیالیزم، لیبرالیزم و ڕێبازە جیاوازەکانی دیکە هەر یەکەیان بە شێوەیەک کاریگەرییان هەبووە.
بەڵام نابێت لەبیرمان بچێت کە لە مێژووی شۆڕشەکانی کوردستاندا زۆرێک لە زانایان، مەلاکان، شێخان، حاجییەکان و کەسایەتییە ئایینییەکانیش لە ناو خەبات و ژیانی نەتەوەییدا ڕۆڵی گرنگیان گێڕاوە.
ئەمە ئەو ڕاستییە نیشان دەدات کە کوردبوون و موسڵمانبوون لە مێژووی کوردستاندا دوو ناسنامەی دژ بە یەک نەبوون و هەرگیز نابێت هیچ لایەنێک بە ناوی نەتەوە یان بە ناوی ئایین، بەشێکی دیکەی کۆمەڵگە لە دەرەوەی نیشتمان و مرۆڤایەتی دابنێت.
ئەمڕۆ کوردستان پێویستی بە ئۆپۆزسیۆنی بنیاتنەر هەیە، پێویستی بە کێبڕکێی سیاسی و لێپرسینەوە لە دەسەڵات هەیە.
بەڵام ئەو کێبڕکێیە دەبێت لەسەر:
گەندەڵی و دژایەتیی دزی،
بەهەدەردانی سامانی گشتی،
خراپ بەڕێوەبردنی دامەزراوەکان،
بێکاری و گرانی وهەژاری،
نەبوونی خزمەتگوزاری،
دادپەروەری و یەکسانی،
پاراستنی مافەکانی هاووڵاتی،
ئازادیی ڕادەربڕین و باوەڕ،
پاراستنی زمان و کەلتوور،
و دروستکردنی دەوڵەت و دامەزراوەی بەهێز و شەفاف بێت ،
ئەمەش کێبڕکێ سیاسییە تەندروستەکەیە!
بەڵام کێبڕکێ لەسەر ئەوەی:
 کێ موسڵمانترە؟!
 کێ کافرە؟!
 کێ نوێژکەرە و کێ نوێژ ناکات؟!
 کێ ئەهلی بەهەشتە و کێ دۆزەخیە ؟ نابێت ببێتە بنەمای حکمرانی و کێبەرکێ ی بەدەستهێنانی کورسی!
چونکە دەسەڵات پێوانەی ئیمان نییە و کورسیی حکمرانیش مۆڵەتی نوێنەرایەتی خودا نییە!
ئەرکی یاسا و دامەزراوەی تەشریعیە هاوڵاتیان لە بەکارهێنانی ئایین بۆ خوێنڕشتن بپارێزرێت چونکە
لە کۆمەڵگەی یاساسەروەر و دیموکراتیکدا، ئازادیی ئایین و بیرکردنەوە دەبێت بپارێزرێت! بەڵام لە پەنای ئازادیدا ناکرێت ڕێگەخۆشبکرێت بۆ پێدانی مۆڵەت بە بەکارهێنانی ئاین بۆ کوشتن، تکفیرکردن و ڕق و توندوتیژی.
بۆیە پێویستە دامەزراوە تەشریعییەکان و یاسادانەرانی کوردستان بە وردی و بە هاوسەنگی یاسا و ڕێکارێکی ڕوون بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هاندان بۆ توندوتیژی و کەراهیەت و بەکارهێنانی ئایین بۆ ڕەواییدان بە کوشتنی مرۆڤ دابین بکەن بەبێ ئەوەی  ببێتە هۆی سنووردارکردنی ئازادیی بیر و باوەڕ!
گرنگە یاسا لە ویستە پاوانخوازیەکان  بپارێزرێت، ئایین لە دەستکاریی سیاسی بپارێزرێت،  سیاست لە هەڵگیرساندنی ئاگرە ئایینییەکان بپارێزرێت.
لە ڕاستیدا ئیسلام پێویستی بە پارێزەر نییە! پێویستی بە پەیڕەوکارانی ڕاستگۆ هەیە! ئیسلام  پێویستی بە کوشتنی موخالیفێک نییە بۆ سەلماندنی ڕاستیی خۆی! پێویستی بە کافرکردنی بیرمەندێک نییە بۆ بەهێزکردنی باوەڕ! پێویستی بە سووتاندنی کتێب نییە بۆ پاراستنی قورئان! پەیامی پێغەمبەر ـ درودی خودای لەسەربێت ـ ئەوەندە ڕوونە کە پێویستی بە خوێنڕشتن نییە بۆ سەلماندنی ڕاستییەکەی!
ئەگەر موسڵمانێک بە ڕاستی باوەڕی بە قورئان هەبێت دەبێت لە ڕەفتار و ئاکارەکانیدا ڕەحمەت، داد، ئەمانەت، راستگۆیی و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ ببینرێت.
هیچ ئاینێک بەتایبەت ئیسڵام بە شمشێر ناچێتە ناخ و ویژدانەوە بەڵکو  بە ئەخلاق کاریگەری زیاترە .
ئەمڕۆ کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەتایبەت کوردستانی ئێمە پێویستی بە ئاگرکوژێنەوەی فکرییە، نەک بە ئاگرهەڵگیرساندن و کێبەرکێ ی نادروست!
پێویستمان بە زانای هاوسەنگ و میانڕەوە نەک بە دابەشکاری بەهەشت و دۆزەخ و تۆمەتی تەکفیر و تەبدیع و تەفسیق و چەندینی دیکە !
پێویستمان بە سیاسەتمەداری نیشتمانپەروەرە، نەک بە کەسێک کە ئایین دەکاتە کارتی هەڵبژاردن.
پێویستمان بە گوتارێکە بڵێت:
تۆ دەکرێت لەگەڵ من نەبیت، بەڵام دەکرێت هاوڵاتیی من بیت!
دەکرێت لەگەڵ تێڕوانینی من نەگونجێیت ! بەڵام مافت هەیە وەک من بژیت !
دەکرێت ئایین و مەزهەبت جیاواز بێت! بەڵام کەرامەتی مرۆڤایەتیت هەمان کەرامەتی ئەوانی دیکەیە !
ئەمە ئەو ئیسلامەیە کە پێیناسراوە ! ئیسلامی ڕەحمەت، داد، ئازادی، ئەمانەت و کەرامەتی مرۆڤ!  کاتێک کەسێک بە ناوی ئیسلامەوە هەڵدەستێت بە کوشتنی مرۆڤێکی بێتاوان!  دەبێت یەکەم پرسیارمان ئەوە نەبێت کە:
ئایا ئەو کەسە موسڵمانە؟ 
 دەبێت بپرسین:
ئەم کردارە لە کوێی قورئان و سیرەی پێغەمبەردا هاتووە؟
کە وەڵامێکی ڕوونی نیە ئیدی نابێت لەسەر ئیسلام حساب بکرێت! بێگومان خوێن خوێنە، تەنانەت ئەگەر بە هەزار ناوی پیرۆزەوە بڕژێت ! کوشتنی بێتاوان کوشتنی بێتاوانە، تەنانەت ئەگەر بە هەزار دروشمی ئایینییەوە ڕەوایەتی پێدرابێت!
لە نیشتمانێکدا کە دیوار لە نێوان موسڵمان و ناموسڵمان، ئیسلامی و سیکۆلار، ڕاست و چەپ، مەزهەبێک و مەزهەبێکی دیکەدا  دروست بکرێت، لە کۆتاییدا هەمووان دەکەونە ئەو دیوی دیوارەکەوە!
کوردستانمان پێویستی بە دیوار نییە پێویستی بە پردە!
پێویستی بە تکفیر نییە پێویستی بە گفتوگۆیە!
پێویستی بە خوێن ڕشتن نییە! پێویستی بە دادگەریە!
ئیسلام پێویستی بە شەڕ نییە پێویستی بە ئەخلاق و ڕەحمەتە!
کاتێک جیاوازییەکانمان بەبێ خوێنڕشتن بەڕێوە دەبەین هەرگیز جیاوازییەکانمان نابێتە هۆی لاوازی ! بەپێچەوانەوە  سەرچاوەی دەوڵەمەندیە.
 پەیامی دروست ئەوەیە:
من خاوەنی بیر و باوەڕێکم تۆش مافی باوەڕداری خۆت هەیە با پێکەوە لەسەر دادگەری و مرۆڤایەتی کۆببینەوە !
نەک ئەوەی کە من موسڵمانم و تۆ کافریت!
هەر ئەمەش ڕێگای ئاشتییە! ڕێگای شارستانییەتە! ڕێگای پێکەوەژیان و پێشەنگ بوونە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا