
نووسینی ئاسۆ گەرمیانی
ئایا هەژموونی ئەمریکی لە دابەزیندایە؟
لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١، سیستەمی نێودەوڵەتی بە یەک جەمسەری وەسف دەکرێت، ئەمریکا لە باڵادەستییەکی بێ وێنەی سەربازی و ئابووری و دامەزراوەیی بەهرەمەند بووە. بەڵام دوو دەیەی ڕابردوو شایەتی گۆڕانکاری بنەڕەتی بووە، دیارترینیان سەرهەڵدانی خێرای چین و گەڕانەوەی ڕووسیا بۆ قۆناغی جیۆپۆلەتیکی و زیادبوونی کێبڕکێی ستراتیژی لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و وزە و زنجیرەی دابینکردندایە.
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا ئەم گۆڕانکاریانە ڕەنگدانەوەی کۆتایی هەژموونی ئەمریکایە یان تەنیا دابەزینێکی ڕێژەیی لەناو پێکهاتەیەکی نێودەوڵەتیدا کە لە بنەڕەتدا هێشتا تاکە جەمسەرییە.
چوارچێوەی تیۆری
ڕیالیزمی پێکهاتەیی و دابەشکردنی تواناکان
(کینێس والتز) دەڵێ کە پێکهاتەی سیستەمی نێودەوڵەتی بە دابەشکردنی تواناکان لە نێوان یەکە بنەڕەتییەکانی (دەوڵەتەکانی)دا دیاری دەکرێت. بۆیە دیاریکردنی جەمسەری پەیوەستە بە ژمارەی ئەو زلهێزانەی کە توانای هاوسەنگکردنی یەکتریان هەیە لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە.
تیۆری سەقامگیری هەژموون
(گیلپین و کاینلیبەر) وا دەبینن کە سەقامگیری سیستەمی نێودەوڵەتی پێویستی بە دەوڵەتێکی هەژموونخواز هەیە بۆ دابینکردنی کاڵای گشتی جیهانی، ئاسایشی دەریایی، سەقامگیری سیستەمی دارایی و بازرگانی ئازاد. دابەزینی دەسەڵاتی دەوڵەتی هەژموون دەبێتە هۆی ناسەقامگیری لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا.
تیۆرییەکانی گواستنەوەی دەسەڵات
ئەدەبیاتی گواستنەوەی دەسەڵات (ئۆرگانسکی) ئەوە پیشان دەدات کە سەرهەڵدانی هێزە ڕکابەرەکان دەتوانێت ببێتە هۆی گرژی پێکهاتەیی، بە تایبەت کاتێک دەوڵەتی بەرزبوو لە یەکسانی هێز لەگەڵ دەوڵەتی هەژموون نزیک دەبێتەوە.
ئاماژەکانی بەردەوامی هەژموونی ئەمریکا
- باڵادەستی سەربازی
ئەمریکا بەردەوامە لە خاوەندارێتی فراوانترین تۆڕی هاوپەیمانی سەربازی لە جیهاندا، لەگەڵ تواناکانی فراوانبوونەوەی جیهانی و هێزی ڕێگرییەکی ئەتۆمی پێشکەوتوو، ئەمەش وایکردووە کە تاکە هێزی سەربازی بێت کە توانای بڵاوبوونەوەی جیهانی هەبێت.
- باڵادەستی دارایی
دۆلار بەردەوامە لە بینینی رۆڵی دراوی یەدەگی یەکەم لە جیهان، ئەمریکاش کاریگەری ناوەندی خۆی لە دامەزراوەکانی بریتۆن وۆدز (سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی) دەپارێزێت.
- باڵادەستی تەکنەلۆژی
ئەمریکا پێشەنگە لە بواری داهێنان و زیرەکی دەستکرد و پیشەسازی جەنگ و ئابووری دیجیتاڵیدا و ئەمە توانای کێبڕکێی درێژخایەنی خۆی بەرز دەکاتەوە.
ئاماژەکانی وەرینی ڕێژەیی هەژموونی ئەمریکا
- سەرهەڵدانی چین
چین بووەتە دووەم گەورەترین ئابووری جیهان، پەرەی بە توانا پیشەسازی و سەربازییە گەشەسەندووەکان داوە، دەستپێشخەری دامەزراوەیی بەدیلەکانی وەک بانکی وەبەرهێنانی ژێرخانی ئاسیا و دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا دەستپێکردووە. هەروەها پێشەنگی خۆی لە بواری داهێنان و زیرەکی دەستکرد و تیکنۆلۆژیا بەگشتی پیشان ئەدات.
- دابەزینی پشک
پشکی ئەمریکا لە بەرهەمی جیهانی بەبەراورد لەگەڵ لوتکەی دوای جەنگی سارد کەمیکردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی وردە وردەی دەسەڵاتی ئابووری.
- سنووردارکردنی ناوخۆیی
جەمسەرگیری سیاسی، بەرزبوونی قەرزی گشتی و تەحەددای کۆمەڵایەتییەکان، هۆکارێکن کە کاریگەرییان لەسەر توانای ئەمریکا هەیە بۆ بەڕێوەبردنی سەرکردایەتی جیهانی بە هەمان توانای پێشوو.
- سەرهەڵدانی ئەکتەرە نادەوڵەتیەکان
کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا و قەوارە سنووربڕەکان بوونەتە ئەکتەری کاریگەر لە سیاسەتی نێودەوڵەتیداو چەمکی هێزی نەریتییان دووبارە داڕشتوە.
سروشتی سیستەمی نێودەوڵەتی ئێستا
سەرەڕای بەرزبوونەوەی کاریگەرییەکانی چین، بەڵام هێشتا تۆڕێکی هاوپەیمانی جیهانی نییە کە هاوتای ئەوەی ئەمریکا بێت. بە هەمان شێوە ڕووسیا سەرەڕای هێزی سەربازی گەورە، بنکەیەکی ئابووری هاوتەریبی نییە. یەکێتی ئەوروپا سەرەڕای هێزی ئابووری، یەکەیەکی سەربازیی ناوەندی نییە.
بۆیە هێشتا سیستەمی نێودەوڵەتی نەگەیشتووەتە ئاستی فرە جەمسەری. ئەمریکا وەک تاکە جەمسەر دەمێنێتەوە، بە تەواوی مەرجەکانیەوە. بەڵام توانای بەڕێوەبردنی تاکلایەنەی سیستەمی نێودەوڵەتی دابەزینێکی ڕێژەیی بەخۆیەوە دەبینێت، بە هۆی گۆڕانکارییە پێکهاتەییەکان و سەرهەڵدانی زلهێزە کێبڕکێکارەکانەوە، دیارترینیان چین. ئەمە ڕەنگە تا ڕادەیەک سیاسەتەکانی ئیدارەی ئێستای واشنتۆن ڕوون بکاتەوە، کە سياسەتی بڕیاردانی تاکلایەنە دەگرێتەبەر و سەپاندنی ئیمپراتۆریەتەکەی بە هێزی دڕندانە، بەبێ ئەوەی تەنانەت پابەند بە ڕێساکانی "لیبڕاڵیزمی نێودەوڵەتی” بێت کە خۆی لە دوای ساڵی ١٩٤٥ دايمەزراندووە. بە وازهێنان لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و پەنابردن بۆ شەڕی بازرگانی و سزای تاکلایەنە و هاوپەیمانی سەربازی ڕاستەوخۆ، ململانێکە لە "ململانێیەکی سیاسی و یاسایی"ەوە دەگۆڕێت بۆ "ململانێیەکی بوونگەرایی ماددی" کە هەمووان دەگرێتەوە.
هەڵوێستی چەپ
سێ قوتابخانەی گەورە هەوڵ دەدەن وەڵامی دووفاقی "دڕندەیی ئیمپریالیزمی” و هەلومەرجی نوێی نێودەوڵەتی بدەنەوە:
1. قوتابخانەی "فرە جەمسەری و ڕزگاری نیشتمانی" (بۆ نموونە، ڤیجای پراشاد)
ئەم ڕەوتە لەلایەن بیرمەندانی وەک ڤیجای پراشاد (لە ڕێگەی ئینستیتیوتی تريكو نتيننتال) و هەندێک پاشماوەی مارکسیزم-لینینیزمی کلاسیکەوە نوێنەرایەتی دەکرێت.
