
٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ئافرەتان مێژوویەکی پڕ لە خەبات و شکۆی ئافرەتانە دژی چەوساندنەوە و زوڵم و زۆرداری و داواکردن و بەدیهێنانی مافە ڕەواکانیان لە یەکسانی و دادپەروەری.
لە کاتێکدا یادی ئەم ڕۆژە مەزنە دەکەینەوە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم شەڕ و ئاڵۆزی و گۆرانکاری گەورە دایە، بێگومان لە دۆخێکی وەهادا ئافرەتان لە قوربانیدان و ڕووبەروبونەوە پشکی شێریان بەردەکەوێ، هەڵبەت لەم بارودۆخانەشدا توندوتیژی بە هەموو فۆرم و جۆرەکانیەوە زیاتر پەرە دەسێنن.
لە کوردستانیش ئافرەتان مێژوویەکی زێڕینیان هەیە لە بەشداری خەبات و تێکۆشان بەتایبەتی لە ڕۆژگارە سەختەکانی خەباتی نەتەوایەتی و چینایەتی بە کارکردنی لەبوارە جیا جیاکانی کۆمەڵگا، بەشداریان لە پرسی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری، کارکردنیان بۆ بەرەوپێشچوونی پێگەکانی ئافرەتان لە کۆمەڵگا و نێو خێزاندا، هەروەها دەستەبەر کردنی مافەکانیان لە یاسادا، خاوەنی چەندین دەسکەوتن.
شایەنی باسە، وێڕای بوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆمەڵە و ڕێکخراو و چالاکوانی مەدەنی و پێشکەوتوخواز کە دڵسۆزانە کاردەکەن بۆ بەرەوپێشچوونی دۆزی ئافرەت و کەمکردنەوەی تووندوتیژی، خۆشبەختانە گۆڕانکاری و هەنگاوی باش نراوە، بەڵام بەهۆی ناسەقامگیری بەردەوام لە ناوچەکە و پێشهاتی نوێ لە کوردستان ڕوودەدات پێگەی ئافرەت لە ئاستی پێویست و خواستی ئافرەتان نییە، بە داخەوە زیاد بوونی توندوتیژی بە هەموو جۆرەکانیەوە و مانەوەی بیری عەشایەری و پیاو سالاری لە هزری تاکی کوردا ڕۆژانە ڕووداوی نەخوازراو و هەواڵی دڵتەزێن گوێبیست دەبین، لەلایەکی دیکەوە پەراوێزخستنی ڕۆڵی ئافرەتان لە ناوەندی بڕیار و دەسەڵات و بەکاڵاکردن وهەراسانکردنیان لە شوێنی کارو پەرەسەندنی توندوتیژی ئەلیکترۆنی هەروەها خەمساردی و بێباکی لایەنی پەیوەندیدار لایەنێکی نەرێنی دیکەیە. سەرباری هەموو ئەوانە باروگوزەرانی خێزانەکان بە تایبەتی لە ڕووی ئابوورییەوە بۆتە هۆی کێشەی خێزانی لە هەموو ڕوویەکەوە.
بۆیە ئێمە وەک ئافرەتانی چەپ و پێشکەوتوخواز وێڕای بەردەوام بوونمان کاردەکەین بۆ هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگا و بنبڕکردنی تووندوتیژی و بەدیهێنانی مافەڕەواکانی ئافرەتان و تێدەکۆشین لە پێناو دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی جێندەری، هەرچەندە وێڕای دەرکردنی چەندین بڕیار و گۆڕینی چەندین بڕگەی یاسایی و بوونی پەیماننامە و ڕێکەوتننامەی نێودەوڵەتی، بەڵام هێشتا خەباتی ئافرەتان لەبەردەم ئاستەنگی گەورە دایە.
لە کۆتاییدا وەک ئافرەتانی چەپ داواکارین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندییدارکان کار بکەن بۆ:
۱-بەشداری ڕاستەقینە و کارای ئافرەتان لە ناوەندەکانی بڕیار و دەسەڵات و هەرسێ دەسەڵاتەکانی بەڕێوە بردنی دەوڵەت.
۲- فەراهەم کردنی هەلی کار بۆ لاوان و دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان.
٣- کاراکردنی پەرلەمان و دارشتنی یاسای نوێ و هەموارکردنی ئەویاسایانەی پێویستە بەپێی بارودۆخی سەردەمیانە گونجاندنیان بۆبکرێ .
٤-کارپێکردنی یاسایاییەکان بە بێ جیاوازی و بێ دەستێوەردان و سوڵحی بنەماڵە و حزب و دیوەخانەکان و داڵدەدانی بکوژ لەلایەن حزبەکانەوە.
٥- پشتگیری و پاڵپشتی ئافرەتان بۆ کارکردنیان بە شێوەیەکی ئازادانە و چالاککردنی ڕۆڵ و بەهێزکردنیان لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە.
ئافرەتانی لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستانی
٨ی مارسی ٢٠٢٦