سەرچاوە و بونیادی هەر کۆمەڵگایەک کە بەرەو پێشکەوتن و شارستانییەت هەنگاو بنێت، لەسەر بنەمای هۆشیاری، هزری رۆشنبیران، نووسەران و توێژەرانی بنیات نراوە. ڕۆشنبیر ئەو کاتژمێرە هۆشیارەی نیشتمانە کە بە ڕەنجی مێشک و قەڵەمی خۆی، ڕێگاکانی داهاتوو ڕووناک دەکاتەوە و پەیکەری هزریی کۆمەڵگە ڕێک دەخات. کەچی لەبەرامبەر ئەم ئەرکە پیرۆزە و ئەم خزمەتە مەزنەدا، ئەوەی دەبینرێت تەنها بێدەنگی و پشتگوێخستنێکی بێواتایە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە. کەمتەرخەمیی دەسەڵات بەرامبەر چینە ڕۆشنبیر و خاوەن داهێنانەکان، تەنها کێشەیەکی کاتی یان لاوەکی نییە، بەڵکوو پاداشتی ڕەنجی خاوەن پێنووسەکانە و برینێکی ساڕێژنەکراوە کە جەستەی کلتوری و نیشتمانیی ئێمەی پەکخستووە.
کاتێک سەیری دۆخی ئێستای نووسەر،  شاعیر و زانای ئەم نیشتمانە دەکەین، ڕستەیەک کە بە تەواوی گوزارشت لەم تراژیدیایە دەکات ئەوەیە: زانست و قەڵەم لە پەراوێزە و کەمترین شایستەی ژیان لە خاوەنەکانیان زەوت کراوە. دەسەڵاتێک کە لەمێژوودا ئەرکی سەرەکی پاراستن و دابینکردنی ژینگەیەکی لەبار بووە بۆ گەشەپێدانی زانست و هونەر، لەبری ئەوە هەمیشە سیاسەتی پشتگوێخستن و ساردکردنەوەی پەیڕەو کردووە. نووسەرێک تەمەنی خۆی لە پێناوی وشە، بەرهەمهێنانی دەیان دیوان و نووسینی هزریدا تەرخان دەکات، کەچی لە کاتی پیربوون یان لە کاتی پێویستیدا، تەنانەت لە دابینکردنی سادەترین پێداویستییەکانی ژیان و پشکنینی پزیشکی بەش مەینەت دەبێت. ئەمە نەک هەر نادادپەروەرییە، بەڵکوو کوشتنی مەعنەویی هزر و داهێنانە لە ڕیشەوە.
ئەو دەسەڵاتەی کە بودجە و داهاتی گشتی بۆ قازانجی تەسک و بەرژەوەندییە لاوەکییەکان بەفیڕۆ دەدات، کەچی کاتێک دەگاتە نۆرەی کتێب، چاپکردنی بەرهەمی ئەدەبی، و ڕێزلێنانی شایستەی نووسەران، دەبێتە خاوەن خەزێنەی بەتاڵ و بێدەنگ. ئەم بێباکییە سیستماتیکە وایکردووە کە نەوەی نوێ و خاوەن بەهرەکان تووشی بێهیوابوون ببن، چونکە دەبینن لەم کۆمەڵگایەدا قەڵەم و زانست هیچ بەهایەکی ماددی و مەعنەوییان بۆ نەهێڵراوەتەوە کە بتوانێت بژێوی ژیانیان دابین بکات. پشتگوێخستنی ڕۆشنبیران تەنها زیان بە خودی نووسەر ناگەیەنێت، بەڵکو کۆمەڵگە بەرەو کاڵبوونەوەی هۆشیاری و کپبوونی دەنگی ڕەخنەگر دەبات، چونکە کاتێک ڕۆشنبیر خنکێنرا، پرسیارکردن نامێنێت و کۆمەڵگە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی تاریکی و نەزانییەوە.
چارەسەری ئەم دۆخە نەخوازراوە لە گۆڕینی بنەڕەتیی دیدگای دەسەڵات بۆ سەر هزر و کلتور دەست پێدەکات. پێویستە دەسەڵات لەو خەوی بێئاگاییە هەستێت و تێبگات کە نیشتمان بە دروستکردنی باڵەخانە و دروشم پێشکەوتوو نابێت، بەڵکو بە ڕێزگرتن لە مرۆڤی بەهرەدار، زانا، نووسەر  سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت. دەبێت یاسا و سندوقی تایبەت بۆ پاڵپشتیکردنی نووسەران و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ چینی ڕۆشنبیران پێکبهێنرێت، پێش ئەوەی درەنگ بێت و کلتور و ئەدەبی کوردی باجێکی گەورەتر بدات. ڕۆشنبیر هەمیشە بە پێنووس و ڕوانگەی ڕەخنەگرانەی خۆی لە خزمەتی خەڵکدا دەبێت، بەڵام مێژوو هەرگیز لەو دەسەڵاتدارانە خۆش نابێت کە چاویان لەسەر ئازار و قوربانییەکانی نووسەرانی ئەم خاکە داخستووە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا