
حەیدەر مەنتک
لە گەردووندا، هێز وەک چەمکێک بە شێوازی جیاواز و لە بەرگی جۆراوجۆردا دەردەکەوێت. هەیانە وەک ڕەشەبایەکی وێرانکەر بە چاو دەبینرێت یان وەک توانایەکی ئیداری و سەربازی لە بڕیار و چەکدا دەسەلمێندرێت. بەڵام لە تەنیشت هەموو ئەم هێزە مادییانەدا، هێزێکی بێدەنگ و شاراوە هەیە کە نە بینراوە و نە کێشێکی مادی هەیە، کەچی توانای داڕمانی خەونەکان یان بنیادنانەوەی مرۆڤەکانی هەیە، ئەویش (هێزی وشە)یە.
وشەکان تەنیا کۆمەڵێک پیت و دەنگەدەنگ نین کە لە گەرووەوە دەربچن، بەڵکو وەبەرهێنانی هۆش و دڵن؛ ئامرازێک کە دەکرێت ببێتە گەورەترین مەرهەم یان تیژترین چەکی کۆمەڵکوژ لە کایەی دەروونیی مرۆڤدا. ئەوەی فیزیا و یاساکانی مادی دەسەڵاتیان بەسەریدا ناشکێت، وشەکان بە ئاسانی ئەنجامی دەدەن: ڕاستەوخۆ دەچنە قووڵایی ناخی مرۆڤ و نەخشەی دەروونی و جیهانبینیی دادەڕێژنەوە.
کاتێک لە کاریگەرییەکانی دەوروبەرمان دەکۆڵینەوە، تێدەگەین کە هیچ شتێک بەقەد وشە درێژخایەنتر و قووڵتر لە بیرەوەری و هەستی تاکدا ئاسەوار بەجێناهێڵێت. لێرەوە، هێزی وشە لە ڕوانگەی ئەرێنی و نەرێنییەوە جێگەی تێڕامانی قووڵە.
لەڕووی ئیدارییەوە، هەندێک بڕیار هێز و کاریگەریی خۆی هەیە، مرۆڤەکان لەڕووی جەستەوە هێزیان هەیە، لەڕووی کەشوهەواوە (با) پاڵەپەستۆ و هێزی کاریگەری هەیە، هەندێک جار (با) شارێک وێران دەکات.
ئەوانەی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایشن، هێزەکەیان لە چەکەکانیان بەدی دەکرێت، کەواتە زۆر شت هێزی تێدایە، هەریەکە و بە پێوەرێک و توانایەکی ڕێژەیی لەخۆ دەگرێت.
ئەوەی مەبەستمە بڵێم (هێزی وشە) لە هەندێک کات، لە هەندێک شوێن کاریگەریی زۆر مەترسیدارتر و کاریگەری لەسەر دەروونی تاک بەجێ دەهێڵێت.
هەندێک جاریش هێزی وشە بە لایەنی ئیجابییەوە بۆ هەندێک کەس و هەندێک مەبەست دەبێتە مایەی خیر و گەشەی زۆر.
بۆیە هەوڵ بدە، وشەکانت هێز ببەخشن بە دەوروبەرت. لە دێر زەمانەوەش دەڵێن شوێنی گولـلە چاک دەبێتەوە، بەڵام بە هەندێک (وشە) یان تیری وشە برینداریان کردی هەرگیز ئەم دڵەت وەکو پێشوو چاک نابێتەوە.
