
سلێمانی/ دلێر عەلی
ئەمڕۆ ٨ی مارس، لە شاری سلێمانی مەراسیمێکی جەماوەری بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی ژنان بەڕێوەچوو. تەوەری سەرەکی مەراسیمەکە جەختکردنەوە بوو لەسەر مافی ژنانی کرێکار و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو شەپۆلە توندوتیژییەی کە گیانی ژنانی خستووەتە مەترسییەوە.
لە وتارێکدا، چالاکوان چیمەن عومەر ئاماژەی بە دۆخی سەختی ژنان لە کەرتی تایبەت و حکومیدا کرد. ئەو باسی لەوە کرد کە ژنان ڕووبەڕووی چەوساندنەوەیەکی دووفاقە دەبنەوە؛ وەک کرێکار و وەک ژن. هەروەها ئاماژەی بە کارەساتی گیانلەدەستدانی ژنێکی دووگیان کرد لە قەزای شارەزوور لە کاتی کارکردندا، وەک نموونەیەک بۆ نەبوونی سەلامەتی پیشەیی. لەم چوارچێوەیەدا، پاکێجێکی حەوت خاڵی پێشکەش کرا کە تێیدا داوای یەکسانی لە مووچە، دابینکردنی بیمەی کۆمەڵایەتی، و جێگیرکردنی میلاکی وانەبێژان کرا.
لە تەوەرێکی تری مەراسیمەکەدا، ئامارە ترسناکەکانی کوشتنی ژنان خرانە ڕوو، کە ئاماژە بوو بۆ کوژرانی (٦٩) ژن لە ساڵی ڕابردوو و (١٣) ژن لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا. چالاکوانان داوایان لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد فشار بخەنە سەر حکومەت بۆ ڕێگریکردن لە "ڕەشەکوژی ژنان" و داوایان کرد بکوژان سزای توند بدرێن و لێبوردنی گشتی نەیانگرێتەوە.
مەراسیمەکە بە خەڵاتکردنی چالاکوانان و ڕێپێوان بەرەو باخی گشتی و بە نمایشێکی شانۆیی بێدەنگ و وتنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، پەیامی خۆڕاگری و داوای کۆتاییهێنان بە چەوساندنەوەی ڕەگەزی گەیەندرایە دەسەڵات و کۆمەڵگە.


