
عیماد محەمەد
مێژووی شۆڕشەکانی جیهان پێمان دەڵێت، ڕووخانی دیکتاتۆرەکان تەنها نیوەی ڕێگاکەیە، نیوە سەختەکەی دیکە بریتییە لە ڕێگریکردن لە دزینی شۆڕش لەلایەن مۆتەکە و تاریکپەرستانەوە. کاتێک گەلێک ئیرادەی ئازادی دەبێت، هیچ پاساوێک نییە بۆ گۆڕینەوەی ستەمکارێک بە ستەمکارێکی دیکە، یان گۆڕینی فاشیزمی نەتەوەیی بە فاشیزمی ئایینی.
میسر نموونەیەکی زیندوو و وانەیەکی گەورەی مێژووییە لەم بوارەدا.
دوای سی ساڵ لە حوکمڕانیی ئاسنین و دیکتاتۆریی حوسنی موبارەک، گەلی میسر بە شۆڕشی یەک ملیۆنی کۆتاییان بەو تەخت و تاجە هێنا، بەڵام کاتێک سندوقەکانی دەنگدان، دەسەڵاتیان خستە دەست ئیخوان موسلمین، ئەو حیزبەی لە کە لە دامەزراندنیەوە خەونی بە قۆرخکردنی دەسەڵاتەوە دەبینی، خەڵکی میسر زوو تێگەیشتن کە کەوتوونەتە ناو تەڵەیەکی ئایدیۆلۆژیی مەترسیدارەوە. میسرییەکان نەیانهێشت ئەو مۆتەکەیە ببێتە ئەمری واقیع، تەنها پاش یەک ساڵ لە حوکمڕانیی ئیخوانەکان، کاتێک بینییان ئامانج و فیکری ئەم گروپە بەرەو سڕینەوەی فرەیی و خنکاندنی ئازادییەکان دەڕوات، بە خۆپیشاندانێکی سی ملیۆنیی بێوێنە ڕاپەڕینەوە و ڕێگەیان نەدا وڵاتەکەیان بکرێتە تاقیگەیەک بۆ بیرۆکە کۆنەپەرستەکان و دەسەڵاتەکەیان ڕاماڵی، گەلی میسر سەلماندی کە هەرگیز نابێتە دیلی هیچ ئایدیۆلۆژیایەک کە بەناوی پیرۆزییەکانەوە کۆت و بەند بخرێتە دەست و پێی.
ئەمڕۆ، کاتێک سەیری گۆڕەپانی خوێناوی و وێرانکراوی سوریا دەکەین، هەمان هاوکێشە بەڵام بە شێوازێکی زۆر دڕندانەتر خۆی نمایش دەکات.
دوای دەیان ساڵ لە حوکمڕانیی فاشیزمی بەعس و ڕووخانی ڕژێمە خوێنمژەکەی بەشار ئەسەد، کە وڵاتەکەی کردبووە گۆڕستانێکی گەورە، ئێستا سوریا کەوتووەتە دەست جۆرێکی دیکە لە دەسەڵات، دەسەڵاتێک کە لە تاریکترین سەردەمەکانی مێژووەوە هەڵتۆقیوە.
ئەو هێزەی ئێستا لە سوریا دەسەڵاتدارە، تەنها گروپێکی سیاسی نییە، بەڵکو دەستەبژێرێکن لە ئیسلامییە توندڕەوەکان کە دژایەتیی هەموو بنەماکانی مرۆڤایەتی دەکەن، ئەمانە گروپێکن کە لە دڕندایەتی، سەربڕین، و لەناوبردنی جیاوازییەکاندا داهێنانیان کردووە.
ئەوانەی ئەمڕۆ خۆیان کردووەتە حاکمی سوریا، کۆمەڵێک کەسی داواکراو و تیرۆریستی نێودەوڵەتین کە دەستیان سوورە بە خوێنی هەزاران بێتاوان، ژن، منداڵ و کەمینەکان، ئەمانە دەیانەوێت لەسەر کەلاوەکانی ڕژێمی ئەسەد، ئیمپراتۆریەتێکی تاریکپەرستانە بونیاد بنێن کە تێیدا تەنها زمانی شمشێر و سێدارە قسە بکات.
ئەم گروپە حکومڕانەی ئەمڕۆی سوریا، نە بڕوایان بە ئازادی هەیە، نەدیموکراسی ، نەمافی مروڤ، نەپێکەوە ژیان، نە قبوڵکردنی کەسانێک لە دەروەی فیکری خۆیان بێت.
پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدایە، ئایا دەبێت خەڵکی سوریا هەمان هەڵوێستی میسرییەکانیان هەبێت؟ ئایا دەبێت ئەم دەسەڵاتە تیرۆریستییە بڕوخێنرێت؟
وەڵامەکە تەنها بەڵێیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو ئەرکێکی ئەخلاقی، نیشتمانی و مرۆییە، گەلێک کە توانیبێتی بەرگەی بۆمبی بەرمیلی و چەکی کیمیایی بەشار ئەسەد بگرێت و دواتر ڕووبەڕووی ببێتەوە، چۆن دەکرێت مل بۆ کۆمەڵێک چەتە و تیرۆریست کەچ بکات؟ هیچ لۆژیکێک قبوڵی ناکات گەلی سوریا لە ژێر زەبری ستەمکاریی حیزبی بەعسەوە، ڕاستەوخۆ، خۆی ڕادەستی قەسابخانەی توندڕەوە ئیسلامییەکان بکات.
خەڵکی سوریا پێویستە تێبگەن کە بەشار ئەسەد و ئەم توندڕەوانەی ئێستا، دوو ڕووی یەک دراون، هەردووکیان دوژمنی ئازادی و ژیانن.
مانەوەو بەردەوامی ئەم گروپە توندڕەوە دژه مرۆڤە لە دەسەڵات، دەرگای دۆزەخێک بۆ خەڵکی سوریا دەکاتەوە، کە داخستنی زۆر ئەستەم بێت، بۆیە دەبێت لە ئێستاوە خەڵکی سوریا هاوشێوەی خەڵکی میسر مشووری خۆیان بخۆن.