
بەشی چوارەمی: مرۆڤبوون .. مۆدێرنیتەی سیاسی و میوانداری لە کوردستانی عێراق*
توانای نیشتەجێبوون لە ژیان و گوزەرانی دوای کۆمەڵکوژیدا
نووسینی: د. فازڵ مورادی
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
سەرەتای مانگی حوزەیرانی ساڵی 2012، من و گۆران بابەعەلی، وەک هاوکارێکی لێکۆڵەرەوە، لە سلێمانییەوە گەشتمان کرد بۆ گوندی کورێمێ لە پارێزگای دهۆک، زیاتر لە پێنج کاتژمێری پێچوو، بە ئۆتۆمبێل بەسەر ئەو ناوچانەدا تێپەڕین کە تا کۆتایی سەدەی حەوتەمی پێش زایین سەر بە ئیمپراتۆرییەتی ئاشووری بوو. جوگرافیایەکی توندوتیژیی سیاسی بوو کە دەگەڕێتەوە بۆ داگیرکردنی ئاشوور لەلایەن دەوڵەتی ماد و بابلییەکانەوە و دواتر لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی ساسانیدا لەبیرکرا، کە کرماشانی ئەو شارەی دایک و باوکم لێی لەدایک بوون، بە بابلەوە بەستەوە و لەسەر دەستی ئیمپراتۆرییەتی عەرەبی - ئیسلامی لە ساڵی ٦٥١ی زایینیدا لەناوچوو. قوربانیدان بە ژیان و ژیانی ئەوانیتر بنەمای شکۆمەندیی ئیمپراتۆریی هەر یەکێک لەم ئیمپراتۆرییەتانە بوو. ئەم مێژووە ئیمپراتۆرییانە و برینە دێرینەکان بە زانیاریی نادیار ماونەتەوە - وەک یادەوەریی باو لە عێراق یان کوردستاندا دەرناکەون و ئەرشیفی تۆکمەش نییە بۆ پاراستنیان، بۆیە وەک مەتەڵی گەلانی ئەو کاتەی کە لەمێژە ڕۆیشتوون دەمێننەوە.
ئێمە سەرەتا سەردانی ناوەندی ئەنفالمان کرد، کە لەو کاتەدا هێشتا بەشێک بوو لە مەڵبەندی ئەنفال لە هەولێر بەڵام لەوەدا بوو بگۆڕێت بۆ ناوەندێکی سەربەخۆ و لەلایەن دەسەڵاتی ناوخۆییەوە پارەدار و هاوکاری بکرێت. پێشتر لە ڕزگاربووان بیستبووم کە چیرۆکەکانیان لەبارەی ئەنفالەوە، ئەوانەی کە لای خۆیان هەڵیانگرتووە، ئەو چیرۆکانە نین کە ناوەندەکانی ئەنفال دەیگێڕنەوە. ناوەندەکان ڕەنگدانەوەی هیچ واقیعێکی دەرەوەی خۆیان نین و پاسەوانەکانیان ژیانی خۆیان لە جیهانێکدا یاری پێدەکەن، ئەوانەی کە بوونیان نەماوە یان ئەوانەی کە لەگەڵ مانەوەدا زۆرانبازی دەکەن، فەزای قسەکردن و گوێگرتنیان بۆ دابین نەکرێت. ئەوان ڕزگاربوون و مانەوەیان هەرگیز بە هیچ پێشانگایەک یان سیستەمێکی زانینی ڕێکخراو کۆتایی نایەت. کەواتە نابێت جێگەی سەرسوڕمان بێت کەوا کورێمێ وەک یەکێک لە دوو کۆمەڵکوژییەکەی زنجیرەی فەرماندەیی ئەنفال کە تێدا ڕوویدا، ناتوانرێت لەو ناوەندانەوە، یان هیچ مۆزەخانە و چالاکوانێکی ترەوە، یان حکوومەتی هەرێم بەگشتی خاوەندارێتیی بکرێت. دووەمین کۆمەڵکوژی لە مێرگەتوی، کە گوندێکی دیکەی ناوچەی بادینانە ڕوویدا. هەردوو کۆمەڵکوژییەکە بەشێک بوون لەوەی کە پێی دەگوترا ئەنفالی کۆتایی "خاتمة الأنفال"، دوا زنجیرەی فەرماندەیی ئەنفال بوو لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا.
نەخشەی ناوچە و گوندە ئەنفالکراوەکانی دەڤەری بادینان
ناوەندەکە لە شاری دهۆک سێ کارمەندی هەیە کە بریتین لە عەلی بەندیی بەڕێوەبەر و ئەیوب نەسری و فاتمە جەمیل کە بۆ بەڕێوەبردنی ناوەندەکە دامەزراون. هاوشێوەی ناوەندەکەی هەولێر، ئەمەی دهۆکیش بانگەشەی ئەوە دەکات کە گرنگیی بە "پێداویستییەکانی چاکسازی و داواکاریی قەرەبووکردنەوە"ی ڕزگاربووان دەدات. لێرەدا سەردانیکەران لە ڕێگەی ئامرازە بینراوەکانییەوە کە ئەرکێکی وێناکردن وەردەگرن، بە ئەنفال ئاشنا دەبن. من و گۆران کاتمان دانابوو و گەیشتین بۆ دیداری عەلی بەندی، ئەویش پێیخۆش بوو یاوەریمان بکات بۆ کورێمێ و بە خەڵکانێکمان بناسێنێت کە هیوامان دەخواست چاومان پێیان بکەوێت. نیو کاتژمێر چاوەڕێمان کرد بەڵام دواتر لەلایەن ئەیوبەوە ئاگادار کراینەوە کە عەلی ناتوانێت بێت و پێشنیازی ئەوەی بۆ کردین ڕۆژی دواتر بگەڕێینەوە. لە غیابی عەلیدا، ئەیوب بووە وتەبێژی ناوەندەکە: "پێموایە ناوەندەکەمان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە پیشاندان و پێدانی زانیاری دەربارەی مێژووی پڕ زەبروزەنگمان و لە بیستنی دەنگی ڕزگاربوواندا".
ئەم ناوەندە کۆکراوەیەکی بچووکی کتێب سەبارەت بە ئەنفال و ئەلبوومی وێنەی ڕزگاربووانی کیمیابارانی ناوچەی بادینان و گەلەرییەکی ئەنفال لەخۆدەگرێت. گەلەرییەکە وێنەی ئەو ئەنفالکراوانە و وێنەی ئەو ژنانەی کە جل و بەرگی ڕەشیان لەبەردایە - ڕەنگی لەدەستدانی ڕەها و ماتەمینی بێکۆتایی - نمایش دەکرێت کە وێنەی ئازیزە ونبووەکانیان بەدەستەوەیە. زنجیرەیەک وێنەی هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ و ڕێوڕەسمی ناشتنەوە و گوندە وێرانکراوەکان و هەروەها بەڵگەنامەی دەوڵەتیی چوارچێوەدار لەگەڵ ڕێنماییەکان سەبارەت بە ئەنفال، لەوانەش فەرمانی ژمارە ١٦٠ و فەرمانی ژمارە ٤٠٠٨ و بڕیاری دادگاییکردنی ئەنفال کە ئەنفالیان ڕاگەیاندووە، نمایش دەکات وەک جینۆساید، تاوان دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ. وێنەکان هەم وەک شایەتحاڵ و هەم وەک بەڵگەی دۆکۆمێنتی کاردەکەن، کە لە ئامادەبوونی ئەواندا سەردانیکەر دەبێتە دادوەر. هەروەها گەلەرییەکە زنجیرەیەک وێنەی سەددام حوسێنی تێدایە: کە لە دەرەوەی حەشارگەکەی دەستگیرکراوە لەگەڵ ئەو وەرگێڕە سەربازییە عێراقی- ئەمریکییەی کە ناسنامەکەی دەستنیشان کردووە، لە دادگا دانیشتووە، بە پەتێکەوە لە ملی ئاڵاوە و هاکا بە هەڵواسین لەسێدارە درا وەک نیشانەیەک بۆ "نزیکبوونەوەی بەدیهاتنی دادپەروەری". دوایین وێنەی بە ئەنقەست لە کۆتایی پێشانگاکەدا دانراوە، لانیکەم بۆ ئاماژەکردن بە کۆتایی دەسەڵاتە توندوتیژەکەی کە بە جینۆساید دژی کورد گەیشتبووە لووتکە. لە نێوان ئەو دوو وێنەیەدا کە دانراوە - یەکێکیان سەددام کە لە بەردەم دادوەردا وەستاوە لە شوێنێکی پەرژینکراوی دادگادا و ئەویتریان چاوەڕێی لەسێدارەدانی دەکات - فەرمانێکی نووسراو هەیە، ئەو بەڵگەنامەیەی کە واژۆی نووری مالیکیی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتەی عێراقی لەسەرە، کە فەرمانی داوە بە وەزیری دادی عێراق بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری لەسێدارەدانی دادگای بەغدا بە هەڵواسینی سزادراوەکە، کە سەددام حوسێنە، بە تۆمەتی "کوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنی". وێنەکان باسێکی یەک لە دوای یەکی دادپەروەریی تۆڵەسەندنەوە پێکدەهێنن: سزای لەسێدارەدان کە حوسێن "شایانی بوو وەک سزایەک" لەسەر تەواوی تاوانەکانی.
وەک لە فەسڵی دواییدا بینیمان دادگای بەغدا و هەروەها دادگای نۆرنبێرگ دادپەروەریی تۆڵەسەندنەوەیان پراکتیزە کردووە بە سزادانی تۆمەتباران بە لەسێدارەدان بە هەڵواسین یان زیندانی هەتاهەتایی. ئەم کردەوە مۆدێرنەی بەرز ڕاگرتنی دادپەروەری بە هۆی ئەو نووسراوەی لەسەر میلی یاساکانی حەموورابیی، پاشای بابل لە ساڵی ١٧٩٢ تا ١٧٥٠ پێش زایین، کە لە دەقەکەیدا هاتووە: "مەرگ لە بەرانبەر مەرگدا، چاو لەبریی چاو، ددان لەبریی ددان، دەست لەبریی دەست، قاچ لەبریی قاچ، سووتان بۆ سووتان، برین لە بەرانبەر بریندا، شین و مۆر بوونەوە لە بەرانبەر شین و مۆر بوونەوەدا" (بەرمەش ٢٠٢٠، ٢٥٧ - ٢٥٨). لە ڕاستیدا، پێدەچوو گەلەرییەکە مۆرکی مۆدێلی حەموورابیی بەسەرەوە بێت بۆ دابینکردنی دادپەروەرییەک بۆ خەڵک کە لەگەڵ دامەزراوەی "کیتوم" (ڕاستی) و "میشاروم" (یەکسانی)دا تێکەڵ بووبێت (بەرمەش ٢٠٢٠، ٥٢).
دوا وێنەی مردنی نزیکبوونەی سەددام حسێن بە شێوەیەکی بینراو بانگهێشتمان دەکات بۆ ئەوەی شایەتحاڵی ساتێکی بێوێنەی مێژووی دوای کۆڵۆنیالیزمی عێراق بین. سەردەمانێک سەددام حوسێن سەرۆکی بێ ڕکابەری کۆماری عێراق بوو، بە سێ کەسی دەمامکدار دەوردراوە، یەکێکیان پارچە قوماشێکی ڕەش دەخاتە ژێر ئەو پەتەوە کە پێشتر لە ملی سەددام حوسێن کراوە بە شێوەیەک کەوا گرێکەی لای چەپی دەموچاویەوە بوەستێت. هەر وەک ناوەکەی سەددام، دیمەنی مردنیشی بە هەڵواسین لە ڕۆمانی "وەزارەتی ئەوپەڕی بەختەوەری"ی ئاروندهاتی ڕۆی، گوزارشی لێوە کراوە:
"ئەو [واتە سەددام] بەسەر ئەو کۆمەڵە پیاوە مڕومۆچەدا بەرز بووەوە کە کڵاوی ڕەش و لووتکە تیژیان لەسەردابوو کە دەوریان دابوو و لە ڕێگەی درزی چاویانەوە سەیریان دەکرد. هەردوو دەستی لە پشتیەوە بەسترابوو و بە بێدەنگی وەستابوو لە کاتێکدا یەکێک لە پیاوەکان ملپێچێکی ڕەشی بە ملیەوە دەبەست، ئاماژەیەکی دەکرد کە وا دیار بوو ملپێچەکە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی پێستی ملی بە هۆی پەتی هەڵواسینەکەوە نەڕووشێت. کاتێک گرێکەی بەست، ئەو ملپێچە وایکرد سەددام حوسێن هێندەی تر قەشەنگتر دەربکەوێت. ئەوجا بەرەو سێدارەکە ڕۆیشت لەو کاتەدا کە پیاوە دەمامکدارەکان چواردەوریان گرتبوو. پەتەکە بەسەر سەریەوە لوول کرابوو و لە ملی توندکرابوو. لێرەدا سەددام نزای خۆی کرد و دوا گوزارشی دەموچاوی پێش ئەوەی لە دەرگا تەڵەکەوە بکەوێت، ڕەنگدانەوەی بێزلێکردن و بێڕێزیی ڕەها بوو بۆ جەللادەکانی". (ڕۆی ٢٠١٨، ٩٠)
هەرچەندە سەددام بە هۆی کردەوەیەکی توندوتیژیی سیاسیی جیاواز لە ئەنفال هەڵواسرا، ئەوەش بە هۆی کارێکەوە بوو کە وێرانکردن و کوشتن و لەناوبردنی تێدابوو، بەڵام پێشانگاکە دەیگەڕێنێتەوە بۆ زنجیرەی فەرماندەیی ئەنفال و بەبێ کۆتایی و بە شێوەیەکی بینراو دادگایی دەکات. دیمەنی هەڵواسینی تا مردن هەمیشە خەریکە لە وێنەکەدا ڕوودەدات. ئەیوب ڕوونی دەکاتەوە کەوا وێنەکان "بە شێوەیەک ڕێکخراون بە سەردانیکەرەکانمان دەڵێن، کە زۆرێکیان خوێندکارن، ببینن چی بەسەر ئێمە [کورد]دا هاتووە و کێ ئەو کارەی کردووە و چۆن بە یاسا سزا دراون". گەلەرییەکە جیاوازە لە ئۆفیسی سەرەکی و هۆڵێک کە ناوی سەرجەم کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی ئاسیا و ئەوروپا و ئەمریکای باشوور و باکووری تێدایە کە چەکیان بە دەوڵەتی بەعسی عێراق فرۆشتووە لەسەر لافیتەیەک کە بەسەر تەواوی لادیوارێکی گرتووەتەوە.
لە تەنیشت نووسینگەی بەڕێوەبەرەوە، "پانۆرامای کۆمەڵکوژیی گەلی کورد"، ئەو تاوانانە دەخاتە ڕوو کە ڕژێمی بەعس لە ١٩ی ئابی ١٩٦٩وە بەرانبەر بە گەلی کورد ئەنجامیداون. هەرچەندە زۆربەی ئەنفالچییانی کورد هێشتا هەر ماون و لە ناوچەی بادیناندا ناسراون، کەچی لە مێژووناسیی ناوەندەکەدا لەبارەی ئەنفالەوە هەر بە دیارینەکراوی و نەناسراوی ماونەتەوە. ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال وەک سزایەکی بەکۆمەڵ بۆ هەموو گەلی کورد دەخرێتە ڕوو، سەرنجیش دوور دەخرێتەوە لە شێوازەکانی ڕزگاربووان بۆ خانەخوێی کردنی ئەنفال و بانگەشە بەردەوامەکانیان بۆ چاندنی دادپەروەری.
ڕۆژی دواتر گەشتمان کرد بۆ دیدار لەگەڵ ئەبابەکر سەعید کە یەکێک بوو لە شەش ڕزگاربووەکەی کۆمەڵکوژیی کورێمێ. من بۆ یەکەمجار لە ١٤ی نیسانی ٢٠١٢ لە ڕۆژی یادی ساڵانەی ئەنفالدا لە چەمچەماڵ، ئەبابەکر و هاوڕێ ڕزگاربووەکەی عەبدولقەهار خەلیلم ناسیبوو، هەرچەندە جلوبەرگی باوی کوردییان لەبەردا بوو، بەڵام هەردوو جلوبەرگەکەیان بە شێوەیەکی نائاسایی سەرنجڕاکێش بوو: ئەوان نیشانەیەکی زۆری پرسیاریان پیشان دەدا لەسەر ناوی ئەو گوندانەی کە لە سەردەمی ئەنفالدا وێرانکرابوون. هەردوکیان بانگهێشت کرابوون بۆ وەرگرتنی خەڵاتێک بە هۆی "بەزیندوویی مانەوەیان لە ژیاندا"، وەک ئەوەی ناویان لێنابوو. ئەمەش بە واتای ڕزگاربوون لە کۆمەڵکوژی دەهات و شایەتحاڵێک بوو کە لە دادگای بەغدا لە دژی ئەو کەسانەی بە دوژمنی ڕاستەقینەی کورد دادەنران، شایەتییان دابوو. ئەمە ئەو کاتەیە کە ئەبابەکر بانگهێشتی کردم بۆ سەردانکردنیان لە مانگێش کە لەوێ دەژیان و پێشنیازی کرد یاوەریم بکات بۆ سەردانی کورێمێ.
کۆمەڵکوژییەکە، ڕیزکردنێک لە بەردەم مۆدێرنیتەی سیاسیدا
دوو مانگ تێپەڕیبوو پێش ئەوەی ڕێگا بگرینەبەر بۆ مانگێش و ئەبابەکریش منی لەبیر کردبوو. پاشان ئەوەی ڕوونکردەوە کە تەنها وەک میوانێک کە سەردانی گوندەکە دەکەن پێشوازیمان لێدەکات: "چاوەڕوانی هیچی تر مەکەن" و ئاگاداری کردینەوە کە ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان گوندەکەی بووە ئێستا هیچ شتێکی لێ نەماوەتەوە چاوەڕوانی بکەین لە جیهانێکدا کە کۆتایی هاتووە، ئێستا تەنها وێرانە و تۆز و خۆڵ ماوەتەوە.
ئێمە یەکەمجار لە مانگێش چاومان پێکەوت کە لەگەڵ خێزانەکەی لەوێ دەژیا. چەند وێنەیەکی یەکەمین دیدارمان لە چەمچەماڵ پیشاندا و وردە وردە کەوتینە بیری. ئەوجا دەستی ڕاستی خستە سەر چاوی ڕاستی و وتی: "بەخێرهاتن سەر سەر و سەر چاوەکانم". وەک هەمیشە کاتێک کەسێک ئەم ئاماژەی میواندارییە بەکاردەهێنێ، دڵسۆزیی ئەو سڵاوەی کە تێیدا جووڵەی دەستەکانی جەختیان لەسەر بەهێزیی وشەی گۆکراو دەکرد، سەرسامی کردم و زمان سنووری خۆی هەیە. هێشتا دەمەوئێوارەیەکی زوو بوو، بۆیە ئەبابەکر پێشنیازی کرد کە پێش ئەوەی تاریک دابێت با گوندەکە ببینین.
کورێمێ گوندێکی تەریک و چەپەکە لە دۆڵێکی بچووکدا لە ناوچەیەکی کراوە بەڵام شاخاوی بە درێژایی زنجیرەی یەکەمی چیاکانی زاگرۆس. نزیکەی سێ میل لە باکووری شارۆچکەی مانگێشەوە بوو کە زۆرینەی مەسیحین و نزیکەی چل و پێنج میل لە ڕۆژهەڵاتی سنووری عێراق و تورکیاوە دوورە. ناوچەی بادینان کە تێیدا هەڵکەوتووە، بە شێوە زاری بادینی و داب و نەریتی جل و بەرگ لەودوای کوردستان جیا دەکرێتەوە. پۆشاکی باو بۆ پیاوان، چاکەت و جووتێ شەرواڵی پانتۆڵ ئاسایە، بە هێڵی قاوەیی و سپی تایبەتمەندە، تا ڕادەیەک لە بەشەکانی دیکەی کوردستاندا بە "پانتۆڵی زەبرا" گاڵتەیان پێدەکرێت. ئێستا بووەتە شتێکی ڕابردوو. وەک ئەو ڕێگایانەی کە بەرەو زۆرێک لە گوندەکانی تر دەچن کە لە سەردەمی ئەنفالدا وێرانکراون، ڕێگای کورێمێش ڕێگایەکی قیری هەڵوەشاوە و پێش گەیشتن بە گوندەکە کۆتایی دێت. لە پێش ئەنفالدا نزیکەی سەد و پەنجا خێزان لە کۆرێمێ هەبووە، ئەمڕۆ پێنج تا دە خێزانی تێدا دەژی کە دوو ساڵ دوای ڕاپەڕینی کورد لە ساڵی ١٩٩١دا گەڕاونەتەوە، تەنها بۆ ئەوەی ئەو جیهانەی کە پێی ڕاهاتبوون ببینن کەوا بە تەواوەتی لە سەر ڕووی زەوی سڕاوەتەوە. ئەو جیهانەی کە باوباپیرانیان بە دەستی ڕووتیان و چنگەکڕێ دروستیان کردبوو، بە سوودوەرگرتن لە زانیاریی بابلییەکان سەبارەت بە چۆنێتیی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی خشتی قوڕ، جیهانی ژیانی ئیکۆلۆجی، جیهانی یادەوەری و پەیوەندیی خۆشەویستیی خێزان و خەمخۆریی بە خاکەوە بەستراو تا کۆتایی تەمەن، جیهانی پەروەردەکردنی منداڵ و ناشتنی مردووەکان، جیهانی میوانداری لە ناو گوندەکان و نێوان گوندنشینەکانیان - هەموو ئەمانە کۆتاییان هاتبوو. بەیاننامەی ژمارە ٢٤٢٢ی فەیلەقی پێنجی سوپای عێراق بەردەوامە لە جاڕدانی کورێمێ وەک گوندێکی نایاسایی لە ناوچەیەکی نایاساییدا و دەبێت تەختی زەوی بکرێت و وێران بکرێت.
لە کاتی گەیشتنی مندا نزیکەی چارەکە سەدەیەک بەسەر وێرانکردنی کورێمێ و کۆمەڵکوژیی دانیشتووانی نێرینەیدا تێپەڕیبوو. ڕۆژگارێک کە زەویوزارەکەی بەپیت بوو، دانیشتووانەکەی سەرقاڵی خزمەت و چاودێری کردنی دارسێو و ڕەزە ترێکانیان بوون و دانەوێڵە و گەنم و جۆ و نۆک و تەماتە و پەتاتە و هەناریان بەخێو دەکرد، بەڵام ئێستا زەوییەکەی بەزەحمەت کشتوکاڵی تێدا دەکرێت. جاران دانیشتووانەکەی مەڕ و بزن و مریشکیان بەخێو دەکرد. هەندێ خێزان سەوزە لە ڕووبەرە بچووکەکاندا دەچێنن و کەر بەکاردەهێنن بۆ گواستنەوەی دار بۆ چێشتلێنان و نانکردن. کورێمێ بۆ ئەبابەکر بووەتە دونیایەک کە نە دەتوانێ لەبیری بکات و نە تێیدا بژی و مانگێش ئەو جیهانە نییە ئەمی تێدا ئاسوودە بێت بەڵکو ژیانێکی ئاوارەیی و دەربەدەرییە، کە ئەو و خێزانەکەی لە ماڵێکی سەربازیی سەردەمی بەعسدا دەژین. دەسەڵاتی خۆجێیی کوردی لە دهۆک ڕەتیدەکاتەوە بە ناوی ئەوەوە تۆماری بکات و بە "خانووی بەعس" ناوی دەبات.
کاتێ گەیشتینە کورێمێ، قۆڵی ڕاکێشام و وتی "وەرە ماڵی خۆمت پیشان دەدەم". بە ناو کەلاوەکانی خانووە دوو ژوورەکەیدا کە جگە لە دیواری ڕەق و تەق و داڕووخاو هیچی تری لێ نەمابووەوە، جگەرەیەکی پێشکەش کردم و سوپاسم کرد و لە گۆشەی ئەو شوێنە دانیشتم کە ڕۆژێک ژووری میوان بووە. من نەموێرا هیچ پرسیارێکی لێبکەم - لە مێشکمدا قسەکانی "چاوەڕوانی هیچ شتێکی تر مەکە" و تەنها شتێک کە هەمبوو چاو و جەستەم بوو هەست بە وێرانە بکات و تەنانەت دەست لە وێرانەکە بدات و تۆزەکەی هەڵمژم. من تەنیا شایەتحاڵ بووم، شایەتحاڵی جەستە بووم. ئەو زەردەخەنەیەکی بۆ کردم لە کاتێکدا کە دەیویست بە چیچکانەوە دابنیشێت و پشتی بە دیواری بەرانبەرەوە دەدا. "من لە شوێنی تۆ دادەنیشتم و چەندین جار چایم خواردووەتەوە. پێموایە کەمێک لە ئێستای تۆ گەورەتر بووم، کاتێ کورێمێ ئەنفال کرا" و ئەمەی بە ئاخ هەڵکێشانێکی قووڵەوە باسکرد. ناوبراو بە ئاماژەدان بە حوکمی دادگای بەغدا کە سزای مردنی ڕاگەیاند، بە هەڵواسین تا مردن بە سەر سەددام و ئەلمەجیددا، لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "دەزانی خنکاندنی خەڵک بە پەت، ژیانی ئێمەی لە کورێمێ نەگۆڕیوە". لە دوای بەیەکتر گەیشتنمان ئەوە یەکەمجار بوو ناوی ئەنفال/ ئەنفالکراو گۆ بکات. شاراوە نەبوو کەوا ئەم ناوە بوو ئێمەی لە شوێنێکدا کۆکردووەتەوە کە تا ئێستاش بە مالا من ناوی دەهێنا (واتە ماڵەکەم، ماڵ بە مانای خێزانیش دێت). ئاماژەکردن بە شوێنی نیشتەجێبوونی لە مانگێش وەک "ماڵ یان خانووی بەعس" بەڵام کەلاوە و وێرانە لە کورێمێ وەک "مالا من" دەرکەوت کە لە هیچ شوێنێکی نیشتمانەکەیدا ماڵی نییە و لەم جیهانەدا تەنیایە. وێرانەکە نەبوونی ئەوی دیاری کرد و پاراست و لە هەمان کاتدا وەک پشتڕاستکردنەوەی بەڵگەی یادەوەرییەکی بینراوی نەمر وەستابوو کە گەوهەری چۆنیەتی بیرهێنانەوە و پەیوەندییەکانی ئەبابەکر بە گوندەکە و منەوە پێکدێنێت. کەلاوەکانی کورێمێ گەواهیدی بوونی ماڵێکیان دەکرد کە سەردەمانێک خانەخوێیی خێزانێکی دەکرد و لە یادەوەرییەکانیاندا بووبووە بەشێکی دانەبڕاو و ڕزگاربوونیانی لە ئەنفال/ جینۆساید دیاری دەکرد، شتێک کە پێشتر لە گوندەکەدا ئەزموون نەکرابوو و وەک شوێنەواری برین مابووەوە لەسەر جەستەی ئەباباکر. بەرکەوتن بە وێرانەکانی دەوڵەتی مۆدێرن بەرکەوتن بوو بە زیانێکی بەردەوام و بێ ماڵ و حاڵی. ناتوانرێت کەلاوە و وێرانەکان بسپێردرێن بە ڕابوردوویەکی لەناوچوو. هەروەها ئەو کەسانەی لە گوندەکەدا دەژیان، هەمان ئەو کەسانەن کە بەدرێژایی ژیانیان لە ژێر ئاسەوارەکانی توندوتیژیی سیاسیی مۆدێرنیتەدا بەجێماون. ماڵ و لاشەی ئەبابەکر وەک وێرانە لەگەڵ گوندی کۆرێمێدا تێکەڵ بووە و لە یەک ژمارەدا وەک بەشێک لەو "4500" گوندە ون بووبوو کە بە شێوەیەکی باو یاد دەکرێتەوە کە لە سەردەمی ئەنفالدا تێکدرا و وێرانبوو، کە ژمارەیەکە و بوو بە بناغە بۆ نووسینی یادەوەریی نەتەوەیی و نیشتمانیی کورد و مێژووی سیاسی.
بانگهێشتی ئەبابەکر بۆ بینینی ماڵەکەی، هۆکار بوو بۆ لەدایکبوونی ئەودوای کاریگەرییە بەردەوامەکانی ئەنفال کە لە شێوەی وێرانەدا ڕووبەڕووی هەردوکمان بووەوە. بە دۆزینەوەی خۆم لە ناو کەلاوەکانی ماڵەکەدا، کە بە دیوارە داڕووخاوەکان دەورەدراوم و کەسێک لە تەنیشتمەوەیە کە لە کۆمەڵکوژییەکە ڕزگاری بووە و پێداگریی لەسەر ئەوە دەکرد کە نابێت چاوەڕوانی هیچ شتێک لەو سەردانەدا بکەم، هەوڵمدا لێی بپرسم: "پێدەچێت خەڵکێکی زۆر نەژین لە کورێمێدا. چەند جار سەردانی ماڵەکەت دەکەیت؟" لە وەڵامدا وتی: "زۆر زۆر دێم، هەروەها خێزانەکانی تریش هەن کە لە شوێنێکی تر دەژین کە ئەوانیش دەگەڕێنەوە و سەردان دەکەن، چیبکەین، ناتوانین کورێمێ لەبیر بکەین، گوندی خۆمانە".
کەلاوەکانی کورێمێ و کورێمێ وەک وێرانە هەموو شتێکە بەڵام ژیانی تێدا نییە. ماڵەکەی ئەبابەکر هەمیشە لەوێیە بۆ میوانداریکردنی، وەک چۆن میوانداریی کردین، بەبێ هیچ مەرجێک. ئەمەیە کە ئەنفال مۆرکی خۆی لەسەر هەر بستێکی گوندەکە بەجێدێڵێت، کە وەک جیهانێکی وێرانە لە لێواری مانگێشدا بەجێماوە و هەر کەسێک کە پێیدا تێدەپەڕێت. دەستپێکردنی گفتوگۆ بە واتای بانگهێشتکردنی ئەبابەکرە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو شتانەی کە وەک نیشانەیەک لەسەر جەستەی و لە یادەوەریدا دەژین. ئەوەی کە ئەو دەستی پێدەگات، بۆ جیهان بەگشتی بە دەستنەکەوتوو دەمێنێتەوە. لە کاتێکدا کە من جگەرەم دەکێشا و چاوم بڕیبووە دیوارەکان و هەناسەم لەو بەشانەی ماڵەکەدا دەدا کە پێشتر بوونەتە تۆز و خۆڵ، ئەو لە ژوورێکەوە بۆ ژوورێکی تر دەڕۆیشت. تەنها دوو ژوور هەبوون، ساپیتەکەشیان نەمابوو. ئەو لەپی دەستی چەپی بە دیواری ئەو ژوورەدا دەسوی کە من تێیدا دانیشتبووم و لە کاتی ڕۆیشتنی بۆ ژوورەکەی تر دەستی دەپرواند. ئەو هەر دەڕۆیشت و دەستی دەپرواند و بە دیوارەکانیدا دەهێنا و وەک ئەوە وابوو کە لە "ڕابردوودا" ڕێ بکات و دەستی لە یادەوەرییەکانی ئەو شتە دەدا کە پێی دەگوت ماڵەکەی.
پاشان گەڕایەوە بۆ لام و داوای لێکردم شوێنی بکەوم. پێموابوو دەیەوێت بڕوات، بەو پێیەی پابەند بوو بە بەڵێنەکەیەوە کە قسە نەکات. وەک هۆراشیۆ لە هاملێتی شەکسپیردا بە بێدەنگی داوای لێکردم کە "تکایە بمێنەرەوە، بمێنەرەوە، بمێنەرەوە، قسە بکە، قسە بکە، قسە بکە". کەواتە دەبێ بیرم لەوە کردبێتەوە کە قسەکردن ڕێگەم پێدەدات گوێم لە شتە ناونەهێنراوەکان بێت، یان وەرگێڕانی ئەو شتانەی کە وەرنەگێڕدراون و ئەبابەکەر بە بێسنوور لە خۆیدا هەڵیگرتووە. بێگومان قسەکردن وەک ئامێرێک وابوو کە توندوتیژیی وەرنەگێڕدراوی مۆدێرنیتە سیاسییەکەی لە یادەوەریی مندا و جەستەمدا نووسیبوو. چۆن دەتوانم لەبارەی ئەنفال/ جینۆسایدەوە شتێک بزانم ئەگەر شایەتحاڵی یەکێک لە کردەوە لە خەیاڵ بەدەرەکانی توندوتیژیی دەوڵەتی مۆدێرن ڕەتی بکاتەوە قسەم لەگەڵ بکات؟ من لەو کاتەدا نەمتوانی خەیاڵ بکەم کە خەریک بوو ببرێم بۆ بەشێکی یەکلاکەرەوەی کورێمێ کە ڕۆژێک هی ئەو بوو و ڕۆژێک خۆی چاندبووی. بە ڕاستی هیچ ڕێگەیەک نەبوو بۆ ئەوەی خۆم بۆ ئەو شتە ئامادە بکەم کە خەریک بوو ببمە شایەتحاڵی.
ئێمە ماڵی ئەبابەکرمان بەجێهێشت، بەڵام لە گوندی کورێمێدا ماینەوە: "ئەمە ئەو شوێنەیە کە بە زۆر ناچاریان کردین لە تەنیشت یەکترەوە بوەستین. ئێمە سی و سێ پیاو بووین - باوک، برا، ئامۆزا، مام. ئێمە چەند خێزانێکی خزم و نزیکی یەکتر بووین. ئەوان شانزە سەربازی چەکدار بوون و لەو سەرەوە وەستابوون، ئا لەو سەرەوە" ئەبابەکر ئەم قسانەی بۆ کردم. من هەموو گێڕانەوەی تری هەر کردەوەیەکی تری ئەنفالم لەبیر چوو و قسەکانی تەواو وشکی کردم. ئەمە شوێنی کۆمەڵکوژییەکە بوو.
ئەبابەکر بێدەنگ بوو و نەفەسێکی قووڵی لەو جگەرەیە دا کە لە نێوان پەنجە گەورەی و پەنجەی شایەتمانیدا گرتبووی. تێڕامانی لەو چرکەساتەی کە بۆ هەمیشە ژیانی لە کورێمێدا گۆڕیبوو، "ڕابوردووی" وەک کاتێکی بەسەرچوو باس نەکرد. بەڵکو بە قسەکانی جڵەوی بۆ بیرەوەریی وێناکراوی گرافیکیی ئازاد شلکرد بە جۆرێک کە وایکرد زنجیرەی فەرماندەیی ئەنفال بە دەوری ئێمەدا بتەقێتەوە بە ڕادەیەک کە من نەمتوانی پەنا بۆ هیچ شوێنێکی تری جیهان ببەم. شوێنی کۆمەڵکوژییەکە بە گژوگیای زەرد هەڵگەڕاوی کۆتایی مانگی حوزەیران داپۆشرابوو، لە کاتێکدا ئەبابەکر ڕێک بەو شوێنانەدا دەهات و دەچوو کە خۆی و کەسوکارەکەی تەقەیان لێکرابوو، منیش بەدوایەوە بووم، لە هەر شوێنێکدا دەوەستا و ئاماژەی پێدەکرد و ڕوونی دەکردەوە، "ڕێک لە تەنیشت ئەو شوێنەی ئێستا وەستاویت، ئەوە شوێنی هاشم بوو، ئەمە ئەو شوێنەیە کە عەبدولقەهاری لێبوو. ئەمەش ئەو شوێنەیە کە... [بێدەنگییەکی تەواو باڵی بەسەردا کێشا]". ئەوجا دوورکەوتەوە و چووە ئەو شوێنەی کە تەقە لە خۆی کرا و بەر شلکەی ڕانی چەپی کەوت. ئێمە وەستاین و ئەو تەماشای سەرەوەی کرد، بۆ ئەو شوێنەی کە سەربازەکان لێی جێگیر بوون و چاوەڕێی فەرمانی تەقەکردن بوون. ئەوجا جگەرەیەکی تری پێشکەش کردم و وتی:
"تەنها سەیری دوورییەکە بکە [نزیکەی شەست و پێنج پێ]. بەخوا وەک ئەوە وایە ئێستا تەماشای فیلمێک بکەم، من دەتوانم هەموو شتێک ببینم بەڵام ناتوانم تێبگەم کە چۆن توانیم لە ژیاندا بمێنمەوە. من دەمزانی دەمانکوژن و ئەوانیتر پێشتر دەستیان لەخۆیان شۆردبوو. پێش ئەوەی دەست بە تەقەکردن بکەن، من ڕامکرد، من تەنها ڕامکرد، ڕامکرد، ڕامکرد و لەو چرکەساتەدا تەنها گوێم لێ بوو هاواریان دەکرد "تەقەی لێ بکە! تەقەی لێ بکە! تەقەی لێ بکە!" تەقەم لێکرا و کەوتمە سەر زەوی و خۆم واپیشاندا کە مردووم. ئای خوایە، من زۆر بەختم هەبوو، لەوانەیە ئەگەر لە ڕیزەکەدا بمامایەتەوە بکوژرامایە، تەنها خودا دەزانێت".
لەم ساتانەی قسەکردن، ڕۆیشتن، وەستان، جگەرەکێشان و دیسان جارێکیتر قسەکردن، ڕۆیشتن، وەستان، جگەرەکێشانێکی تر، ئەبابەکر تەنها منی نەکردە شایەتحاڵی ڕووداوەکە بەڵکو بۆ هەمیشە کردمیە بارمتەیەک بۆ ئەوەی کە بە چەندین شێوازی جیاواز بەسەر خۆی هاتبوو، هەروەها بانگهێشتی کردم کە ببمە شایەتحاڵی قسەکانی و ئاوارەیی و جەستەی نیشانەداریشی. ئەو قاچی چەپی شەرواڵە کوردییەکەی هەڵماڵی تا ئەو ئاسەوارەم پیشان بدات کە فیشەکی کڵاشینکۆفی مۆدێرن لە پشتەوە بۆ پێشەوە ماسوولکەی ڕانی سمیبوو: "کاتێ زانیم کە نەمردووم، تێگەیشتم کە ناتوانم بە پێ بڕۆم. دوای ئەوەی ئەوان [سەربازە عێراقییەکان] ڕۆیشتن، بۆم دەرکەوت کە هەندێکی تر ڕزگاریان بووە. هاشم پێیوتم لەگەڵیان بڕۆم، بەڵام نەمتوانی بە پێ ڕێبکەم و بیست و چوار کاتژمێر لەوێ بەتەنها مامەوە، پێش ئەوەی چەتەکان (ئەنفالچییەکان) بە زیندوویی بمدۆزنەوە و بمنێرن بۆ هەواڵگریی سەربازی لە مانگێش"١. (لە ناوچەی بادینان بە زۆری بە جاش دەگوترا چەتە - وەرگێڕ)
ئەبابەکر پاش ئەوەی مژێکی تری لە جگەرەکەی دا وتی "ئەوە سەبارەت بە لەناوبردن بوو، وەک ئەوە وابوو بەنزین بەم پووشە وشکەدا بکەیت و ئاگری تێبەردەیت و تەواو". ئەو نەک هەر ئەو ناوەم پیشان دەدا و بە وشە باسی لەوە دەکرد کە چۆن بووەتە شایەتحاڵێکی ڕزگاربووی کۆمەڵکوژییەکی مۆدێرن بەڵکو لە زیانەکانی هەمیشەیی ژیانی مرۆڤایەتیی خۆیدا وەک بەشێک لەو توندوتیژییە نەگوێزراوەی ڕێکخراوی سیاسیی مۆدێرن ئاگادارم دەکاتەوە، واتە دەوڵەتی مۆدێرن.
من پێشتر بینیبووم کە چۆن فرانسیسکۆ دی گۆیا لە کتێبەکەیدا"سێی ئایاری ١٨٠٨"، Third of May 1808 کردەوەی کۆمەڵکوژییەکەی وەک تەرمی خوێناوی و زەوییەکی خوێناویی وێناکردووە، بۆ دەربڕینی سامناکیی ئەو توندوتیژییەی کە لە جەنگی نیمچە دوورگەدا بەرپاکرا لە نێوان هەردوو مەملەکەتی ئیسپانیا و فەرەنسا لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا. سەربازە چەکدارەکانی فەرەنسا لە هێڵێکی تۆکمە و بێوچاندا لە بەردەم دیلە مەدەنییە بێ بەرگرییەکانی ئیسپانیادا وەستاون. تاکە زمانێک کە سەربازەکان پەیڕەوی لێدەکەن، فەرمانی دەوڵەتی ئیمپراتۆرییە بۆ لەناوبردن و وێرانکاری و ئەوە تاکە فەرمانی سیاسییە کە دەرچووە. لە کاتێکدا کۆمەڵکوژییەکە دەبێتە کردەوەیەکی خوێنڕشتنی بێکۆتایی لەسەر ڕووی زەوی، ئەو شارەی کە کۆمەڵکوژییەکە لە بەرپێیدا ڕوودەدات خەوتووە. بەهەرحاڵ "هیچ شتێکی ئەقڵانی و ژیرانە نییە لەبارەی کۆمەڵکوژییەکەوە بگوترێت، چونکە بڕیارە هەمووان بمرن و جارێکی تر هەرگیز هیچ نەڵێن و هیچیان نەوێت. بڕیارە هەموو شتێک دوای کۆمەڵکوژییەکە تەواو کڕ و بێدەنگ بێت و هەمیشەش هەروایە" (ڤۆننێگوت ٢٠٠٠، ١٤).
دەکرێت وشەکان بخوێنرێنەوە بۆ ئەوەی بزانرێت کۆمەڵکوژییەکی مۆدێرن چۆن ڕێکدەخرێت و چۆن ڕوودەدات. بەڵام لە کاتێکدا کە من لە کۆرێمێ وەستابووم و گوێم لە قسەکانی ئەبابەکر بوو و شایەتحاڵی ئاماژەکانی بووم کە دیمەنی وەرنەگێڕدراوی کۆمەڵکوژییەکە لە کوێدا ڕوویداوە، ئازارەکە لە چاو و گوێمەوە هاتە ناو جەستەمەوە و هیچ شوێنەواری بەرەنگاربوونەوەی لە ناخمدا نەدۆزیەوە. من بە تەنیا لەوێ بووم، لە بەردەم دیمەنی وەرنەگێڕدراوی کۆمەڵکوژییەکەدا، هیچ ئەگەرێکی بەرگریم تێدا نەمابوو، لە هەموو جۆرە ناسنامەیەکی مرۆڤ داماڵرابووم و بەم شێوەیە لەگەڵ مۆدێرنیتە سیاسییەکەدا تێکەڵ بووم. من خانەخوێی تەواوی ئەو شتانە بووم کە لە دەرەوەی خۆم یان جەستەی مرۆڤانەمدا بوون و هێشتا هەر واشم. هیچ کاتێک نەبوو بۆ بەرەنگاربوونەوە یان تەنانەت بیر لەوە بکەمەوە کە چی هەڵبژێرم و هەڵنەبژێرم. چۆن بتوانم ڕێگری لە ئەبابەکر بکەم کە قسە بکات و لە مەسەلەیەک بدوێم کە هیچی لە بارەوە ناگوترێت و وەرچەرخاوە بۆ بەرگرییەکی سیاسی؟
قسەکردن گرنگییەکی قووڵی هەبوو: "ئازارەکانت بۆ هەموو کەسێک باس مەکە"، ئەمە قسەی عەبدولقەهار خەلیلی هاوڕێی بوو کە بە ئەبابەکری وت لەو کاتەدا کە بەرەو کورێمێ بەڕێکەوتین، ئەبابەکریش لە وەڵامدا وتی: "خەمت نەبێت، من قسەیان بۆ ناکەم". ئەمە قسەیەکی بنەڕەتی بوو بۆ فێربوون و زانستی ئەنترۆپۆڵۆژی لە زنجیرەی فەرماندەیی ئەنفالدا، بۆ یادکردنەوەی داهاتووی و بۆ میوانداریی بەرەو یادەوەرییە مێژووییەکان و یادەوەرییەکانی ڕۆژانە. بەم پێیە هەر دیدارێک لەگەڵ ئەبابەکر ئاڵوگۆڕێکی شۆکهێنەرە لەگەڵ جیهانێکی نەگوێزراوەدا کە لە خوێناوی دەوڵەتی مۆدێرنی خاوەن سەروەریدا نوقم بووە و توندوتیژیی وێرانکەری خۆی لەسەر جەستەی بەئامانجکراوی ئەو پراکتیزە دەکات بەو پێیەی کە جەستەی بەکۆمەڵی ئەو ناوچە و گوندانەیە کە لە یاسا دەرچوون و نوێنەرایەتیی جەستەی" هەڵگەڕاوەی هاوشێوە"ی سەرۆک کۆمار دەکەن (بڕوانە فۆکۆ 1977، 29).
ئازارەکە بە تەواوی هی تاکی مرۆڤێک یان خەڵکانی گوندنشینی گوندێکی تەنها و دابڕاو نییە، یان ئەزموونی مرۆڤایەتیی پیاوێک نییە کە لە کردەوەیەکی مۆدێرنی لەناوبردن ڕزگاری بووە و نوقمی بیرکردنەوە دەبێت کاتێ کە لە یادەوەرییەکانیدا دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵکوژی و وێرانکردن و لەناوبردنی کورێمێ. ئازارەکە تارمایی توندوتیژیی دەوڵەتییە کە نە زیندووە و نە مردووە بەڵام دیمەنێکی ناسراوی مۆدێرنیتەی سیاسییە کە ڕێگری لە مردنی "سروشتی" دەکات و هەموو ئەو شتانە لەناودەبات کە ئەگەری مرۆڤبوونیان لێدەکرێت و لە جیهاندا بن لەگەڵ ئەوانیتردا.
گۆڕستان، یادەوەرییەک بۆ داهاتووی سیاسی
٢٨ی ئابی ٢٠١٣، بیست و پێنجەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژیی کورێمێ و وێرانکردنی گوندەکە و "کۆتایی" ئەنفال بوو. ساڵیادی ئەوەی تا ئێستاش وەک کارەساتی خوێناویی کورێمێ لە یادەوەریدا مابێتەوە، یەکەمین یادکردنەوەی ڕێکخراو بوو بۆ ڕووداوە قڕکەرەکانی ٢٨ی ئابی ١٩٨٨. وەک بەشێک لە یادی ساڵانەی ئەنفال لە ناوچەکەدا، ئەم یادکردنەوەیە لە دەرەوەی گوندەکە و دووریی نزیکەی ١٧٠ پێ بەڕێوەچوو لە ڕۆژئاوای شوێنی کۆمەڵکوژییەکەوە. هەموو دانیشتووان بەشدارییان کرد و لەناکاو گوندەکە لە دانیشتووانەکەی چۆڵ بوو. ئەوانی تر کە گوندەکەیان بەجێهێشتبوو و لە شوێنی تر دەژیان و هەندێ خێزانی خەڵکی گوندی (چەلکێ)ش هاتبوون بۆ دەربڕینی ماتەمینی بێکۆتایی خۆیان. ژنان و تەنانەت کچانی تەمەن حەوت ساڵان، بەرگی ڕەشیان پۆشیبوو، پیاوەکان زیاتر جلوبەرگی کوردیی قاوەیی، ڕەش، خۆڵەمێشی، یان خاکییان لەبەردا بوو بەڵام هەندێکیش جلی کوردیی بادینیی خەتخەتیان لەبەرکردبوو. سێ ڕیزی یەکەمی کورسییەکان بۆ پیاوان تەرخانکرابوو، بەڵام سێ ژن لەسەر کورسیی کۆتایی ڕیزی یەکەم و دووەم دانیشتبوون. کورسیی پلاستیکی بە ڕەنگی زەرد و سوور و سپی لە بەردەم تەختەی شانۆکەدا بە ڕیز دانرابوون. سوور و سپی بەشێکن لە ئاڵای کوردستان، زەرد ڕەنگی سەرەکیی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانە کە بە هەمان شێوە خاکەکەی دیاری دەکات. دارەکەی تەنیشت شانۆکە لافیتەیەکی گەورەی لەسەر بوو کە وێنەی مستەفا بارزانیی سەرۆکی یەکەمی (پ د ک) و ئیدریس بارزانیی کوڕی (کە لە کۆتایی ١٩٨٠کاندا کۆچی دوایی کرد و باوکی نێچیرڤان بارزانیی سەرۆکی ئێستای حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا ساڵی ٢٠٢٣ی لەسەر بوو) و مەسعوود بارزانیی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئێستای (پ د ک) لە ساڵی ٢٠٢٣وە. لە ڕیزی دووەم لە پشتەوە سێ ژن دانیشتبوون کە وێنەی کوڕ و هاوبەشی ژیان و مام و ئامۆزا و پوورزا کۆمەڵکوژکراوەکانیان لەسەر ئەژنۆیان هاوسەنگ کردبوو بە شێوەیەک کە وێنەکانیش، ڕووبەڕووی شانۆ بوون. بەپێچەوانەی ئاڵای بارزانییەکانەوە کە ڕووی لە ئامادەبووان دەکرد، ئەم وێنە چوارچێوەدارانە بۆ ئەوانەی لە ڕیزی پێشەوە دانیشتبوون، نەبینراو بوون. هەروەها لە ئامادەبووان ڕزگاربووانی ئەنفال هەبوون، لەنێویاندا چوار ڕزگاربووی خودی کۆمەڵکوژیی کورێمێ هەبوون، کە هیچیان داوایان لێنەکرا بچنە پێشەوە و قسە بکەن. هەندێکی تریش هەبوون کە بۆ ئەو مەبەستە هاتبوون، بۆ ئەوەی بە ڕزگاربووان و بنەماڵەی ئەو کەسانەی کۆمەڵکوژ کران، ئەشکەنجە دران، بێسەروشوێن کران و دوای پرۆسەی ئەنفال مردن پێیان بڵێن کە ئەمە لە ٢٨ی ئابی ١٩٨٨ لە گوندەکەیان ڕوویداوە.
