
سەدیق سەعید ڕواندزی
گەر بەراوردی مەلاكانی دوێنێ، كە پەروەردەی حوجرە و مزگەوتەكانی كۆمەڵگەی كوردی بوون، بەبەشێكی زۆری كۆلكە مەلایەكانی ئەمڕۆی سەردەمی ژیریی دەستكرد بكەین ، ئەو كات دەزانین كە مەلاكانی دوێنێ لە ڕووی هزریی و ئایینی و جیهانبینییەوە، چەند مۆدێرنتر و هوشیارتر و تێگەیشتووتر بوونە. مەلای گەورەی كۆیە، كچەكەی دەنێرێتە قوتابخانەی كوڕان و لەگەڵ ئەوان دەخوێنێت، مەلا كەریمی مودەڕیس، شەرعی شیعری كلاسیكی دەكرد، سافی هیرانی گوێی لە مۆسیقا و گۆرانی دەگرت، مەلا وەرتی، بە دەنگێكی بەرز لە وتاری هەینیدا، بوێرانە دژی دەستگا داپلۆسێنەرەكانی بەعس وتاری دەدا و كوردایەتی دەكرد، كەچی مەلاكانی ئەمڕۆ بە تایبەتیش هاوشێوەكانی وەك مەلا مەزهەر خوراسانی، گەر ژن نەمێنێت، بڕواناكەم عیلمێكی دیكەی پێ بێت، قسەی لە سەر بكات. ئەم مامۆستا ئاینییە، بە بۆنەو بێ بۆنە، لە هەر كات و ساتێك، هەر دەمێك مەبەستی بێت، بێ ئەوەی ئەوەی لە خەیاڵ بێت، كە خۆی بەرهەمی ڕەحمی ژنێكە، كچ وخێزانەكانی لە ڕەگەزی ژنن، بە داخەوە دادەبەزێتە سەر ڕەگەزی مێ و بە خزمەتكار و بێ دەسەڵات و لاواز كە كاریان تەنها موبەق و نێو چوارد یواری ماڵە، دەناسێنێت. ئەم ئەقڵیەتە دۆگما و ئایینگەرایە، زادەی ئەو بیركردنەوە نێر سالاریی و پەتریاكی و میللی و خێلەكیەیە، كە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا لە پەراوێزی كولتووری كۆمەڵایەتییانەی دواكەوتووی كۆمەڵگەی كوردی و هەروەها ئایینییەوە هەن. ئەوانەی دەڵێن ئەم بۆچوونانە دوورن لە ئیسلام، یاخود ئیسلامی ڕاستەقینە ئەوە نیە، یان ئەحمەد شەرع و دەسەڵاتەكەی بە نموونە نوێنەرایەتی ئیسلامی ڕاستەقینە ناكەن، لە ڕاستیدا خەڵك چەواشە دەكەن و ئەوانە نوێنەری ڕاستەقینەی دننای ئایینی ئێمەن. كەسێكی وەك خوراسانی، بێ ئاگا نییە لە دنیا، هەرچی پەیوەندی بە ئایین و كۆمەڵەوە هەیە دەیزانێت، كەواتە هەر قسەیەك كە دەیكات، نە لە نەزانییە، نە لە بێ ئاگاییە، بەڵكو ئەمە تێگەیشتن و جیهانبینی ڕاستەقینەی ئەوە بۆ نەتەوە و ئایین و ڕەگەزی مێ. مەلاكانی ئێمە دەبێ سنووری كاركردنی خۆیان بزانن، كە تەنێ نێو مزگەوت و هوشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و بڵاوكردنەوەی كلتووری تەبایی و برایەتی و بە یەكەوە ژیانە و كاری ئەوان نییە قسە لە سەر مۆدێنیزم، فێمێنیزم، ماركسیزم، عیلمانییەت و دیموكراسییەت و هەڵبژاردن بكەن، چونكە ئەم بابەتانە لە قورئان و ئایینی ئیسلام نەهاتوون و ئەوانیش چونكە ئەركیان گەیاندنی پەیامە ئاینییەكەیە، ئیدی دەبێ بزانن پەیامەكە چییە. ئەمە جاری یەكەم نییە مەلا خوراسانی بێ ڕێزی بە ڕەگەزی مێ و ژنان دەكات، بۆیە دەبێ سنوورێكی بۆ دابنرێت ئیدی لە چوارچێوەی ئەو سنوورەدا دەرنەچێت و بزانێت كاری ئەو چییە؟ ،ئەو ئازادە تا سەر ئێسقان موسڵمانمیەتی و ئایینداریەتی خۆی بكات و بەرلەوەی خۆی وەك كورد بناسێنێت، وەكوموسڵمانێك بناسێنێت، بەڵام ئازاد نییە شكۆی ژن بشكێنێت، یان گاڵتە بە شەرڤان و ژنە قارەمانەكانی ئێمە بكات، كە لە سەدان بە ناو هەندێك پیاوی كورد، ئازاتر و مەردتر و قارەمانترن.