
سەدیق سەعید ڕواندزی
لە یەكەمین كۆنفڕانسی پەروەردەدا، كە هەژدە ساڵ لە مەوبەر بەسترا، بڕیاردرا كە خوێندكار بكرێتە چەقی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن و ئیدی دەبێ هەموو توانا مرۆیی و پەروەردەیی و لۆجستییەكان، لە خزمەت خوێندكاران دابێت، بە ئامانجی بەرزكردنی ئاست و توانستی زانستی و پەروەردەكردن و پێگەیاندنیان. لەو پەراوێزەشەوە، هەموو جۆرە توندووتیژییەكی دەروونی و جەستەیی لە نێوەندەكانی خوێندن قەدەغەكرا، كە بێگومان هیچ كاتێك لە پرۆسەی پەروەردەكردندا نابێ پەنا ببرێتە بەر توندووتیژیی، كە ئەمەیان لەگەڵ بنەماكانی پەروەردەی هاوچەرخ و سەردەمیانە یەكناگرێتەوە، بەڵام لێرەدا لە پەنای بە چەقكردنی خوێندكار، واقیعێكی پەروەردەیی لە نێوەندەكانی خوێندن دروست بوو، كە خۆی لە بە كەناركردن و بێ بەهاكردنی مامۆستا و پەیامی پیرۆزیی پەروەردەیی بینییەوە، بۆیە ئێمە بەردەوام لە ڕێگەی سۆسیال میدیاوە، دیمەنی گاڵتەكردن بە مامۆستایان و لاساییكردنەوە و شكۆ شكاندنیان دەبینین. بە چەقكردنی خوێندكاران، بەداخەوە بە دیوێكی زۆر نەرێنییانە لە پرۆسەی پەروەردەیی ئێمە لێكردایەوە و لێ كەوتەی نەرێنی لە سەر كەسیەتی مامۆستاو پرۆسەی پەروەردە دروست كرد، بە جۆرێك مامۆستا ناتوانێت، مۆرەیەك لە خوێندكارێك بكات، كاتێ بەو پەڕی بێ باكییەوە پێی دەڵێت:_( دەچمە تەربیە شكایەتت لێ دەكەم!) بێگومان لەهەر پیشەیەكی ژیاندا، دەبێ پلەبەندییەكی كۆمەڵایەتی و پیشەیی هەبێت، دەنا كارەكان ڕێچكەی یاسایی و كارگێڕیی و پەروەردەیی خۆیان وەرناگرن. ئەم پلە بەندییە بە مانای جیاوازی كەسیەتی و شوناسیی مرۆیی و كۆمەڵایەتی نییە، بەڵكو بە مانای هەبوونی ڕێساو میكانیزمێكردنی پەیڕەویانەی كاركردنە، بۆ ئەوەی خوێندكار بزانێ مامۆستا و بەڕێوەبەر كێیە، فەرمانبەر بزانێت بەڕێوەبەرەكەی كێیە، كادیر و ئەندامی حزب، بزانن سەركردایەتی و ئۆڕگانی بڕیار چین. گەر ئەم پلە بەندییە نەبێت، كارەكان جۆرێك لە بێ پلانی و گەڕەلاوژێیی وەردەگرن و ناتوانن پەیامی خۆیان بگەیەنن، وەك چۆن لە كردەی شەڕ و بەرگریشدا، هەر دەبێ هەمووان لە ژێر فەرمانی بەرپرسی بەرەكە دابن. لەو سۆنگەیەوە ئەم هاوتاكردنەی خوێندكار بە مامۆستا، ئەو پلە بەندییەی كە دەبێ لە نێوان ئەو دوو توێژە هەبێت، نەهێشت ! بەمەش دۆخێكی كەسی و كۆمەڵایەتی هاتە ئاراوە، كە مامۆستایان و خوێندكاران بە ئاساییەوە جگەرە پێشكەشی یەكتری بكەن، چونكە كاتێ سنووری ئەو پلە بەندییە كۆمەلایەتی و پیشەیە نامێنێت، ئیدی هەمووان وەك یەكتریان لێ دێت. هیچ كایەیەكی ژیان وەك پەروەردە، پێویستی بە چاودێریی و بەدواداچوون، نێوەندایەتی و پەیڕەوكاریی نییە، كە هەموو ئەمانە، جۆرێك لە ڕێكاریی كارگێڕیی و پیشەییان دەوێت. ئەمە بەو مانایە نییە، كە ئێمە لەگەڵ ئەوە دانەبین كە كۆی توانستە زانستی و پەروەردەییەكان نەخرێنە خزمەت خوێندكار، بەڵكو بەو مانایە ی خوێندكار بزانێت كە بە سەنتەركردنی ئەو، بە مانای پەراوێزخستنی مامۆستا نییە، كە ئەوان وەها تێی گەیشتوون، بە پێچەوانەوە هیچ كاتێك نابێ ئەو سنوورەی نێوان مامۆستایان وخوێندكاران لە ژێر ناوی هاوڕێیەتی پەیوەندی كۆمەڵایەتی، تێكەڵبوون و هاوتابوون ببەزێندرێت، چونكە ئەو كات هیچ هاوتاییەك لە نێوانیاندا نامێنێتەوە، وەك ئەوەی ئێستا دەیبینین. لە نێوەندەكانی خوێندن، پێویستە خوێندكار بزانێت مامۆستا و بەڕێوەبەر و بگرە فەرمانبەری خزمەتگوزاریش چین و ئەركیان چییە و ئەركی ئەویش وەك خوێندكارێك لە خوێندنگە چییە، نەك ئەوەی بڕوای وابێت مادام كۆی پرۆسەكە كەوتۆتە خزمەت ئەو، ئیدی هەرچییەك بكات ئاساییە، چونكە خۆی سەنتەرە لە پرۆسەی پەروەردەدا. بێگومان ئەمەش بە جۆرێكی دیكەی ڕێكاریی، لە دەرەوەی توندووتیژیی دەكرێت، بەوەی كە وزارەتی پەروەردە ئەو پەیامە بداتە هەمووان، كە مامۆستا و خوێندكار یەكسان نین، كە هەرگیز نابێ یەكسانیش بن، چونكە تەنها ئەوانەی مامۆستان لەو دۆخە تێ دەگەن كە كاتێ سنووری شكۆو پێگەی كەسی و پەروەردەیی نێوان مامۆستایان وخوێندكاران نامێنێت، لێ كەوتەكانی چی دەبن !