بێژەر یان پێشکەشکاری بۆنەکە، پیاوێک بوو کە جلێکی ڕەشی کوردیی لەبەردا بوو، چووە سەر شانۆ و لە پشت پۆدیۆمەکە جێگەی خۆی گرت. لە بەردەمیدا ڕیزێک مایکرۆفۆن ڕێکخرابوو، یەکێکیان بۆ خودی پێشکەشکارەکە و ئەوی دیکەیان بۆ حەوت بێژەری کوردی سەر بە پارتە سیاسییە جیاوازەکانی کورد. لە نزیک مایکرۆفۆنەکان، خانەخوێ وتارەکەی دەستپێکرد: "بە ناوی خودای میهرەبان و بەبەزەیی، بە ناوی خەڵکی کورێمێ و بە ناوی شەهیدانی کورێمێوە، بەخێرهاتنی عەبدولخالق باپیریی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پ د ک، ئەندامانی پەرلەمانی [کوردی]، میقداد عەلی لە لقی (پ د ک) لە شەقڵاوە، بەرەڤان حەمدی، نوێنەری وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفال [هەروەها ئەندامی پ د ک]" دەکەین. ئەو بێدەنگییە بە ژەنینی سروودی نەتەوەیی کورد شکا (بڕوانە بەشی شەشەم). پاشان بێژەرەکە داوای لە نەسرەت بادی، بەرپرسی لقی دهۆکی وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفال کرد وتارەکەی پێشکەش بکات و نەسرەت بەرپرسیار بوو لە سازدانی ئەو یادە لە کورێمێ. لە دوای قسەکانی بێژەر، نەسرەت بە ناو بەخێرهاتنی لە هەموو ئەندامانی (پ د ک) کرد و ئەوانیتر بە ئاماژەدان بە دامودەزگاکانیان و ئافرەتانیش وەک "دایکانی شەهیدان" کە بەردەوام بوون لە "ئاگاداری و چاودێریی منداڵانی شەهیدان" و پاشان وتارەکەی پێشکەش کرد:
"جیاوازییەکی زۆر گەورە هەیە لە نێوان ئەو کاتەدا ٢٨ی ئابی ١٩٨٨ و ئێستا ٢٨ی ئابی ٢٠١٣ هەیە، ئەو دەمە تاوانێکی هێجگار گەورە بەرانبەر کەسانی بێگوناح ئەنجامدرا. هۆکاری ئەمەش ئەوە بوو کە کورد بوون و نەتەوەیان کورد بوو، کە ئەوە تاکە هۆکار بوو. لە کۆی سی و سێ پیاو کە کۆمەڵکوژ کران، شەش کەسیان ڕزگاریان بوو. ئەوان خەڵکی گوندەکانی کورێمێ و چەلکێ بوون. ئەوە خواست و بەزەیی خودا بوو کە شەش کەسیان ڕزگاریان بوو.
دەوڵەتی عێراق توندوتیژیی جینۆسایدی دژ بە کورد بەرپاکرد. ئەمە پلانی ڕوونی حیزبی بەعس بوو. ئێستا ڕێزێکی زۆر هەیە بۆ شەهیدەکانمان و بۆ ئەنفالەکانمان. ئەمڕۆ هاووڵاتییەکی بەریتانی یان ئەمریکی ناوی کورێمێ دەزانێت و ئەوە دەستکەوتی ئێمەیە. ئەمڕۆ حکوومەت و پەرلەمانی خۆمان هەیە و ئێمە لە ئازادیدا دەژین.
هیوای من ئەوەیە کورد قەدری ئەو شتانە بزانێت کە بەدەستمان هێناوە و بیپارێزێت بۆ ئەوەی جارێکی تر ئەزموونی ئەوە نەکەین کە لە کورێمێ ڕوویدا. لە دەوروبەرمان کەسانێک هەن کە ئێرەیی بەو شتانە دەبەن و حەزیان لەوە نییە کە بەدەستمان هێناوە. دەبێت ئەوەی ئێستا هەمانە بیپارێزین و بەردەوام بین لە هەنگاونان بەرەو پێشەوە، بەرەو دەوڵەتبوون. دەمەوێت بڵێم پێویستە بیر لە کوردایەتیی خۆمان بکەینەوە. ئەمڕۆ دەبێت ببێتە ڕۆژی ئاوەدانکردنەوەی گوندەکانمان و لەبیرمان بێت ئەو کاتە چیمان بەسەرهات و لە داهاتوودا چۆن بژین. زۆر سوپاس".
"ئەوە بەرپرسیارێتیی هاوبەشی ئێمەیە بەرانبەر بە نیشتمان کە ئەنفال لە ئاستی جیهانیدا بناسێنین" بە پیتی سپیی گەورە لەسەر لافیتەیەکی ڕەش نووسرابوو کە لۆگۆی وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفال و ئاماژەیەک بۆ لقەکەی دهۆکی لەسەر بوو. نەسرەت لە وتارەکەیدا پێداگریی لەسەر هەنگاونان کرد بەرەو دەوڵەتبوون لە ڕێگای سیاسەتێکی یادکردنەوەی ئایندەیەوە و ڕزگاربووان و خێزانە زیندووەکانی کورێمێی فەرامۆش کرد و ئاماژەی بە چەتەی کورد (واتە ئەنفالچییەکان) نەکرد. لە ڕاستیدا یەکێک لە ئەنفالچییە پلە باڵاکانی کورد هەر لەوێ لە ڕیزی پێشەوە دانیشتبوو، دەستەجلێکی بادینیی خەتخەتی لەبەردا بوو و سەر و سمێڵی بە ڕەش بۆیاخ کرابوو.
لە پاش دوا وتار، کە سەددام حوسێنی وەک سەرکوتکەری کورد و "بارزانیی نەمر"ی وەک ڕزگارکەری وێناکرد، کۆبوونەوەکە کۆتایی هات و هەندێ کەس بە هەڵوەشاندنەوەی شانۆکە دەستیان پێکرد. پاشان ئامادەبووانی زیاتر لە دوو سەد کەس وردە وردە کاروانێکیان پێکهێنا کە ڕێگەی خۆی بەناو کەلاوەکانی گوندەکەدا کردەوە بۆ گۆڕستانەکە. لەوێ لافیتەیەکی تر کە درۆشمی وەزارەت و وشەگەلی "بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و کاروباری ئەنفال لقی دهۆک"ی لەسەر بوو کە بە پیتی زەرد و گەورە نووسرابوو، لەسەر یەکێک لە چوار بینا کۆنکرێتییە تازە درووستکراوەکان هەڵواسرابوو. لە خوار ئەمەشەوە درۆشمی "سەروەریی یاسا و پاراستنی مافی هاووڵاتیان برینی ئەنفال ساڕێژ دەکات".
خێزانەکانی ئەو کەسانەی کە لە ٢٨ی ئابی ١٩٨٨ کۆمەڵکوژ کران و دواتر لە ساڵی ١٩٩٢دا گۆڕەکانیان هەڵدرایەوە و سەرلەنوێ بە خاک سپێردرانەوە، بەشداریی ڕێپێوانەکەیان (مەوکیبەکەیان) کرد بۆ ئەوەی چاودێریی سیاسەتمەداران بکەن کە تاجە گوڵینەیان لەسەر یەک گۆڕ دانا لەجیاتیی هەموو گۆڕەکان. گۆڕستانەکە دوا هەواری پشوودانی ئەو قوربانییە کۆمەڵکوژکراوانە بوو کە بریتی بوون لە: هەژدە کەسی خەڵکی کورێمێ، کە تەمەنیان لە نێوان سیانزە بۆ چل و سێ ساڵ بوو، نۆ کەسی خەڵکی چەلکێ، لە نێوان نۆزدە بۆ سی و نۆ ساڵ. میدڵ ئیست وۆچ / هیومان ڕایتس وۆچ و پزیشکانی مافی مرۆڤ تیمێکی پزیشکیی دادوەریی نێودەوڵەتییان لە ئەنترۆپۆڵۆجیست و شوێنەوارناسان لە ئەمریکای باشوور و باکوور کۆکردبووەوە کە لە نێوان ٢٦ی ئایار و ٢٢ی حوزەیرانی ١٩٩٢دا هەڵدانەوەی گۆڕ و شیکاریی پزیشکی دادوەرییان ئەنجامدابوو بۆ ئێسک و پرووسکی ئەوانەی کە لە کۆرێمێ کۆمەڵکوژ کرابوون (HRW MEW / وPHR ١٩٩٣؛ مێسەڵاس 2008، 332 - 335)٢.
توێژینەوەی پزیشکیی دادوەری (فۆرێنسیک) لەگەڵ وێنەی پشتیوانی خرایە بەردەست لە دادگاییکردنی سەددام حوسێن لە ساڵی ٢٠٠٦دا. کڵاید کۆڵینز سنۆ، مرۆڤناسێکی (ئەنترۆڵۆجیست) پزیشکیی دادوەری و بەرپرسی زانستیی تیمی پزیشکیی دادوەری، وەک شایەتحاڵی پسپۆڕ لە یەکەم دادگاییکردن لە دادگای بەغدا دەستنیشانکرا. لە چاوپێکەوتنێکیدا وتی:
"نزیکەی ١٥ ساڵ دواتر بوو کە سەددام درایە دادگا و داوایان لێکردم ئەم بەڵگەیە لە دادگاییکردنیدا بخەمە ڕوو. ئەوە یەکەم دادگاییکردن بوو کە لە هەر شوێنێکی جیهان بەشداریم تێدا کردبێت و تۆمەتباران مافی ئەوەیان پێدرابوو کە بە مۆڵەتی دادوەر لێپرسینەوە لە شایەتحاڵێکی پسپۆڕ بکەن. سەددام حوسێن نەیدەزانی من کێم و لە کوێوە هاتووم و دەیویست تەحەددای تواناکانم بکات و وتی عێراق پڕە لە گۆڕی بەکۆمەڵ، تۆ چۆنت زانی ئەوانەی باست کردوون هی سۆمەرییەکان نین کە تەمەنیان چەندین هەزار ساڵە. من بەپەرۆشەوە ویستم کرد ئیشارەت بەوە بدەم کە هەرچەندە دەمزانی سۆمەرییەکان شارستانییەتێکی دەوڵەمەندیان هەبوو بەڵام نەمدەزانی ئەو شارستانییەتە ئەوەندە پێشکەوتوو بووە کەوا زۆرێکیان کاتژمێری دەستیی دیجیتاڵییان لە دەستدا بووبێت وەک ئەوانەی لەسەر ئێسکە پەیکەرەکانی کورددا دۆزیمانەوە. من لەوەش زیاتر مەراقم بوو ئەگەر بکرایە و هەر هەموویان لە ٢٨ی ئابی ١٩٨٨ یان لە دەوروبەریدا بوەستێنرایە. (کۆڵینز ٢٠٠٩)".
لەوانەیە کەم کەسی ڕزگاربوو، لەوانەش ئەو کەسانەی کە لە کۆرێمێ دەژین، لێکۆڵینەوەی (وەرگێڕانی کوردیی) پزیشکی دادوەرییان خوێندبێتەوە؛ بەڵام ئەوانەی کە بینیویانە بە باسێکی زانستیی تۆکمە لە کۆمەڵکوژیی کۆرێمێ وەسفی دەکەن. بەشداریی توێژینەوەکە لە ناسینەوەی ڕوفات و پاشماوەی ئەو کەسانەدایە کە لە ٢٨ی ئابی ١٩٨٨دا کۆمەڵکوژ کراون. ئەم گۆڕستانەی کۆرێمێ لە گۆڕستانەکانی تری "قوربانییان"ی ئەنفال جیاوازە، چونکە ئەوانەی لەو گۆڕستانانە نێژراون نەناسراون و ناسنامەیان دەستنیشان نەکراوە، بەڵام ئەوانی کورێمێ ناسراونەتەوە. گۆڕستانی کۆرێمێ دەکەوێتە پشت قوتابخانەی سەرەتایی کۆنی گوندەکەوە. لە مانگی ئابی ٢٠١٢ کە بۆ یەکەمجار من سەردانیم کرد، لە دۆخێکی خراپدا بوو و تەنها لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٥دا ئاوەدانکرایەوە، لەگەڵ ئاوەدانکردنەوەکەدا ئامادەکرا بگۆڕدرێت بۆ یادگارییەکی نیشتمانی.