• وەڵام: ئەوان پێیان وایە کە ئەولەویەتی سەرەکی شکاندنی "یەک جەمسەری" ئەمریکایە. ئەوان سەرهەڵدانی چین و گروپی بریکس بە کردنەوەی درزێک لە دیواری هەژموونی ئیمپریالیستیدا دەزانن.
• هەڵوێستیان: داوا لە چەپەکان دەکەن کە پشتگیری لە "سەروەری نیشتمانی" بکەن لە باشووری جیهانی و بەرپەرچدانەوەی پارچەپارچەبوونی ئەمریکا بدەن. ئەوان ناڵێن چین دەوڵەتێکی سۆسیالیستە، بەڵکو سەرکەوتنی جیۆپۆلەتیکی بە لاوازکردنی سەرمایەداری جیهانی و ڕێگەدان بە چەپی ناوخۆیی بۆ هەناسەدان دەبینن.
2. قوتابخانەی "ڕەخنەی بنەرەتی لە دوو جەمسەری" (بۆ نموونە، دەیڤید هارڤی)
دەیڤید هارڤی یەکێکە لە گرنگترین لێکدەرەوەکانی “سەرمایە” لەمڕۆدا، سەرنجی ئەخاتە سەر “کەڵەکەبوونی سەرمایە”.
• وەڵام: هارڤی ڕەتیدەکاتەوە لەگەڵ هیچ جەمسەرێکی سەرمایەداریدا هاوتەریب بێت. ئەو کردەوەکانی واشنتۆن بە هەوڵێکی بێهیوا دەبینێت بۆ پاراستنی کەڵەکەبوونی سەرمایە لە ڕێگەی هێزی دڕندەوە، بەڵام چین و ڕووسیاش وەک فۆرمەکانی ژێر سەرمایەداری دەبینێت.
• هەڵوێستیان: پێیان وایە ئەرکی چەپ ڕێکخستنی "کۆمەڵگە ناوخۆییەکان" و "بزووتنەوەی شارەکان"ە، بەبێ گوێدانە ناسنامەی ئەو ئیمپریالیزمەی کە ئەنجامی دەدات. لێرەدا تیشک دەخرێتە سەر لۆژیکی جوگرافیای سەرمایە و چۆنێتی چەقاندنی هەمووان.
3. قوتابخانەی “پێکدادان لەگەڵ دەوڵەت و یەکێتی" (بۆ نموونە، ئیتیان بالیبار)
بالیبار (خوێندکاری ئاڵتۆسێر) نوێنەرایەتی چەپێکی ئەوروپی دەکات کە هەوڵدەدات لەو "پارچەپارچەبوونی یەکێتی ئەوروپا" تێبگات.
• وەڵام: ئەو پێی وایە دەوڵەتی نەتەوەیی بە تەنیا توانای ڕووبەڕووبوونەوەی "دڕندەیی ئیمپریالیستی" نەماوە. ترسی ئەوەی هەیە هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی ئەوروپا (بەهۆی فشارەکانی واشنتۆن یان ڕاستڕەوە توندڕەوەکان) ببێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی "فاشیزمە بچووکەکان".
• هەڵوێستیان: بیرۆکەی "ئینتەرناسیۆنالیزمی ناوچەیی" پێشنیار دەکەن؛ واتە دروستکردنی بەرەی چەپی سنوور بەزێنەر (بۆ نموونە لەناو ئەوروپادا) بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەوڵەکانی ئەمریکا، لە هەمان کاتدا پاراستنی ڕەخنەگرتنێکی پێکهاتەیی لە دامەزراوەکانی بازاڕی ئەوروپا کە بەرژەوەندی کۆمپانیا زەبەلاحەکان نوێنەرایەتی دەکەن.
ئەرکەکانی چەپی کوردستانی لەم هەلومەرجەدا
لە ئەڵقەیەکی تایبەتدا خوێندنەوەیەک بۆ ئەم بابەتە پێشکەش دەکەین.