وەک ئاشکرایە ڕەگی یادەوەریی مرۆڤ لە نێو سروشت و گەردوونە، لەبەر ئەوەی سەرەتا سروشت دروست بووە، ئەوجا بە پێ (تسلسل) دارو درەخت و باڵندە و ئاژەڵ و گیانلەبەرانی دی، لەڕاستی دا سروشت کەسایەتی یی هەیە، یادەوەریی هەیە، بە سەدان و هەزارەها پروسەی گۆڕانکاری تیا روو ئەدەن، سروشت بە پێ ساڵەکان بە پێ گورانکاری دیاردە فیزیاویەکان دەگوڕێ، تەنانەت بوونی شکڵ وشێوەی جۆراوجۆر لە شێوەو ئاکاری مرۆڤ، ئەوە سروشتە ئەو وێنانەی فرێ داوەتە دەرەوە، بۆ نموونە ئەوە سروشت و جوگرافیای سروشتە مروڤی ئەفریقی یی خوڵقاندووە، بە هەمان شێوە ئەوە سروشتە مروڤی ئاسیایی و ئەوروپی و ئەمریکی ئەفراندووە، مرۆڤەکانی هەر کێشوەرێک هەڵگری سیمای تایبەتی سروشت و ئەتموسفیرو ژینگەی تایبەتی خویانن، سروشت و گەردوون کروموسوماتی خۆیان هەیە، ژمارەی دیاریکراوی کروموسوماتی خۆیان هەن بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کوپی کراوە لە ژمارەی کروموسوماتی ئاژەڵ و مرۆڤەکان، فاکتەری بۆ ماوەیی فاکتەرێکە وێنەکەی بەدرێژایی مێژوو ڕەگی لە نێو سروشت و گەردوون داکوتاوە هەروا یادەوەریی و کەسایەتی جوراجۆری مرۆڤەکان، بۆ نموونە کەسایەتی مرۆڤ بە پێ بۆچوونی کۆنی کریگ بەسەر چوار ڕەگەزElement سروشت دابەشی کردووە ئەوانیش ئاگری و خاکی و هەوایی و ئاوین، بە پێ بۆچوونی ئاینەکان ئادەم لە قوڕ دروست کراوە هەروا شەیتان لە ئاگر دروست کراوە، خوا فووی لە ئادەم کردووە، بەشێوەیەک لە شێوەکان ئاینەکان دانیان بەودا ناوە، چوار ڕەگەزی سروشت بەشدارە لە پێکهاتەی دروست بوونی ئینسان، تەنانەت شارلز داروین ئەڵقەی مێژووی گواستنەوەی نێوان ئاژەڵ و ئینسانی دوزییەوە کە بنەچەی ئینسان ئاژەڵە، ئەمەش ڕێ تێ ئەچێ، بەپێ تابلۆیەکی ماتماتیکی سروشت گیانلەبەرەکانی دروست کردووە، سەرەتا بەهرەی پروسەی خوڵقاندنی سروشت بەر ئاژەڵەکان کەوتووە، ئاژەڵ پێش وەخت دروست بووە، هەر بۆیە تا ئێستا مروڤی سەردەم ڕەگی ئاژەڵی تیایە، ڕەگی خودخواهی تیایە، ڕەگی لادان لە یاسای تیایە، لێرەدا ئەگەر بگەرێنەوە بۆ کەسایەتی و یادەوەریی مرۆڤ کە لە یەکەی سروشتەوە سەری هەڵداوە، ئەوە سایکۆلۆژیستە روسەکان کەسایەتی مرۆڤیان دابەش کردووە بەسەر جۆری ڕەنگەکان بەڵغەمی و بورتقاڵی و ڕەشایی و قەهوائی، هەر ڕەنگێک لەم کەسایەتیانە یادەوەریی تایبەت بەخۆی هەیە تەنانەت ئەم بیروکەیە شوڕ کرایەوە نێو رێکخراوە حزبیەکان بۆ نموونە هەر هەیئەتێک دەبێ سێ کەس سەرپەرشتیی بکا، بەمەرجی جۆری کەسایەتیەکان جیاواز بن تا وەکو لە بریار وەرگرتن کەم و کوڕی یەک تەواو بکەن، هەروا کەسایەتی و یادەوەریی مرۆڤ لە بەر ئەوەی ڕەگەزی ئاسن و میتاڵی تیایە بە پێ وەرزەکان دەگوڕێ، بۆ نموونە کەسایەتیەکان بەشێوەی گشتی لە زستان گرژ دەبنەوە لە هاوین دەکرێنەوە لە وەرزی پایز مت دەبن و لەبەهاریش دەگەشێنەوە، کەواتە کارتێکردن و کارلەیەککردن هەیە لە نێوان کەسایەتی سروشت و کەسایەتی مرۆڤ بە واتایەکی دی مرۆڤ لە سروشتەوە دروست بووە کە دەمرێ جەستەی دەگەرێتەوە بۆ یەکەی سروشت بەڵام لێرەدا دەبێ هەڵوەستەیەک بکەین لەسەر پێکهاتەی کەسایەتی و یادەوەریی مرۆڤ کە لە دوو بەش پێکهاتووە، یەکەم بەشی ماتریاڵی و جەستەیی دووەم بەشی روحی و گیانی بەواتایەکی تر یادەوەریی کە هەڵگری تەوژمی کارەبایی یە لەهەمانکاتدا هەڵگری کۆدی تایبەتە بەو مرۆڤە، بەپێ لێکدانەوەی دیجیتاڵی بۆ یادەوەریی کە مرۆڤ دەمرێ، جەستەی دەمرێ تەنیا بەڵام یادەوەریی کە هەڵگری تەوژمی کارەبایە لە جەستەی جیا ئەبێتەوە بە پێ بۆچوونی زاناکانی سەردەم بەبەرزی سەد مەتر لەسەرەوەی جەستە لەنگەر دەگرێ، ئەو دەم یادەوەریی بەرکەوتنی دەبێ لەگەڵ کەسایەتی و یادەوەیی سروشت و گەردوون، لە ڕاستی دا بەشێوەی میتافوری دەڵێن دەسەڵاتی خودا لێپیچینەوە لە مرۆڤەکان دەکا کەچی ئەوە دەسەڵاتی ئەستانداری سروشت و گەردوونە لە لایەک هەروا دەسەڵاتی ئەستانداری یادەوەریی مرۆڤەکانە بە زیندوو مردووەوە لە لایەکی دی، لە زانستی یادەوەریی چەمکی مردن و زیندوو نییە بەڵکو چەمکی ئەوە هەیە، یادەوەریی لە نێو جەستەیە یان لە دەرەوەی جەستە، لە ئاینی بودایی و یارسانەکانی لای خوشمان دەڵێن روحی مرۆڤ لە دوای مردنی جەستە دەچێتە نێو جەستەی گیانلەبەرێکی دی چ گۆڕاو بێ یان نەگۆڕاو یان ئەو روحە دواتر دەبێتە درەخت یان باڵندە یان ئاژەڵ کەواتە لێرەدا بیروبۆچوونی دونادون بیرکردنەوەیەکی زانستی یە، ئەگەر چی لەسەردەمی ژیانی دیجیتاڵی ئێستا یادەوەریی و کەسایەتی و مۆرکی دیاریکراو، چەمکێکی کارەبایی و تەکنۆلۆژی یە بەشێوەیەک کە یادەوەریی پڕ دەکرێت و بەتاڵ دەکرێتەوە، زانیاری لێ ڕەش دەکرێتەوە زانیاری بۆ ئیزافە دەکرێ تەنانەت یادەوەریی مرۆڤ ئێستا ئاپی تێ دەکری ڕێک وەک جیهازی تەلەفون ڕێک وەک جیهازی کۆمپیوتەر، وەک پێشتر گوتمان یادەوەری مرۆڤ کۆپی کراوی سروشت و گەردوونە لە هەمانکاتدا زانستەکانی ماتماتیکی و کارەبایی و فیزیاوی و کیمیاوی تەنانەت گراماتێکی زمانەوانی بە واتایەکی دی مەعریفە و وەهم بە هەموو لایەنەکانیەوە لە دەروونی سروشت و ئەتمۆسفیری گەردوون جێگیرە، ئەوە مرۆڤەکانە بە هەوڵ کۆشش و تاقیکردنەوە زانستەکانیان دەرهاوێشتووە و خراوەتە پێناو خزمەتی مرۆڤایەتی لە تێکرای کێشوەرەکان، بۆ نموونە جیهازی تەلەفون بە پێ لۆژیکی کارەبایی نێو سروشت ئیش دەکا، میکانیزمی ئەم ئالەتە لە نێو ئەتمۆسفیری گەردوون دایە، تەنانەت ژمارەکان لە یادەوەریی سروشتەوە وەرگیراوە، یادەوەریی سروشت و گەردوون تەژیی و پڕە لە سیمبۆلی ماتماتیکی و کارەبایی و فیزیاوی، بۆ نموونە داهێنانی ڕەنگەکان و ژمارەکانیان سەرەتا لە یادەوەریی و کارخانەی سروشتەوە وەرگیراوە هەروا ڕەگەزە کیمیاویەکانی لە یادەوەری گەردوونەوە وەرگیراوە، بۆنموونە داهێنانی جیهازی کۆمپیوتەر و میکانیزمی ئیش کردنی، ئەگەر تۆزی هەڵوەستەی لەسەر بکەین بۆمان دەرئەکەوێ کە تێکرای پروسەکانی لە ئالیەت و میکانیزمی مێشک و یادەوەریی مرۆڤەوە وەرگیراوەو بنەماکانی هەڵدەقوڵی، دەسەڵاتی زانست خۆشبەختانە توانیویەتی نهێنی مێشک مرۆڤ و توڕی یادەوەریی کەشف بکا و شارەزای میکانیزمەکانی بێت، بۆ نموونە فاکتەرەکانی ناردن و وەرگرتن، دوو توانای یادەوەریی مرۆڤن، مرۆڤ دەتوانێ وەک ریسیڤەر وەرگرێ هەروا توانای ناردنی هەیە مەبەست وەرگرتنی بیروبۆچوون و وێنەو کایەی مەعریفی یە هەروا