ڕێکردن بە ناو گوندەکەدا مەوکیبێکی تێپەڕین بوو بە ناو چەندین زیان و لەدەستچوون و ئاوابووندا لە ژیانی گوندەکە و ژیانی دانیشتووانەکەیدا. مەوکیبی خەڵکەکە بە خانووە کەلاوە و وێرانەکاندا تێپەڕین، کە ماڵی ئەبابکریش لە نێویاندا بوو. کەواتە ئەو "دیدگای ئایندە"یە کە لە وتارەکاندا بەڵێنی پێدرابوو، زەمینەسازیی نەبوو لە بەردەوامیی کۆرێمێ یان ئەو زیانە قورسە زۆرانەی سەر و ماڵ، کە دانیشتووانەکەی خانەخوێیان لێدەکرد و لە یادەوەرییەکانیاندا هەڵیانگرتبوو، زیاتر لەسەر ئەوانە بوو کە بەرژەوەندییە سیاسییەکان وەریانگێڕابوون و وەک قوربانی و شەهید ڕایانگەیاندبوو. شەهید نەک هەر واتایەکی ئاینیی شایەتحاڵی لە بەردەم خودادا هەڵگرتووە بەڵکو مانای ژیانی قوربانیی نەتەوەی کورد و نیشتمان و دیدگای ئایندەی کوردیشی هەڵگرتووە. میللەت و دەوڵەتێکی مۆدێرن نییە بەبێ قوربانیدان. وەک پێشتر باسمان کرد، گێڕانەوەی باڵادەست زنجیرەی فەرماندەیی ئەنفال وەک توندوتیژیی جینۆساید و بە تایبەتی بە جینۆسایدی ئەرمەن و هۆڵۆکۆستەوە دەبەستێتەوە. ئەم ئاسۆ سیاسییە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات کە نەتەوەیەک قوربانیی هەبێت دەبێت وەک گەل و نەتەوەیەک لەلایەن گەلانی دیکەوە لە سەرانسەری جیهاندا بناسرێت. لەم حاڵەتەدا دانیشتووانی گوندنشین و پێشمەرگە ئەوانەن کە دەبوو هەم بۆ دەوڵەتی بەعسی عێراق و هەم بۆ خاتری نەتەوەی کورد بکرێنە قوربانی. ئاوەدانکردنەوەی گۆڕستانەکە بەم شێوەیە هەنگاوێک لە ئاوەدانکردنەوەی گوندەکە دوور بوو. جگە لەوەش یادکردنەوەکە و گۆڕستانە نوێیەکە پەیوەندییەک لە نێوان یادکردنەوەی ئێستا لەگەڵ داهاتوو و "ڕابردوو" وەک پەیوەندییەک لە نێوان یادەوەری و لەبیرچوونەوە پێشنیاز دەکەن.
دوای دانانی تاجەگوڵینە، سیاسەتمەداران بەرەو ئۆتۆمبێلە لاندکرۆزەرەکانیان چوون و هەموویان کورێمێیان بەجێهێشت. عەبدولقەهار پێداگریی لەسەر ئەوە کرد کە شەو لەگەڵیدا لە ماڵی ئەو لە مانگێش بەسەربەرین. ماڵەکەی ڕووی لە ماڵی چەتەیەکی (جاشێکی) پێشوو بوو. شەش کەس لە ئێمە میوانی ئەو بووین: ئەبابەکر، هاشم ڕەشید، کە ئەویش ڕزگاربووی کۆمەڵکوژیی کورێمێ بوو، هۆمەر محەمەد، بەڵێن عەزیز، هاوتوێژەرێکی تر کە هێمن عەبدوڵڵا بوو و خۆم. گرووپەکەمان نەک تەنها بە نەبوونی هیچ ژنێک بەڵکو بە ڕێکخستنی پلەبەندی لە نێوان ڕزگاربووانی پیاوانی کۆمەڵکوژییەکەدا دیار بوو. عەبدولقەهار ڕاشکاوانە، لە ڕووی ئابوورییەوە باشتر بوو، لە ڕووی سیاسییەوە چالاک بوو و وا دیار بوو لە ژیانی کەسی و خێزانیی خۆی ڕازی بوو. دوای نانخواردنی ئێوارە هۆمەر داوای چاوپێکەوتنی لێدەکرد لە باخەکەیدا و داوای لە منیش کرد کە لەگەڵیدا بم. هۆمەر پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ هەر سێ ڕزگاربووەکە دامەزراندبوو و لای هەرسێکیان کەسێکی ئازیز بوو. عەبدولقەهار یەکسەر ڕازی بوو و ئەم چاوپێکەوتنەی خوارەوە گەڕانەوەی ئێمە بوو بۆ یادەوەرییە ڕیشەییەکان. هۆمەر ویستی ئەزموونە کەسییەکانی عەبدولقەهار کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی وەک ژیاننامەیەک بڵاویان بکاتەوە. هەر لەو کاتەوە خەریکی کاری هاشم ڕەشید بوو کە دواتر بە کتێبێک بڵاوی کردەوە (٢٠١٣).
"کەس نییە تەنیاییمان بڕەوێنێتەوە"
ڕۆژی دواتر، ٢٩ی ئابی ٢٠١٣ گەڕاینەوە کورێمێ، پێشتر چەندین جار چاوم بە هاشم کەوتبوو و قسەم لەگەڵ کردبوو، بەڵام ئەمجارە جیاواز بوو، چونکە ئێمە لە کورێمێ بووین، ئەو شوێنەی کۆمەڵکوژییەکەی تێدا ڕوویدابوو. لە کۆتاییدا پیاسەیەکمان کرد، من لەگەڵ هاشم سەرقاڵی گفتوگۆیەک بووم سەبارەت بە نیشانەکانی ئەو کۆمەڵکوژییەی کە لەسەر جەستەی مابووەوە. وەک ڕۆژی یادکردنەوەکە بە ناو گوندەکەدا ڕۆیشتین و گەیشتینە لای ڕۆژهەڵاتی شوێنی کۆمەڵکوژییەکە. هاشم کەوتە قسەکردن:
"کەس نەبوو بزانێت خەریکە چیمان بەسەر دێت، کەس نەبوو تەنیاییمان بشکێنێت، لە ٢٥ی ئابدا زانیاریمان لەسەر بۆردمانی کیمیایی هەندێ گوندی ناوچەکە وەرگرت. بۆیە ڕۆژێک دواتر لە گوندەکە ڕزگارمان بوو و بۆمان دەرکەوت کە ناتوانین بچینە ناو تورکیاوە. لەبەر ئەوە گەڕاینەوە بۆ کۆرێمێ و کۆمەڵێک خەڵکی چەلکێیش لەگەڵمان بوون.
دوو ئەفسەر بە پلەی مولازم لە کەمتر لە کاتژمێرێکدا بڕیاریان لە کوشتنەکەمان دا. ناوەکانیان محەممەد و عەباس بوو، کە ئێمە پێش کۆمەڵکوژییەکە گوێبیستی بووین. ئەوان لەسەر واکی - تۆکییەکانیان لەگەڵ سەرۆکەکانیان قسەیان دەکرد بەڵام ئێمە نەمانبیست کە چییان دەگوت. من ئەمە دەبینم، کاتێک قسە دەکەم [لەگەڵ ئێوە]، وەک وێنەیەک وایە کە بە بەرچاومدا تێپەڕ دەبێت. کێشەکە ئەوە بوو کە دوای ئەوەی ئەوان [سوپا] کاری خۆیان [کۆمەڵکوژییەکە] ئەنجامدا یەکێکیان هات بۆ ئەوەی دوا گوللەی بەزەیی [طلقة الرحمة] بە سەری هەر یەکێک لە ئێمەوە بنێت. سەرم لە نێوان هەردوو قاچیدا بوو و لەو ساتەدا بۆردمانی ناوچەی دەوروبەری کورێمێ دەستی پێکرد. دوو جار تەقەی کرد، بەڵام لە قاچم و لە جەستەی کەسێکی تر و پاشان ڕۆیشت.
"دوای ئەوەی هەموویان شوێنی ڕووداوەکەیان بەجێهێشت، بۆردمانەکە دەستی پێکرد و هەموو دەوروبەرمان ئاگری گرت. ئاگرەکە خەریک بوو بگاتە ئەو شوێنەی کە لێی پاڵکەوتبووم، دوو کەسی دیکەش هەبوون کە لە کۆمەڵکوژییەکە ڕزگاریان بووبوو، ئەوانیش عەبدولقەهار و کەریم بوون، بە پێچەوانەی ئەوان نەمدەتوانی بجووڵێم، تەقەم لێکرابوو و هەموو لای پشتەوەی قاچی ڕاستم نەمابوو، پێم وابوو دەمرم، کەریم هەوڵیدا ئاگرەکە بکوژێنێتەوە بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، داوام لێکردن لە ئاگرەکە ڕزگارم بکەن و لەوێ بەجێمبهێڵن، دواجار من لە نێوان ئاگرێک لە لای ڕاستم و ئاگرێکی تر لە لای چەپمەوە گیرمخواردبوو، عەبدولقەهار بەڵێنی دا بگەڕێتەوە بەڵام ئەگەر نەمرێت.
سوێند بەخوا قسەکردن بایی یەک هەناسە کارەساتی خوێناویی کۆرێمێ ڕوون ناکاتەوە[لێرەدا چاوەکانی پڕ بوون لە فرمێسک]. پاش کەمێک بە زۆر خۆم بە قاچێک وەستام و قاچەکەی ترم بە ئاڕاستەی عەبدولقەهار و کەریم بەکێشکرد، لە ڕێگا ئەبابەکرم بینی کە ئەویش ڕزگاری بووبوو، نەیدەتوانی بجووڵێت. عەبدولقەهار و کەریم کەرێکیان دۆزییەوە و هەڵیانگرتم بۆ حەشارگەکەی خۆمان. جل و بەرگ و دەرمان و زۆر شتی ترمان شاردبووەوە کە یارمەتیدەرمان بوون بۆ چارەسەرکردنی برینەکانمان. ڕاستییەکەی ئێمە هەرگیز چاوەڕێی ئەوەمان نەدەکرد حکوومەتی عێراق بە سوپا و ئەنفالچیی کورد و تانک و هەلیکۆپتەر هێرش بکاتە سەر ناوچەکە. ئێمە لە ناو ئەشکەوتێکدا خۆمان شاردبووەوە و لەوێوە بە دوربین تەماشای هێزە سەربازییەکانمان دەکرد. دوای ڕۆژی سێیەم گوێمان لە دەنگی گوللە و سەربازەکان بوو کە بەرەو ڕووی ئێمە دەهاتن. ئێمە لەو کاتەدا ئەمەمان نەدەزانی، بەڵام دوای گرتنی ئەبابەکر [بە زیندوویی]، کەوتنە ژماردن و تەنها بیست و حەوت لاشەیان دۆزیبووەوە، بۆیە کەوتنە گەڕان بە دوای ئێمەدا. ئەوان دەیانویست ئەو تاوانە گەورەیە بشارنەوە کە ئەنجامیاندابوو، دەیانویست هیچ ئاسەوارێکی ئەو کارە نەهێڵن کە کردبوویان، هەروەها دەیانویست هیچ بەڵگە و نیشانەیەک لە تاوانەکە نەمێنێت [لێرەدا ناولەپی دەستەکانی بەیەکدا دەپرواند وەک ئەوەی بیەوێت پاکیان بکاتەوە]. ئەوان ئەو ناوچەیەی دەوروبەری ئێمەیان لە هەموو ڕۆحلەبەرێک پاککردەوە و ئەوەی زیندوو بوو و ڕۆحی تێدا بوو کوشتیان، هەر لە مریشکەوە تا دەگاتە مانگا و کەمترینیان مرۆڤ بوو. لە ٥ی ئەیلوولدا، کاتژمێر هەشتی بەیانی، گوێمان لێ بوو کە بانگی یەکتریان دەکرد "تەعال، تەعال!" [وەرە، وەرە!]. لە کاتژمێر هەشتی بەیانی تا پێنجی ئێوارە، ئێمە هەر چوارمان بەتەواوی کپ و بێدەنگ بووین و یەک وشەمان لە دەم نەهاتە دەر، پەنامان بۆ ڕۆحی یەکتر دەبرد، پێکەوە بووین بەڵام هێشتا ئەوەندە تەنیا بووین چاوەڕێی ئەوە بووین بگیرێین و جارێکی تر لەناوببرێین".
لەو شوێنەی کە ئێمە وەستاین هاشم بەردەوام بوو و بە وردی چۆنێتیی هەڵاتنی ئەو شەوەیانی لە ئەشکەوتەکە باسکرد، هەمان ئەو ئەشکەوتەی کە بۆ ڕۆژی دواتر سوپا ئاگری تێبەردا. لە کاتێکدا کە سیانەکەی تر - عبدولقەهار و کەریم و سیدقی، کە ئەمیان ڕزگاربوویەکی خەڵکی چەلکێ بوو - دەیانتوانی بە پێیان بڕۆن و هاشمیان خستبووە سەر کەرێک. فەتاحی برای سیدقی و ڕزگاربووی شەشەم بێ هیچ ئاسەوارێک شوێنبزر دەبن. ئەوان وردە وردە زانییان کەوا خەڵکی تر لەو ناوەدا خۆیان شاردووەتەوە. وەک هاشم دەیگوت "خەڵک تەنانەت لە سێبەری خۆیشیان دەترسان و سێبەرەکانیان لێ بووبووە بکوژ و جەللاد، خەڵک چیتر متمانەیەن بە یەکتر نەمابوو، تەواوی ناوچەکە لە هەموو گیانلەبەرێک پاککرابووەوە". ئەوان لە ٢٨ی ئابەوە تا ٦ی ئەیلوولی ١٩٨٨ لەسەر تەماتە و ترێ و هەر یەکەیان چوار پێنج گوێز لە ڕۆژێکدا دەژیان لەگەڵ چەند پارچە نانێکدا 'کە لە سەگێکیان سەندبوو'. هەر کە باری تەندروستییان بەرەو خراپتر دەچوو و لەپێناوی ئەوەدا کە بمێننەوە عەبدولقەهار و کەریم خۆیان ڕادەستی فەوجێکی جاش کرد کە بنکەیان لە گوندی تلابەدا بوو لە هەمان ناوچەدا. وەک دواتر بە هاشمیان وتبوو کەوا هەر یەکەیان پارچە پەڕۆیەکی بە قۆڵی ڕاستیەوە پێچابوو و وەک جەنگاوەری فەوجەکە هەڵسوکەوتیان دەکرد. ئەو ڕەنگی قوماشەکەی بیر نایەتەوە بەڵام تا ئێستاش بیریەتی کە ئەمە نیشانەیەک بووە دەبوو بە ئەنفالچییە کوردەکانەوە بوایە بۆ ئەوەی بناسرێنەوە و بە هاشمیان وتبوو کەوا هەڵگرتنی پێویست بووە بۆ ئەوەی لە کوشتن و لەناوبردن دەربازبن. لە کۆتاییدا دوو ئەنفالچیی کورد هاشم و سیدقییان لە شوێنی خۆشاردنەوەکەیاندا دۆزیبووەوە. هاشم بەردەوام دەبێت و دەڵێت "ئەوان بە لای ئێمەدا تێپەڕین و پاشان یەکێکیان بۆ دواوە ئاوڕیدایەوە و وتی 'ئۆ ئەمە ئێوەن لێرە'. لەو ساتەدا دنیامان لێ هاتەوە یەک و زانیم کە ئەمجارە دەکوژرێین، من نەمزانی کەوا کەریمیان لەگەڵدایە. ئەو هاتە پێشەوە و وتی 'مەترسن من لەگەڵیانم'. من پێموت 'مەبەستت چییە؟ مەترسن؟' ". پاشان هەندێ خواردنیان پێدابوون و لەگەڵ خۆیان بردبوونیان بۆ سەنگەرێک لە خواری چیاکەوە لە نزیکی کورێمێ و داوایان لێکردبوون تا فەرماندەی بەتالیۆنەکەیان لە کۆبوونەوەیەک دەگەڕێتەوە. لە ٦ی ئەیلوولی ١٩٨٨دا و کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆ تەقە دەستیپێکرد وەک نیشانەیە بۆ ڕاگەیاندنی "لێبووردنی ئەنفال".
لە کاتی چاوەڕێ کردنی فەرماندەدا، سیدقی و هاشم تەنها گریمانەی ئەوەیان دەکرد کە ئەو تەقەکردنە بە واتای کوشتنی عەبدولقەهار و کەریم هاتووە. هاشم ویستوویەتی دڵنەوایی سیدقی بکات کە بەجارێ شڵەژابوو و دەگریا و پێی گوتبوو "مرۆڤ یەک جار لەدایک دەبێت و یەک جاریش دەمرێت". بەڵام سیدقی لە وەڵامدا گوتبووی "مردنی ئێمە جیاوازە، ئەوان جارێک کوشتینیان و ئێمە نەمردین و ئێستا وا جارێکیتر دەمانکوژنەوە". بەڵام لە کاتێکدا کە ئەوان باسیان لە گەڕانەوەی "مردن" دەکرد، کەریم لە دوورەوە بەرەو ڕوویان ڕایدەکرد و هاواری دەکرد"هەواڵی خۆشم پێیە، سەددام لێبووردنی دەرکردووە و ئیتر ناکوژرێین". دواتر هەر چوار کەسەکە بەند کران و گواستنیانەوە بۆ ئاسایشی نهێنیی عێراق لە مانگێش و لەوێوە نێردران بۆ زیندانی باتووفە کە شەوێکیان تێدا بەسەربردبوو لەگەڵ چەند پیاوێکی گوندەکانی تردا. هاشم باسی لەوە کرد کەوا "لە زیندان کەوتنە ئەشکەنجەدانمان چونکە وای بۆ دەچوون کە ڕزگاربوونمان ڕەنگە ببێتە هۆی سزادانیان، کەوا ڕوون و ئاشکرا بەگوێرەی بڕیارەکەی عەلی حەسەن ئەلمەجید [بڕیاری ژمارە ٤٠٠٨]، دەبوو بکوژراینایە". باسی لەوەش کرد کەوا زیندانەکە ژن و منداڵیشی تێدابوو بەڵام لە پیاوەکان جیاکرابوونەوە. ئەوان هەر چواریان شەوێکی تریان لە زیندانێکی تردا بەسەربرد پێش ئەوەی بگوێزرێنەوە بۆ قەڵای نزارکێ و لەوێ تێکەڵی خەڵکانێکیان کردن کە لە هەموو ناوچەی بادینانەوە هێنرابوون. لێبووردنەکە بوو بە نیشانەی گۆڕانکارییەک لە زنجیرەی فەرماندەیی ئەنفالدا و لەم حاڵەتەدا خەڵکیان لە نزارکێوە ڕادەگواست بۆ ئۆردووگای بەحرکەی ژێر دەسەڵاتی سەربازی و لەوێشەوە بۆ کەمپ یان ئۆردووگای جەژنیکان٣.
لەو کاتەدا گفتوگۆکەمان بچڕا کاتێک هۆمەر بیری هێناینەوە کەوا کات درەنگ بووە: "پێویستە ئێستا بەرەو سلێمانی بڕۆین پێش ئەوەی تاریک دابێت." هاشم لەگەڵ دوو منداڵەکەی، کچێک و کوڕێک و هاوسەرەکەی لە سلێمانی دەژیا و لەوێ وەک شۆفێری بارهەڵگر کاری دەکرد. بەڵام پێش ئەوەی ئەو دوانە بڕۆن، هاشم بە خاڵۆی خۆیی ناساندم، کە ناوی عوسمان مستەفا عوسمان بوو (لەدایکبووی ١٩٣١). ئەویش پاش بەخێرهاتن خوڵکی ئێمەی کرد، واتە بەڵێن و هێمن و من، بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆی و خێزانەکەی لە کورێمێ بمێنمەوە و تەنانەت نەیشیپرسی کە ئێمە کێین و کێ نین و چی دەکەین لە کورێمێ. ئەو دوو کوڕی لەدەستدابوو: یەکێکیان لە کۆمەڵکوژییەکەی کورێمێدا کوژرابوو، ئەویتریشیان لە زیندانی سەلامییە لە تکریت بێسەروشوێن بووبوو. عوسمان خۆی بە هۆی تەمەنیەوە تووشی ئەو کۆمەڵکوژییە نەبووە لەبری ئەوە لەگەڵ ژن و منداڵەکانیدا گواسترابووەوە بۆ مانگێش و لەوێشەوە ڕەوانەی قەڵای نزارکێ کرابوو و پاشان بە پێچەوانەی ژن و منداڵەکانەوە بۆ ئۆردووگای بەحرکە. من لە ماڵی عوسمان، ستار ئیبراهیم عیسام ناسی (لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٧)، کە تەمەنی تەنیا یازدە ساڵ بوو کاتێ کارەساتە خوێناوییەکە، وەک خۆی دەڵێت، لە گوندەکەدا ڕوویدا. دوای چەند ڕۆژێک ستار منی بە خەیاڵ ئەحمەد ئەمین (لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٩) ناساند، کە ژنێکی ڕزگاربووە. دوای ئەوەی زۆر جار لەگەڵیدا کۆبوومەوە و باسی ئەنفالم لەگەڵدا دەکرد، ستار ئەوەی ڕوونکردەوە کە "هەموو شتێک وەک وێنە لە ناخی خۆمدایە". ئەمە باسی ئازار و زیندانیکردنی پووریەتی لە قەڵای نزارکێ:
"بیرمە جارێک چۆن مامەڵە لەگەڵ پوورمدا کراوە. ئەو بە هۆی ئازاری لاقێکیەوە نەیتوانیوە بڕوات و ئەوان دەستیان کردبوو بە ڕاگواستنی ژن و منداڵ [لە قەڵای نزارکێ] بۆ زیندانی سەلامییە و پێیان گوتبوو وەرە خوارەوە، ئەمیش لە نهۆمی دووەم بووە و کاتێ پاسەوانەکان بینیویانە نایەت بۆی چوونەتە سەرەوە و بە کێبڵی کارەبا دەستیان کردووە بە لێدانی و دواتر بە ڕاکێشان لە نهۆمی دووەمەوە بۆ بارهەڵگرە سەربازیییەکەیان هێناوە. لە کاتێکدا ئەوان لێیان دەدا ئەم هەوڵی دەدا بگاتە کوڕەکەی کە بە تەپاوەتل لە پلیکانەکانەوە بەردەبووە خوارەوە و من بەردەوام هەستم دەکرد کە لە هەر کاتێکدا بێت لەناودەچین".
ستار باوکی لەدەستداوە و لەگەڵ دایکی و منداڵەکانی لە گوندەکەدا دەژین: "ئێمە دوانزە کەسین لە یەک ژووردا دەژین". ئەو پارەیەی لە کارەکەی لە کۆمپانیایەکی نەوتی لە باسرمە - لە نزیک هەریر، کە نزیکەی سێ کاتژمێرە بە ئۆتۆمبێل لە کۆرێمێوە - بەدەستی هێنابوو، بەشی دروستکردنی خانوویەکی گونجاوی نەدەکرد. چەند ڕۆژێک دوای ئەوە خەیاڵ تێگەیشت کە من ڕۆژنامەنووس نیم، لە کاتی خواردنەوەی چایەکەیدا پێی وتم: "ئەوان [واتە ڕۆژنامەنووسان] ئەوەی دەیڵێین وای دەهۆننەوە کە ئێمە کەسانێکین ڕابوردوومان نییە". ئەمەش گێڕانەوەی ئەو ژنەیە:
"دوای دابڕان لە گوندەکەدا، ئێمە [ژن و منداڵ] براین بۆ مانگێش، لەوێ سێ چوار ڕۆژ لە زیندان ڕایانگرتین، ناو و تەمەنمانیان تۆمار کرد و هەرچیمان پێبوو لێیانسەندین، دۆخەکە هێجگار ترسناک بوو، حەوت منداڵم پێبوو و خۆشم تەنیا بووم، نەمدەزانی چی بکەم و چی ڕوودەدات و دەتوت ڕۆژی حەشرە.
لەناکاو ئێمەیان خستە ناو زیلەوە [بارهەڵگری سەربازی] و گەیشتینە قەڵای نزارکێ. هیوادارم کەس ئەوەی بەسەر نەیەت کە ئێمە بینیمان و چۆن ڕزگارمان بوو. ئێمە تەنها پارچە نانێکی وشکمان دەخوارد و ئاوی پیسمان دەخواردەوە و لە تەنیشت پیسایی مرۆڤەوە دەخەوتین. خەڵک نەخۆشکەوتن و سکچوونی بەردەوام هەبوو، منداڵان برسی بوون و هیچیان نەبوو بیخۆن و خۆشمان هیچ نەبوو بیخۆین و کارەکە هەر بەوە نەوەستا.
دوای دوو هەفتە جارێکی تر ئێمەیان خستە ناو بارهەڵگری سەربازی و بردینیان بۆ زیندانی سەلامییە. هەموو ئەو کاتە من خەمی منداڵەکانم بوو و بەرگەی بینینی هیچ کامیانم نەدەگرت کە لە برسا بمرن، بەخوا سواڵم لە پاسەوانەکان دەکرد کە نانی زیاترمان بدەنێ و بێجگە لە نانی وشک و شۆربای پیس کە بۆ سەربازەکانی سەلامییە دروستکرابوو، هیچی تر نەبوو. پاشان ڕۆژێک، پێیانڕاگەیاندین کە دووبارە دەگوێزرێینەوە بۆ بەحرکە.
ئەمە ژیانی ئێمە بوو، نازانم چیت پێ بڵێم؟ من هەمیشە بە بێئەوەی یەک وشە بڵێم ئەمە بۆ خۆم دووبارە دەکەمەوە. من و منداڵەکانم، هەمیشە باسی ئەوە دەکەین کە چیمان بەسەرهاتووە و چۆن ژیانمان وێران بووە. بە هەر کوێیەکدا بڕۆیت و هەرچی دەستی لێبدەیت و بیبینیت بیرت دەخاتەوە کە لەم گوندەدا چی ڕوویداوە. تۆ لێرە بوویت و بۆ خۆت بینیوتە. ئێمە لە دنیا دابڕابووین و هەموومان تۆقیبووین و نەماندەزانی چی بکەین. ئاخر ئێمە دەمانتوانی چی بکەین؟ هیچ. ئێستا ئێوە دەتوانن بە چاوی خۆتان بیبینن، ئێمە هێشتا بەدەست ئەو دۆخەوە دەناڵێنین کە ڕوویدا، هێشتا بەدەست ئەو مامەڵە خراپەوە دەناڵێنم، هێشتا ئازاری قۆڵی ڕاستم هەیە و هەر کاتێ هەوڵ دەدەم شتێکی پێ بکەم ئازارم پێدەگەیەنیت".
خەیاڵ و منداڵەکانی هەر وەک ستار و دایکی و دوو خوشکەکەی تا ڕاپەڕینی کورد لە ساڵی ١٩٩١دا لە بەحرکە مابوونەوە، لەو کاتەدا زۆرێک لە خێزانەکان کەمپ یان ئۆردووگاکەیان بەجێهێشت و تەواوی ڕیگایان بە پێیان بڕی بۆ ئێران. لە درێژەی گفتوگۆکانماندا، خەیاڵ و ستار بەردەوام دووبارەیان دەکردەوە کە نزیکەی شانزە حەڤدە ڕۆژی پێچوو تا گەیشتنە ئێران، لەوێ بۆ ماوەی شەش مانگ لە ئۆردووگایەکی تردا ڕاگیران. خێزانەکان تەنها توانییان لە بەهاری ساڵی ١٩٩٣دا بگەڕێنەوە بۆ کورێمێ و کە گەڕانەوە هیچ شتێک لە گوندەکەدا نەبوو. ستاریش لای خۆیەوە بەم شێوەیە باسی دەکرد: "وەک ئەوە وابوو گوندێکی بابلیی کۆنمان دۆزیبێتەوە، بەڵام ئەو گۆڕەپانی یارییانەم لەبیر بوو کە هێشتا لەوێ بوون. دڵنیام ئەگەر ئەوان [سوپای عێراق] بیانتوانیبایە، ئەم پارچە زەوییەیان دەبڕییەوە و فڕێیان دەدا". دوای ئەوەی ڕێکخراوێکی ناحکوومی لەوێ دەستیکرد بە خانوو دروستکردن و وردە وردە ژیان بۆ گوندەکە گەڕایەوە، بەڵام کوالیتیی خانووەکان خراپ بوون و لەم نێوەندەدا زۆربەیان داڕووخان. خەیاڵ لەگەڵ دوو کچەکەی و کوڕێکی لە خانوویەکی دوو ژووریدا دەژیا کە ڕووی لە کەلاوەکەی ماڵی ئەبابکر بوو. هەرچەندە حکوومەتی کوردی پارچە زەوییەکی پێدابوو، بەڵام بە دەگمەن دەچوونە ئەوێ، چونکە نزیکەی دوو کاتژمێر بە ئۆتۆمبێل لە گوندەکەوە دوور بوو. کاتێک پرسیم بۆچی لە خودی کورێمێ پارچە زەوییەکیان پێ نەدراوە، خەیاڵ شانێکی هەڵتەکاند و وتی" بە ڕاستی منیش نازانم".
ستار: دەزانی ئێمە پەندێکی کوردیمان هەیە کە دەڵێت: "ئەگەر دز و خاوەن ماڵ شەریک بن، دەتوانن مانگایەک لە کونە کلیلێکەوە ببەنە دەرەوە". لەم بەشەی ئێمەی جیهان یاسا نییە و هەر کەسێک پلە و پۆستێکی هەبێت بڕیار لای خۆیەتی. کوا یاسا؟ ئەوان هەموویان باسی باڵادەستیی یاسا دەکەن، بەڵام هەمووی فشەیە [گاڵتەجاڕییە]، ئەوە درۆیە. ئەگەر یاسا بوونی نەبێت، چۆن دەتوانێت باڵادەست بێت؟ ئێمە بێدەسەڵاتین و ڕێگەمان پێنادرێت بڵێین "نا ئێمە دەمانەوێت ئەو پارچە زەوییەمان هەبێت، کە مافی خۆمانە، لە گوندەکەماندا.”
خەیاڵ: لەم ڕۆژگارەدا کەس گوێمان لێناگرێت، تەنانەت لە یادەکەدا [٢٨ی ئابی ٢٠١٣] کەس پرسیاری لە ئێمە [واتە ژنەکان] نەکرد کە ئایا شتێکمان هەیە بیڵێین؟ هەمووان حەزیان لە بەکارهێنانی ئێمە بوو بۆ قازانجی تایبەتیی خۆیان. کوردستان کە لە پێناویدا گیان و ماڵمان بەخت کرد و هەموو موڵک و ماڵی خۆمان لەدەستدا، هی ئێمە نییە. حکوومەت گرنگی بەوە نادات کە ئێمە هاوار دەکەین یان بە شێوەیەکی شەخسی ئاگاداریان دەکەینەوە لە پێداویستییەکانمان. لە کۆتاییدا هەر وەک ئێستا بوو، کە ئێمە تەنها قسە لەگەڵ یەکتر دەکەین، ئەگەر واز لە قسەکردن لەگەڵ یەکتر بێنین، ئەوا خەڵک وا دەزانن کەڕ بووین یان زمانمان لە شوێنێک لەدەستداوە یان شێت بووین.
ستار: لەسەدا نەوەد و پێنجی ئەنفالچیی کورد لە ژیاندا ماون و ژیانێکی باشتر لەم ناوچەیەدا دەژین. ئێستاش مانگانە مووچە لە لایەنە سیاسییە کوردییەکان وەردەگرن، پاسەوان و کەسانی تریشیان هەیە کە خزمەتیان دەکەن، کەچی ئێمەی دڵ و جەرگ سووتاویش کەس گرنگیمان پێنادات. من ئەنفالچیی کورد دەناسم کە وەک پێشمەرگە ناویان تۆمار کراوە، بەڵام لە ماڵەوە دەمێننەوە و مووچەی مانگانەیان بەبێ خزمەتکردن وەردەگرن. سیاسەتمەدارەکان هاوبەشی سەروەت و سامانی کوردستانن و ئێمەی هەژاریش چاوەڕوان دەکرێت بمرین، ئەوەیە و تەواو.
خەیاڵ: ئێمە ناڵێین دەبێ ئەنفالچییە کوردەکان لەسێدارە بدرێن، نەخێر خوێنی زۆر ڕژا، تەنها ئەوە دەڵێین کە سەرکوت کردن و توندوتیژیی بەرانبەرمان هەرگیز نەوەستاوە، من لە ساڵی ١٩٩٣وە لێرە لەم گوندەدا دەژیم و تا ئێستا نەمبینیوە یەک سیاسەتمەدار کارێک بکات بۆ ئەوەی نیشان بدات کە ژیانی ئێمە لەم گوندەدا گرنگە. ئێمە بینیمان ئەنفال چی کرد و ئێستاش لەگەڵ ئەوەدا دەژین. ئێمە هەموو جۆرەکانی توندوتیژیمان بینیوە، ژیانمان وەک خۆی ماوەتەوە و هیچ شتێک نەگۆڕاوە. هەق ئەوەیە کە چاوتان لەو شتانە دانەخەن کە ئێمە بۆ کوردستانی ئەمڕۆ تووشی بووین و کردوومانە.
خەیاڵ لە ساڵی ١٩٩٣وە جلی ڕەشی لەبەردایە و هەروەک دایکی ستار، دوای لەدەستدانی هاوسەرەکەی جارێکی تر هاوسەرگیریی نەکردووەتەوە و منداڵەکانی بە تەنیا پەروەردە کردووە. هاوشێوەی خودی کورێمێ و قسەی ڕزگاربووان، جلە ڕەشەکان بووە بە مۆرکی ماتەمینی و یادەوەری و شایەتحاڵی بێکۆتایی بۆی. جلە ڕەشەکانی خەیاڵ ڕەتیدەکەنەوە کە ئەنفال بە تەنها لە وشەدا بچووک بکەنەوە، تەنانەت ئەگەر شایەتحاڵی چاودێریش نەبن بۆ ئەوەی لە کورێمێدا ڕوویدا. ئەوان بیرخستنەوە و شایەتحاڵییان نەک بۆ تەنها زنجیرەی فەرماندەیی ئەنفال یان ماتەمینیی نێوان نەوەکان بەڵکو بۆ تەنیایی خەیاڵیش لە جیهاندا کە چاوەڕێی هاتنی هەق دەکات. هەق هەرگیز تەواو نابێت و هەمیشە بەردەوام دەبێت لە پەرەسەندن، هەروەک چۆن قۆڵی ڕاستی خەیاڵ کە هێشتا ئازاری هەیە، وەک چۆن جلە ڕەشەکانی دەمێننەوە و پێویستیان بە گۆڕینە، وەک چۆن کۆرێمێ ماوەتەوە و چاوەڕێی هاتنە سەرخۆیە و وەک چۆن ئەنفال لە کەلاوە و وێرانەکاندا بەردەوامە. ئەبابەکر کە ئەنفال لەسەر جەستەی بۆ هەمیشە نیشانە کرابوو، بەم شێوەیە باسی لە دادگاییکردنی ئەنفال کرد: "من لە دادگادا شایەتیم دژی سەددام و عەلی کیمیایی [عەلی حەسەن ئەلمەجید] دا، بەڵام ئێستا لە خۆم دەپرسم: مەبەست لە شایەتیدانی من چی بوو؟"
- تێبینی: ئەبابەکر لە ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٠دا کۆچی دوایی کردووە، تەمەنی شەست و شەش ساڵ بوو. عەبدولقەهاریش لە ٢٨ / ٨ / ٢٠٢٤ کۆچی دوایی کردووە.
سەرچاوە: بەشی چوارەمی کتێبی:
"مرۆڤبوون .. مۆدێرنیتەی سیاسی و میوانداری لە کوردستانی عێراق"
توانای نیشتەجێبوون لە ژیان و گوزەرانی دوای کۆمەڵکوژیدا
Being Human
Political Modernity and Hospitality in Kurdistan-Iraq
Fazil Moradi
2024
* تێبینی: ئەم بابەتە بەشێکە لە کتێبێک، کە لێکۆڵینەوەیەکی سۆسیۆلۆجیی مەیدانییە بەو ناونیشانەی سەرەوە و توێژەری کورد د. فازڵ مورادی بە زمانی ئینگلیزی بڵاوی کردووەتەوە. ئێمە ئەم کتێبەمان کردووەتە کوردی و هێشتا وەرگێڕانە کوردییەکەی لە دووتوێی کتێبێکدا چاپ و بڵاو نەکراوەتەوە - وەرگێڕ.
