سەدیق سەعید ڕواندزی

 

لە دوای هاتنی ئیسلام لە سەردەمی عومەری كوڕی خەتاب، لە سەدەی هەفتەمی كۆچی، ئیدی ئیسلام بووە ئایینی كوردەكان و كۆتایان بە زەردەشتییەت هێنا. بەشێك لە كوردەكان ڕەتیان كردەوە ببنە موسڵمان، بۆیە لە سەر ئایینی نەتەوەی خۆیان مانەوە و یارسانەكان و كاكەیەكان و زەردەشتییەكان، بە جێماوی زەردەشتیەتن. بێگومان بە هاتنی ئیسلام ڕوانگەی مرۆڤی كورد لە ڕوانگەیەكی نەتەوەییەوە بووە ڕوانگەیەكی ئیسلامییانە و ئیدی مرۆڤ لە سەر بنەمای ئیسلامیبوون شوناسی وەرگرت. لێرەوەش ئەو بە یەكەوە ژیانە نەتەوەیی و كولتووریی و كۆمەڵایەتییە نەما، كە بەدەر لە ئایین و نەتەوەی جیاواز پێشتر لە كوردستان بۆ نەتەوە و ئایینەكانی دیكە بوونی هەبوو. لە چوارچێوەی ئەو ڕوانینە ئایینییەدا، دیدگایەكی دیكەی بۆ مرۆڤی كورد دروست بوو، كە ئایینەكانی دیكە، ڕەت بكاتەوە، یان بێ بەها و كەمتر سەیریان بكات. بێگومان ڕاستە لە قورئاندا، ئیسلام ئایینی براوە و كۆتایی مرۆڤایەتییە، بەڵام بەر لە ئیسلام، پەیامبەر و ئایینی دیكە لە شێوەی مەسیحی و عیبری هەبوونە و  ئەوانیش خاوەنی كتێبی پیرۆزی خۆیانن، كە لەلایەن خوداوە بە مەبەستی ڕێنویینكردن و هوشیاركردنەوەی تاكەكان بۆیان دابەزیوە. بگرە قورئان بەشێكی زۆری لە بارەی بەنی ئیسرائیلیەكانە و خودی پەیامبەر (موسی) سەلامی خوای لێ بێت، زۆرتر لە بیست جار ناوی لە قورئاندا هاتووە، ئەمە وێرای ئەوەی كە بەردەوام پەروەردیگار لە قورئاندا، ڕوو لەوانە دەكات كە بڕوادارن نەك موسڵمانان. لێرەوەش هیچ پاساوێك نییە وا لە مرۆڤی موسڵمان بكات، ڕقی لە ئایینەكانی دیكە و پەیامبەرانی دیكە بێت، چونكە ئەمە دژی بە یەكەوەژیان خەسڵەتی مرۆڤی موسڵمانیشە، كە دەبێ لێبوردە و بەخشندە بێت . شكاندنی كێلی گۆڕی برایانی مەسیحی، نەك هەر دژی ئەو بنەما لێبوردەیەیە، بەڵكو مەترسییەكی گەورەشە لە سەر ئەو بە یەكەوە ژیانەی هەزاران ساڵە پێش بە ئیسلامیبوونی كورد، هەیە و هەمووان كوردستانایان بە ماڵی خۆیان زانیوە . ئەم ڕەفتارە، كردەوەیەكە ڕەنگدانەوەی ئەو هزرە ئیسلامییە داعشگەرایەیە، كە بڕوای بە سڕینەوەی هەموو ئایینە جیاوزاكانی دیكەیە، لە پێناو ئیسلامدا بە تەنها، بێ ئەوەی ئەوەیان لە بەرچاو بێت كە خودا خۆی لە قورئانی پیرۆزدا، جەختی لەوە كردۆتەوە كە نەتەوەكانی بە زمان و ئایینی جیاواز و شوناسی جیاواز دروست كردوون، تا یەكتری بناسن و ئەوەی لای ئەویش لە هەمووان لە پێشترە بڕوادارترەكەیە. مەسیحییەكان و ئایینەكانی دیكەش، هیچ كاتێك مەترسی نەبوونە بە سەركورد و خاكەكەی، بگرە گەر بە مێژوو دابچینەوە، دەبینین جوولەكە و كریستیانەكان، سەرچاوەی سەدان داهێنان و كار و پیشە و كاركردنن، كە ئەوان دایانهێناوە.  ئەوەی ئێزیدییەكانی جینۆسایدكرد و هەزاران پێشمەرگەی شەهید كردوو  سەدان ژنی بە كەنیزە كرد، داعش بوو كە بانگەشەی پەیڕەوكردنی ئایینی ئیسلام دەكات، نەك كریستیانەكان. ئەوەی لە خێڵی حەمە، پانزە ساڵ بەر لە دروستبوونی داعش سەری پێشمەرگەكانی دەبڕی و پەنجەی شایەتمانی لێ دەكردنەوە، توندڕەوە ئیسلامییەكانی ئەنسار و جوند بوون، نەك مەسیحییەكانی هەرمۆتە، دیانا و هاودیان. ئەو پێكهاتە ئایینی و نەتەوە جیاوازانەی هەزاران ساڵە لە كوردستان دەژین، ڕۆژێك دژ بە ئایینەكانی دیكە، خاك و خەڵكی كوردستان نەوەستاونەتەوە و نەبوونەتە مایەی مەترسی بۆ سەر كەس و بگرە، ڕوحی بە یەكەوەژیان و كولتووریی لێبوردەیی و ئاشتەوایان قووڵتریش كردۆتەوە! ئیدی بۆچی دەبێ ڕقمان لێیان بێت و كێلی گۆڕی مردووەكانیان بشكێنین؟! كورد دەڵێت:_( مرۆڤ كە مرد شەیتان دەستی لێ هەڵدەگرێت) بەڵام پێ دەچێ ئەوانەی ئەو كارە نامرۆیی و نا كوردانەو نا ئایینیەكان كردووە، لە شەیتان بەدتر بن، چونكە بە مردووییش واز لە برا مەسیحییەكان ناهێنن.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا