ئاراس سەعید

                         (1)

بنیادەمی سەردەم شایەتی بازدانێکی بێ وێنەی تەکنەلۆژیایە، بەجۆرێک لەتەک خۆیدا جیهانەکەمان بەخێرایی دەگۆڕێت. ئەم گۆڕانکارییەش تەنیا لە چوارچیوەی تەکنەلۆژیادا قەتیس نەبووە، بەڵکوو گۆڕانکارییەکی ئۆنتۆلۆژییە/وجوودییە، کە دەستکاری ماهییەتی  بوون و شتەکان دەکات، لەم ڕووەوە، هەموو شتێک هەڵدەوەشێتەوە و بەشێوەیەکی نوێی ڕێکدەخرێتەوە.

 نها ڕێبەرانی تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد بەڵێنی  پەڕجووی زانستی دەدەن. ئەوەی کە لەڕابردوودا بنیادەم مەحاڵ بوو بیری لێ بکاتەوە، ئیتر دەبێتە مومکین و پێشبینیکراو. 

لەم سەردەمەدا، جیهانی کۆن لەگەڵ پیشە و ئەخلاق و شێوازی ژیان و ئەو خەونانەی کە نوێنەرایەتی دەکرد، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ کاڵ دەبێتەوە و لەناو ئەم تسۆنامییە گەورەیەی گۆڕانکاریدا، چەندین پیشە کە تا چەند ساڵ لەمەوپێش بڕبڕەی کار و ئابووری و بەرهەمهێنان و کولتوور و هونەر بوون، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە ژیانمان ون دەبن، و ئەو پیشە نوێیانە جێگەیان دەگرنەوە کە هاوتەریبن لەگەڵ ئەوەی لە داهاتوویەکی دوور و نزیکدا زیرەکی دەستکرد بۆ بنیادەم ئامادەی دەکات.

بۆ نموونە، لە بواری کار و بەرهەمهێناندا، ئێمە شایەتی کۆتاییهاتنی خێرای زنجیرەیەک بەهاین کە مێژوویەکی درێژ، بوو بوون بە بنەما بۆ پێناسەکردنی خودی کار. لە ئەنجامدا، ئەمە وایکردووە کۆمەڵێک چەمک لەڕووی ماناوە گۆڕانیان بەسەردا بێت. ئێستا مانای چەمکی "چەوساندنەوە" وەک ئەوەی بنیادەم لە سیستەمی فیۆداڵی و سەرمایەداری و سۆسیالیستیدا ئەزموونی کردووە،  مانای گۆڕاوە و دەگۆڕێت. کاتێک ڕۆبۆتەکان کاری مرۆڤەکان ئەنجام دەدەن، ئایا هێشتا دەتوانین لەسەر "چەوساندنەوەی کرێکار" بدوێین بەو مانایەی (کارل مارکس) لەبارەیەوە دوابوو؟

یان ئێمە بەرەو جۆرێکی نوێ لە چەوساندنەوە دەچین؛ چەوساندنەوەی دیجیتاڵی، کە تیایدا بنیادەم لە هەموو بەشەکانی ژیانیدا دەبێتە داتا، دەبێتە خام بۆ ئەلگۆریتمەکانی زیرەکی دەستکرد؟

لەگەڵ ونبوونی ئامرازە کشتوکاڵی و پیشەسازییە کۆنەکانی بەرهەمهێنان و سەرهەڵدانی ئامرازی نوێ، ڕۆژانە ماتریکسێکی تازەی بەهاکانی پەیوەندار بە پەیوەندیی کار و کرێکار دروست دەبێت. ئەمەش زنجیرەیەکی نوێی بەها لە ململانێی کۆمەڵایەتیدا دروست دەکات. ململانێیەکی نوێ کە ڕەنگە ئیتر نەبێتە ململانێی نێوان کرێکار و خاوەنی سەرمایە، بەڵکوو ململانێی نێوان ئەوانەی دەسەڵاتیان بەسەر تەکنەلۆژیادا هەیە و ئەوانەی ناتوانن تێبگەن لەو جیهانە نوێیەی کە لەبەرچاویاندا دروست دەبێت.

لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا، ڕابردوو بە خێرایی لەبەرچاومان کاڵ دەبێتەوە، لەگەڵ هەموو ئەو بەها کۆمەڵایەتی و ئابووری و دارایی و کولتووری و هونەرییانەی کە بۆ ماوەیەکی زۆر ژیانی ڕۆژانەیان لە قاڵب داوین و  ڕۆژانێک ئێمە لەگەڵ ئەم بەهایانە و لە ڕێگەی ئەم بەهایەنەوە دەژییان. بەهۆی ئەم جیهانە نوێیە لەسایەی گەشەی تەکنەلۆژیا هاتووەتە ئاراوە، مۆدێلی ژیانی بنیادەم لە ناو وێرانکاری و هەڵوەشاندنەوە و نوێبوونەوەی بەردەوامدایە. هەموو ئەمانە لە ژێر فەلسەفەیەکی نوێ و کولتوورێکی خاوەن بەهای جیاوازدا ڕوودەدەن. کاتێک فەلسەفەی کار و شێوازەکانی بەرهەمهێنان دەگۆڕدرێن، هەموو شتێک دەگۆڕێت. 

 بابیر لە بانک بکەینەوە، بینایەکی گەورە، دەیان کارمەند، ڕێزێکی درێژ لە خەڵکی، کاغەز و مۆر و پارەی کاغەزی، بانک ڕۆڵێکی کولتووری و دەروونی دەبینی لە ژیانی بنیادەم لەسەرانسەری جیهاندا. ئێستا بەتەواوی بانکە کۆنەکان لە ئەوروپا لەگەڵ کارمەندەکانیان، یان نەماون یان لە لێواری لەناوچووندان. کولتووری باوی بانکی ئێستا بریتییە لە ئامێر و شاشە. کشانەوە و دانانی پارە و کڕین و قەرزکردن، هەموویان بوون بە مەجازی. 

ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە ژمارە و هێما و کۆد زاڵن. ئەمە سەردەمی هایپەر ڕیاڵیتییە، (کاتێک ڕاستی و مەجاز تێکەڵ دەبن)، کاتێک کە هێمایەک هەمان بەهای شتی مادی دەبێت، یان زیاتریش.

ڕۆژ بە ڕۆژ خەڵکی سەرتاسەری جیهان کەمتر ئاشنا دەبن بە دراو و پارەی کاغەز، لەکاتێکدا تەنها چەند ساڵ لەمەوپێش پشتیان بە ئاڵوگۆڕ و ئامرازە داراییەکان و پارەی زێڕ و زیو دەبەست.

کاتێک وێنەی پارە لە هۆشیاری کۆمەڵایەتیدا دەگۆڕێت، گۆڕانکارییەکی زۆر لە ئەخلاقی کارکردن و لە خودی ژیانی مرۆڤایەتیدا دێتە ئاراوە. ئەمە گەورەترین گۆڕانکارییە لە مێژووی سەرمایەداریدا! پارە - ئێستا دەبێتە کۆد. کاتێک من پارەم هەیە لە حسابی بانکیمدا، چیم هەیە؟ لە ڕاستیدا، هیچ! تەنها ژمارەیەک لە داتابەیسێکدا، ژمارەیەک کە دەتوانرێت بگۆڕدرێت، بسڕدرێتەوە، دووبارە دابڕێژدرێتەوە. سەرمایەداری لە مادەوە دەرچووە و بووە بە هایپەر ڕیاڵیتی.

ئەم دیماتیریالیزەکردنە ڕیشەیەکی قووڵی هەیە. کاتێک سامان دەبێتە داتا، کاتێک بوون دەبێتە کۆد، خودی مانای "خاوەنداریەتی" دەگۆڕێت. من چۆن دەتوانم خاوەنی شتێک بم کە بوونی مادی نییە؟ من چۆن دەتوانم بیپارێزم لە کاتێکدا کە تەنها بە کلیکێک دەتوانرێت ڕەت  بکرێتەوە و بسڕێتەوە و هاک بکرێت؟

                      (2)

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا زۆر پیشە مردوون و پیشەی نوێ سەریان هەڵداوە. ئەم مەرگە تەنها مەرگێکی ئابووری نییە، بەڵکوو مەرگێکی سەمبوولیک و ئۆنتۆلۆژییە. کاتێک پیشەیەک دەمرێت، بەشێک لە ناسنامەی مرۆڤایەتی لەگەڵیدا دەمرێت. لە بواری زانستیدا بۆ نموونە، پیشەی پزیشکی گشتی بە پشکنینە کۆنەکانی و تاقیکردنەوە ڕۆتینەکان و چاودێری و ئامۆژگارییەکانی، خەریکە بە تەواوی بوونی نامێنێت. پزیشکی نەریتی، ئەو کەسەی کە بۆ سەدان ساڵ هێمای حەکیم و حیکمەت و شارەزایی  بوو، ئەو کەسەی کە لە ڕۆمانەکان و فیلمەکاندا وەک پاڵەوان دەردەکەوت، ئێستا خەریکە دەبێتە میراتی مێژوویی.

خەڵکی ئەمڕۆ پشت بە ئینتەرنێت دەبەستن بۆ دەستکەوتنی زانیاری زۆر لەسەر نەخۆشی و چارەسەر و دەرمانی گونجاو. ئاپلیکەیشنەکان شیکاری نیشانەکان ئەنجام دەدەن، وێبسایتەکان ڕێنوێنی دەرمان پێشکەش دەکەن، فۆرمەکان تایبەتمەندییەکانی نەخۆشییەکان ڕوون دەکەنەوە. هاووڵاتیان لە ماڵەوە پشکنینی پزیشکی ئەنجام دەدەن بە بەکارهێنانی مۆبایلە زیرەکەکانیان؛ پێوانی پەستانی خوێن، شەکری خوێن، پلەی گەرمی، ئاستی ئۆکسجین، کوالیتی خەو، ژمارەی هەنگاوەکان، کالۆری، و زۆر شتی تر.

بەڵام ئەمە تەنها سەرەتایە.  پزیشکی داهاتوو ڕۆبۆتە  یان ڕەنگە هیچ پزیشکیش نەبێت، تەنها سیستەمێکی زیرەک کە لە هەموو شوێنێکدا بەردەست بێت.

                          (3)

وەک چۆن زانستی کۆن و پیشە نەریتییەکان، یەک لەدوای یەک لە بەرچاو ون دەبن و لەناو دەچن، ئا بەوجۆرەش بوارەکانی ڕۆشنبیری و پەروەردە لەم تسۆنامییە ڕزگاریان نابێت. قوتابخانە، بە واتا کلاسیکییەکەی، نزیکە لە لەناوچوون. خەریکە لە بەشێکی جیهاندا کۆبوونەوەی منداڵان لە باڵەخانە و پۆلەکاندا دەبێتە حەکایەت! منداڵان لە ماڵەوە فێر دەبن لە ڕێگەی پلاتفۆرمە ئۆنلاینەکانەوە، مامۆستایەکی (ڕۆبۆت) ئاستی فێربوونەکەیان دەپێوێت و ناوەڕۆک بە پێی توانایان دروست دەکات.

بەڵام ئەم گۆڕانکارییانە سەرسوڕهێنەر نین، بەڵکوو دەستکاریی خودی مانای "پیشە" دەکات. لە ڕابردوودا، پیشە یەک مانای هەبوو: شارەزاییەکی تایبەت کە  ساڵانێکی زۆری دەویست تا فێردەبوو بۆ تەمەنێکی تەواو دەبووە پیشەمەند، پیشەکەی بەشێک بوو لە ناسنامەکەی. کاتێک پرسیاریان لێ دەکرد "تۆ کێیت؟"، دەیگوت "من دکتۆرم" یان "من مامۆستام" یان "من وەرگێڕم"...هتد

ئەمڕۆ ئەم چەمکە بەتەواوی هەڵوەشاوەتەوە، پیشەکان دەمرن پێش ئەوەی نەوەیەک تەواو بکات. شارەزایی کە دوێنێ بەنرخ بوو، ئەمڕۆ بێبەهایە. کەسێک کە 20 ساڵ خەریکی فێربوونی شتێک بووە، دەبینێت کە ئەو شتە ئیتر پێویستی پێ نییە. 

لە ئاستی کەلتووری و پەروەردەییشدا، شایەتی کۆتاییهاتنی وەرگێڕانی کلاسیکین. مردنی وەرگێڕانی نەریتی ئێستا ڕاستییەکە نکۆڵی لێناکرێت، وەرگێڕان و وەرگێڕانی ئەدەبی بە ڕێژەیەکی سەرسوڕهێنەر لە کۆڕ و گفتوگۆکاندا ون دەبن. ئەم مردنە هەم پراکتیکییە و هەم سەمبوولیکە. لە ئاستی پراکتیکیدا، ئەمڕۆ تاکە شتێک پێویستە بنیادە م دەقێک بداتە "چات جی پی تی"، و لە چاوتروکانێکدا دەقەکە بە هەر زمانێک ئەو دەیخوازێت وەرگێڕانی بۆ دەکات. وەرگێڕانەکە ڕەنگە کامڵ نەبێت، بەڵام زۆرجار پێویستە بۆ تێگەیشتنی بنەڕەتی.

 بەڵام لە ئاستی سەمبوولیکیدا، ئەم مەرگە قووڵترە، ئەوە کۆتاییهاتنی سەردەمێکە کە تیایدا بنیادەم پێویستی بە نێوەندگر بوو بۆ پەیوەندیکردن.

بێجگە لەوەش، بۆ قسەکردن لەگەڵ کەسێکی دیکە تەنها پێویستە هیتفۆنێکی بچووکی تایبەت دابنێیت کە لە دەنکە نۆکێک گەورەتر نییە، پاشان لەتەک بەرانبەر گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆ بە زمانی دایکی ئەنجام بدەیت، بەبێ ئەوەی گوێ لە زمانەکەی بگریت. گووگڵ پیکسڵ بادز و دەیان ئامێری تریش ئێستا ئەم کارە ئەنجام دەدەن. وەرگێڕانی ڕاستەوخۆی دەنگ لە گوێ یان هیتفۆندا. من بە عەرەبی قسە دەکەم، تۆ بە چینی دەیبیستیت. تۆ بە ژاپۆنی وەڵام دەدەیتەوە، من بە کوردی دەیبیستم. ئێستا تێگەیشتن و پەیوەندیکردن نەپێویستی بە زانینی زمانە، نەوەرگێڕی کلاسیک.

لە کۆتاییدا  ماوەتەوە بێژم، ئەمە واقیعێکە کە بەسەرماندا سەپاوە، دەبێت فێری ژیانکردن بین لە دونیایەکدا کە نامۆیە بە ئێمە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا