
عیماد محەمەد
ئەوەی ئەمڕۆ لە کەرکووک دەگوزەرێت، تەنها دەرئەنجامی گۆڕانکارییە سەربازییە کاتییەکان نییە، بەڵکو لێکەوتەی ڕاستەوخۆی زنجیرەیەک هەڵەی زەق و ستراتیژی و سیاسییە کە لەلایەن سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجام دراون. کاتێک کەرکووک، کە بە درووشم و ئەدەبیاتی سیاسی کوردی هەمیشە وەک (قودسی کوردستان) و (دڵی کوردستان) ناودەبرا، خرایە ناو چوارچێوەی بڕگەی (ناوچەی کێشە لەسەر) و مادەی (١٤٠)ـەوە، لە بنەڕەتدا گومان لەسەر ناسنامە ڕەسەنەکەی دروستکرا، ئەمە گەورەترین هەڵەی مێژوویی بوو کە پێگەی یاسایی و نەتەوەیی شارەکەی لاواز کرد.
ئەو لایەن وکەسانەی، وەک دەمڕاست و نوێنەری کورد لە بەغدا خۆیان نمایش دەکرد، هەمان ئەو کەس و لایەنانەبوون کە هەڵگری درووشمەکانی،وەک کەرکووک (قودسی کوردستان) و (دڵی کوردستان)بوون، بەڵام دەرکەوت لە بنەڕەتدا باوەڕیان بە قووڵایی ئەو درووشمانە نەبووە کە بانگەشەیان بۆ دەکرد.
پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا کەرکووک دڵ و قودسی کوردستان نەبوو؟ کەواتە بۆچی بە دەستی خۆتان و لەژێر ناو و دەستەواژەی جۆراوجۆردا گومانتان لەسەر کوردستانیبوونی دروستکرد؟
یەکێکی دیکە لە زەقترین هەڵە سیاسییەکان ئەوە بوو کە لە ئێوارەی ٣١ی ١٢ی ٢٠٠٧دا، کە دوا وادەی یاسایی و دەستووری بوو بۆ جێبەجێکردنی قۆناغەکانی مادەی ١٤٠، دەسەڵاتدارانی هەرێم و سەرکردایەتی کورد ئەو هەلە مێژووییەیان بەکارنەهێنا. دەبوا لەو ڕۆژەدا، بە بەیاننامەیەکی فەرمی کۆتایی و مردنی ئەم مادەیەیان ڕابگەیاندایە و ڕوویان لە رای گشتی بکردایە بەوەی، پێشێلکردنی وادەکان لەلایەن بەغداوە مانای پووچەڵکردنەوەی مافەکان نییە، بەڵکو لەم ساتەوە بە دواوە زیاتر کەرکووک بە خاکی کوردستان دەزانین، بەڵام بە خاکێکی داگیرکراوی دەزانین و بۆ ئازادکردنی بەردەوام دەبین لە خەباتمان.
کەچی بە پێچەوانەوە، ماوەی ١٨ ساڵە سەرکردایەتی کورد پێداگری لەسەر زیندوویەتی ئەم مادەیە دەکات، بێ ئەوەی بۆ ساتێک بیر لە داهاتوو و کارەساتی بەردەوامی ئەم سیاسەتە بکاتەوە. ئەم پێداگرییە کوێرانەیە لە داهاتوودا دەبێتە سەرئێشەیەکی بەردەوام بۆ خەڵکی ڕەسەنی کەرکووک و چارەنووسی شارەکە دەخاتە لێواری مەترسییەکی گەورەوە.
بێگومان، لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧وە، قۆناغێکی نوێی تەعریب و گۆڕینی دیموگرافیا لە کەرکووک دەستی پێکردووە. پێکهاتەی عەرەب لە شارەکەدا بەهۆی سیاسەتی حکومەتی ناوەندی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی وەچەخستنەوە، بە خێرایی لە زیادبووندایە.
ئەم ڕەوشە ترسناکە پێمان دەڵێت کە ئەگەر بارودۆخەکە بەم شێوەیە بمێنێتەوە، لە ئایندەدا و ڕەنگە تەنها دوای دوو دەیەی تر، پێکهاتەی عەرەبی کەرکووک بە پشت بەستن بە هەمان مادەی ١٤٠ و گۆڕانی هاوکێشەی دیموگرافی، خۆیان داوای جێبەجێکردنی مادەکە بکەن بۆ زاڵبوونی یەکجارەکی بەسەر شارەکەدا.
لێرەدا کارەساتەکە دەگاتە لووتکە.
کەرکووکمان لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا بە شەڕ دۆڕاند و لە داهاتووشدا بە دەستوور و یاسا و دیموگرافیا بۆ هەتاهەتایە لەدەستی دەدەین.
لە کۆتاییدا دەڵێم، کەرکووک پێویستی بە ستراتیژێکی نوێ و نیشتمانی هەیە، نەک دووبارەکردنەوەی درووشمی بێ ناوەڕۆک و بەستنەوەی چارەنووسی شارەکە بە بڕگەی یاسایی کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیانی کورد تەواو دەبن. پێویستە دان بە هەڵە سەرەتایی و ساڵانی ڕابردوودا بنرێت، چونکە پاراستنی ناسنامەی کەرکووک بە سیاسەتی پاشکۆیەتی و چاوەڕوانیی یاسایی بەدی نایێت، بەڵکو خەباتێکی ڕاستەقینە و هۆشیارییەکی نەتەوەیی دەوێت کە پێشوەختە پێشبینی پیلانەکان بکات.
