بەسمە جاف 

ئافرەت بەشێکی گرنگ و بنەڕەتییە لە کۆمەڵگە و ڕۆڵێکی گرنگ لە دروستکردن و پەرەپێدانی کۆمەڵگەدا هەیە ئافرەت دەکرێ دایک یان خوشک ، هاوسەر ، هاوڕێ بێت کە بە ڕوونی لە دەوروبەرمان دەیانبینین بە ئاشکرا و ڕۆژی ڕووناک دەستدرێژی و تووندوتیژی دژ بە مرۆڤی مێ دەکرێ و دەبێتە هۆی ئازار و زیان گەیاندن بە لەشی یان بە هۆشی، واتە لە رووی فیزیكی یاخود سایكۆلۆجی ، هەندێک جار تووندوتیژی بە شێوەی سووکایەتی، هەڕەشەکردن، کۆنترۆڵکردنی ژیان و هەڵسوکەوتی ئافرەت، ڕێگریکردن لە خوێندن یان کارکردن، دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە ئابوورییەکان و یان ناچارکردنی بە کارێک دەردەکەوێت کە بە ویستی خۆی نییە، توندوتیژی دژی ئافرەت دیاردەیەكی جیهانییە و تایبەت نییە بە كۆمەڵگەیەكی دیاری كراو، بەڵام ئاست و هۆكارەكانی لە كۆمەڵگەیەكەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی دیكە جیاوازیی هەیە، هەر بۆیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێویستە بە دوای هۆكارەكانی سەرهەڵدان و رەگداكوتانیدا بگەرێین لەناو خودی كۆمەڵگەكەدا.


لەگەڵ ئەوەشدا هۆکاری ئەو تووندو تیژییە کە دەرهەق بە ئافرەت دەکرێ هەست کردن بە لاوازی و بێ دەسەڵاتی پیاوە لە ئاست ئافرەت و بوونی ترسێکی تۆقێنەر لەوەی زاڵ بێ و نەتوانی کۆنتڕۆڵی بکات ئەمەش وای لێ دەکات دەست بۆ ئەشکەنجە و لێدان ببات و تووندوتیژی بەرپا بکات ئەویش دەکرێ هۆکارەکەی بۆ ئەوە بگەڕیتەوە ڕەگەزی نێر هەر لە سەرەتاوە هزر و دیدوبۆچوونی لە چوارچێوەیەکی بەرتەسک دەخنکێندرێ بە چەندین بیرۆکەی هەڵە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕەگەزی مێ و ، نەگونجان لەگەڵی و بەشێوەیەک ڕادەهێندرێت کە ئەو باڵا دەستە و بۆچونەکانی ڕاست و دروستە و لە کاتی ناکۆکیدا حەق بەمە و پێویستە ڕەگەزی مێ گوێڕایەڵی بەرامبەر خواست و ویستیەکانی بنوێنێ کە ئەمەش لە دابونەریتی کۆنەپەرستەکانە ،لە بەرامبەر ڕەگەزی مێ لە سەرەتای پەروەردەکردنیەوە بە جۆرێک پەروەردە دەکرێت کە پاشکۆی ڕەگەزی نێرە ، بەم شێوەیە ڕەگەزی نێر خۆی بە باڵا دەست دەزانێ و ڕەگەزی مێ بە لاواز، کە ئەمەش پەیڕەوێکی نادروستە لە پڕۆسەی پەروەردەی کۆمەڵایەتی و مەعریفییدا. 

بێ ئەوەی لایەنگری ئافرەت و باسی پیاوسالاری بکەین دەتوانین چەند هۆکارێکی تر بخەینە ڕوو بۆ ئەم دیاردە زەقەی ناو کۆمەڵگە، ئەویش بارودۆخی ئابووریە هەژاری و پشتبەستنی تەواوی دارایی ئافرەت بە پیاو ، زۆرجار وای لێدەکات لەبەر بژێوی ژیان بەرگەی تووندوتیژی بگرێت وەک لەوەی زۆریک دیومانە زۆر [ دایک ] هەبوونە تەواوی ژیانیان بەرگەی ئەشکەنجە و تووندوتیژی گرتووە لەبەر منداڵەکانی کە ئەمەش هۆکارە سەرەکیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی بودجەیەک و بارودۆخیکی ئابووری گونجاو و نەزانین و بێ ئاگا لەوەی چ توانا و هێزێک و مافێکی هەیە، 
یەکێکی تر لە هۆکارە ئابوریەکانی توندوتیژیی نەبوونی ئابوریەکی سەربەخۆیە بۆ ئافرەتان کە وایان لێ بکات ئەو پێداویستیانەی ئافرەت هەیەتی ودەیەوێ دابینی بکات لە کاتی نەبوونی ئابوریەکی سەربەخۆ بۆ ئافرەتان وادەکات چاویان لە دەستی خێزانەکانیان بێت وەک باوک ،برا ،یان هاوسەرەکانیان. نابێت هۆکاری سیاسیشمان بیر بچێت ، کاتێک ئافرەتێک پێ دەخاتە بوارێک لە بوارەکان کە  مۆرکی پیاوی بەسەردا سەپێنراوە" کاری پیاوانە"،  لێرەدا پیاو نایەوێت توانای ئەو ژنانە ببینێت و چونکە ترسی لەوە هەیە کە ئەو ژنە جێگەی ئەو لەق بکات یان  لەو بوارەدا لەو باشتر بێت، نەوەک پلە و پۆستەکان لەو بسەنرێتەوە. بۆ تێکشکاندنی ئەو ژنانە توندوتیژی هەمەجۆر بەتایبەتی دەروونی بەرامبەریان بەکاردەهێنێ. کە زۆرجار دەبێتە هۆی ئەوەی ئافرەت واز لە کارەکەی بهێنێت و نەچێتە ناو ئەو ململانێیەی لەوانەیە کە دەرەقەتی نەیەت. ئەم مامەڵە توندووتیژ ئامیزە بە دەرچوونی ژن لەم بازیە بەرەدوام دەبێت بەرامبەر کارمەندێکی تری ژن.  ئەمەش وادەکات  ئەم جۆرە پیاوانە بەردەوام نم لە بەکارهێنانی جۆرێک لە توندوتیژی کە کاریگەری دەبێت لە بەهێزکردن و بەرەپێشەوەچوونی پێگەی ژن لە بوارە جیاوازەکاندا.

لەگەڵ ئەوەشدا چەندین هۆکارێکی کەسی و خودی هەیە کەدەبێتە هۆکاری زیادبوونی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان وەک نەبوونی کەسایەتیەکی بەهێز کە وابکات ئافرەتان لەبری وەك تەواوکەر تەماشای ڕەگەزی بەرامبەر بکات کەچی بەترسەوە تەماشا دەکات، ئەو ترسەی کە لە ڕەگەزی بەرانبەر هەیانە وایان لێدەکات هەمیشە سڵ بکەنەوە لە هەماهەنگی و هاوکاری و کاری پێکەوەیی یاخود ئەو قسە و ڕوانگانەی کۆمەڵگە هەیەتی لەبارەیانەوە دەبنە ڕێگر و توندوتیژی بۆیان، وەك ئەوەی هەندێک لە ئافرەتان ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ڕەخنە و تەنز دەبنەوە لە کۆمەڵگەدا لەسەر هەر شتێک کە پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە، بۆ نموونە لەسەر شێوازی گۆڕینی جل و بەرگ بێت یاخود شێوازی قسەکردن یان تەنانەت شێوە و شکڵی خودی ئافرەتەکە لەڕووی جەستەییەوە بێت، جا هەرکاتێک ئافرەت کەسایەتیەکی بەهێزی نەبوو و نەیتوانی ڕووبەڕووی ئەم شتانە ببێتەوە لە کۆمەڵگەدا، ئەوا ڕووبەڕووی زۆرترین توندوتیژی دەبێتەوە لە کۆمەڵگەداو پشت لە هەمو ئەو مافانە دەکات کە پێویستە بە دەستی بهێنێت ئەمەش دەتواندرێت بەدەست نەهێنریت بە نەبوونی هۆشیاری و یاسایی و کۆمەڵایەتی ئافرەتەکە خۆی .
ئافرەت هەوڵ دەدات بوونی خۆی بسەلمێنێت و داكۆكی لە مافەكانی خۆی بكات وا بکات شوێن پەنجەی خۆی بەجێ بهێڵێت بۆیە لە ئەنجامدا رووبەرووی توندوتیژی دەبێتەوە، كە ئەمەیان خاڵی سەرەکیە ، چونكە بێدەنگی ئافرەت بە لاوازی لێکدەدرێتەوە لە نێو کۆمەڵگەدا بەڵام بێدەنگی قوربانی نابێت وەک هۆکاری توندوتیژی لێک بدرێتەوە؛ زۆرجار بێدەنگی ئەنجامی ترس، وابەستەیی ئابووری، فشار، هەڕەشە، پاراستنی منداڵ، یان نەبوونی پشتگیرییە. بەڵام ئێستا خۆشبەختانە ئافرەت بەراورد بە ساڵەکانی ڕابردوو چاوکراوەتر بووە و مافزان بووە سەبارەت بەش بە حاڵی خۆی بۆیە تۆ وەک مرۆڤێک پێش هەموو شتێک دەبێت ئەوەت لا قبووڵ بێت کە ئافرەت دەکرێ وەک تۆ ئازادی هەبێت لە کارکردن، دەکرێ وەک تۆ ژیان بکات و چێژ لە ژیان وەربگرێت نەک لە سوچێکی ماڵەکە بە زیندانکراوی بیهێڵییەوە بە ناوی پاراستن و دابونەریت و کلتوور و ئایین بەو شێوازەی کە خۆت پێت ڕاست بێت و لێی تێی گەیشتووی.

لە کۆتاییدا چارەسەری توندوتیژی تەنها لە هۆشیارکردنەوەی ئافرەتدا نییە؛ بەڵکو پێویستی بە گۆڕینی هەڵوێستە کۆمەڵایەتییەکان، بەهێزکردنی یاسا و جێبەجێکردنی، سزادانی ئەو کەسانەی توندوتیژی بەکاردەهێنن، پشتیوانی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە قوربانی، و دروستکردنی کەشێک کە تێیدا مرۆڤ بتوانێت بەبێ ترس مافەکانی خۆی بەکاربهێنێ.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا