
ئەرسەلان ئەفراسیاو
- قیست، ئەوەی کە ئێستا شتێک بکڕیت و دواتر بەشبەش پارەکەی بدەیت، تایبەتە بە سیستەمی سەرمایەداری. واتە قیست لە پێش سەرمایەداری بوونی نەبووە، لەناو سیستەمی سەرمایەداریدا وەک زەرورەتێک سەریهەڵداوە و گەشەیکردووە. پێش سەرهەڵدانی سەرمایەداری فرۆشتن بە قەرز هەبووە، بەڵام قیست بەم شێوازەی ئێستا نەبووە. بۆنموونە لە ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاست و جیهانی ئیسلامی و دۆڵی دووئاواندا بازرگانەکان شتیان بە قەرز یان بە سوو داوە، بەڵام ئەمە سنووردار بووە، چونکە بەرهەمهێنان هەر خۆی سنووردار و کەم بووە، متمانەی پێدانی قەرزیش تەنیا لەنێو بازرگانان و نوخبەدا هەبووە، نەک کۆی گشتیی خەڵک.
- قازانج، کە بەرئەنجامی بەرهەمهێنانی کاڵا و فرۆشتنی بەدیدێت، سەرەکیترین بنەمایە کە سیستەمی سەرمایەداری لەسەر دامەزراوە. ئەمە بە مانای ئەوە دێت هەتا بەرهەمهێنانی کاڵا زیاتر بێت، قازانجیش زیاترە. شۆڕشی پیشەسازی هاوکارێکی باشبوو بۆ ڕوودانی ئەمە: پێشکەوتنێکی زۆر لە ئامێر و کارگەکاندا ڕوویدا، بەمەش بەرهەمهێنانی کاڵا بەڕادەیەکی یەجگار زۆر زیادیکرد. بەڵام ئەمە هاوکات لێکدژییەکی گەورەی لەناو سیستەمی سەرمایەداریدا دروستکرد، لێکدژییەک کە مارکس بە ڕوونی دەستنیشانیکرد: کاتێک ڕێژەی بەرهەمهێنان زیاد دەکات، سیستەمەکە ڕووبەڕووی قەیران دەبێتەوە، قەیرانی زیادەی بەرهەمهێنان. ئاخر سەرمایەداری لەلایەک لەپێناو بەدیهێنانی قازانجی زیاتر و زیاتردا بە بەردەوامی کاڵا بەرهەمدێنێت، لەلایەکی تر کرێیەک بە کرێکار دەدات کە ناتوانێت هەموو کاڵایەکی پێ بکڕێت، کرێیەک کە تەنیا بەشی بژێوی ژیانی دەکات، ئەمەش وادەکات کاڵا زۆر بێت و کڕیار کەم. لێرەوە فرۆشتن بە قیست، وەک یەکێک لە چارەسەرەکانی قەیرانی زیادەی بەرهەمهێنان، دەستیپێکرد.
- لە سەدەی نۆزدە بەدواوە کۆمپانیاکان، لە ئەوروپا و ئەمریکا، بۆ فرۆشتنی شتە گرانبەهاکان سیستەمی قیستیان پەیڕەوکرد. لە سەدەی بیستەوە ئیتر قیست بوو بە بەشێک لە ژیانی خەڵک، ڕێگەی بۆ ئەو شتەیش خۆشکرد کە ئێستا پێی دەڵێین کولتوری بەرخۆری و مەسرەفکردنی لەڕادەبەدەر. ئێستا ئیتر لە مۆبایلەوە بیگرە تا دەگاتە شووقە و کرێی خوێندن، هەمووی بە قیستە. ئەمەش بەتەنیا گۆڕانکاریی ئابووری نییە، داڕشتنەوەی کولتوریشە: ئێستا ئیتر مرۆڤێکمان هەیە کە ئامادەیە بەدرێژایی ژیانی قەرزار بێت و قیست بداتەوە، مرۆڤێکمان هەیە کە هیچکات لە بەکارهێنان و مەسرەفکردن تێر نابێت، مرۆڤێکمان هەیە کە بەلایەوە تەنیا خاوەندارێتی پێوانەی سەرکەوتنە.
- فرۆشتن بە قیست ئاسانکاری نییە، بەڵکو بەشێکە لە میکانیزمی بەرهەمهێنانەوەی سەرمایەداری. ئەویش لانیکەم بەم سێ ڕێگایە:
یەکەم: قیست ڕێژەی فرۆشتن زیاد دەکات. ئاخر وەک وتمان کرێکار (ئەوەی کە کرێ وەردەگرێت، لە شۆفێرێکەوە بیگرە تا دەگاتە مووچەخۆرێک) کرێیەکی سنوورداری هەیە، ناتوانێت هەموو کاڵایەک بکڕێت، ئەمەش کێشە لەبەردەم فرۆشتنی ئەو هەموو کاڵا لەڕادەبەدەرەدا دروستدەکات کە ڕۆژانە بەرهەمدێن؛ بۆئەوەی ئەم کاڵایانە ساغببنەوە، لەبری ئەوەی کرێ زیاد بکرێت، چانسی ئەوە بە کرێکار دەدرێت بەشێوەی قیست بیانکڕێت، ئەمەش ڕێژەی فرۆشتن بەرزدەکاتەوە.
دووەم: قیست ئامڕازێکە بۆ دەستەمۆکردنی کۆمەڵگا. ئاخر کەسێک کە قەرزی بانک و قیستی خانوو و سەیارەی لابێت، ئەگەر لەسەر کار بچەوسێنرێتەوە، ناتوانێت ڕووبەڕووی ئەو چەوسانەوەیە ببێتەوە، هەمیشە لە بێکاری و لەدەستدانی کار و موڵکەکانی دەترسێت.
سێهەم: قیست ژیانی ڕۆژانە دەکاتە کاڵا. لە سایەی سەرمایەداری و سیستەمی قیستدا، هەموو شتێک بووە بە کاڵا: لە نیشتەجێبوونەوە بیگرە تا دەگات بە خوێندن و تەندروستی. هەتا دێت وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە دەبنە کاڵا و کڕین و فرۆشتنیان پێوەدەکرێت، کڕین بە هێزێک کە هێشتا نەتفرۆشتووە، بە کارێک کە هێشتا نەتکردووە و لە ئایندەدا دەیکەیت. بەکورتی، لە سایەی سەرمایەداری و میکانیزمی قیستدا، مرۆڤ پێشوەختە هێزی کار و تەمەنی خۆی فرۆشتووە.