ناردنی وێنەو نیەت و بۆچوونی جیاوازە کە لە دەخیلەو باکگراوندی یادەوەریی ئەو کەسە بوونی هەیە، لێرەدا دەتوانین باسی قەدەری یادەوەریی مرۆڤەکان بکەین و کەسایەتیان چ روڵێک دەبینی لە ئاراستە کردنیان، لەڕاستی قەدەری مرۆڤەکان یەکانگیری یادەوەریی سروشت و یادەوەریی مرۆڤەکانی دیکەو یادەوەریی خۆدی مرۆڤە، مرۆڤ هەم ئازادە، هەم دەرگیرە لە کایەی قەدەری دا، لەبەر ئەوەی مەسەلەیەکی فیزیاوی و ماتماتیکی یە، لێرەدا من لەگەڵ پروسەی ئیلهامی نووسەران و رۆشنبیران وشاعیران یەک ناگرمەوە گوایا ئیلهام ئیحایەیەکی خودایی یە، گوایا مرۆڤ ژانی لێ دێت ! لە ڕاستی دا ئیلهام کایەیێکی فیزیاوی و کارەبایی یە وەک گوتمان یادەوەریی مرۆڤەکان بە مردوو و زیندویانەوە، وێنەی کۆپی یەکیان لەسەر لاپەرەی ئاتمۆسفیری گەردوونە لە شێوەی وەهم و زانستی مەعریفی، لەسەرەتا دا وەهم زانستە بەشێوە خۆرسکی و سەرەتایەکەی دواتر دەخەمڵێ و پێ دەگا.  ئەگەر نووسەر یان شاعیر بیەوێ بنووسی و پروژەی نووسین وەبەرهەم بێنی، دەکرێ تەماس بگرێ لەگەڵ بەشێک لە یادەوەرییەکان یان لەگەڵ یادەوەریی گەردوونی کە هەڵگری یادەوەریی دەستەجەمعی تێکرای مرۆڤەکانە بە درێژایی مێژوو بە پوختەترین دەربڕێن ئەنجام دانی کایەی تەلەپاتی یەلە زانستی پاراسایکۆلۆژی دا.  بۆ نموونە دەڵێن جەلال دین رومی وشاعرێکی یابانی لە هەمان کات دا یەک دەقیان نووسیوە کە زۆر لە یەکەوە نزیکن مەبەست وێنە شیعریەکەیە نەک زمانی دەق، ئەگەر لە رووی لوژیکی زانستی یادەوەریی ئەم دیاردەیە لێک بدەینەوە دەکرێ شەش کەسیش لەهەمان کاتدا هەمان وێنەی دەق وەرگرێ بەمەرجی فرینکوینسیان لەسەر یەک ئاست و شەپۆل بێت، لەسەردەمی دوا گەشەسەندنەکانی ئەمرۆ چی دیکە جۆری مرۆڤ لەسەر شێوازی ڕەنگەکان دابەش ناکرێن، زیاتر کەسایەتی و یادوەریی مرۆڤەکان بەشێوەیەکی فیزیاوی و ماتماتیکی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ، لە رێگای بەرز و نزمی فرینکوینسی یادەوەرییەوە، لە رێگای کۆدی ماتماتیکی یەوە لە رێگای سیگناڵی دەنگی و جەستەییەوە هەر بۆ نموونە ئەفریقیەکان سەمای بارانیان هەیە، بە جوڵەو دەنگ لە سروشت دەپارێنەوە پروسەی بارانیان بۆ ئەنجام بدا، سەماو کایەی فیزیکی و فیزیاوی ئەنجام ئەدەن تا وەکو سروشت بە هانایانەوە بێ، لە ڕاستی دا جۆرێک لە دیالۆک بوونی هەیە لە نێوانسروشت و مروڤەکان، سروشتیش کەناڵی تایبەتی و زمانی هەیە، گەرچی زمان و گراماتیکی هەموو گەڵان لە ناخی ئەو دان، سروشت ئەقڵ و ئاوەزی هەیە، دەکرێ ئاخاوتنی لەگەڵ ئەنجام بدرێ هەروا دەکرێ ئاوەزو رەفتاری سروشت دەستکاری بکرێ بخرێتە پێناو خزمەتی مرۆڤەوە، هەر بۆیە چەمکی میتافوری دەسەڵاتی خودا لە نێو ئەفسانەکان لە نێو سروشت دا جیگیرە وەک زەمانی کریگەکان دەیانگوت خوای با و خوای دەریاو خوای ئاگرو خوای زەوی بێگومان ناوی تایبەتی لاتینی ییان هەیە، دیارە ئەمجارە بابەتەکەمان تێکچڕژاوە بەڵام تێکڕای رێگاکان دەچنەوە بۆ بانە یان رۆما کە ژیانی مرۆڤایەتی بنەمایەکی لۆژیکی ماتریاڵی و یادەوەریی هەیە .

نووسینی/ هاورێ نەهرۆ

٢٨ / ٩ / ٢٠٢٤

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە