بەیاننامەی لیژنەی  کاری هاوبەشی چەپی کوردستان، لەبارەی درێژکردنەوەی مانەوەی هێزەکانی تورکیا لە عێراق و سوریا

   لە ڕێکەوتی ٢٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥دا پەرلەمانی تورکیا بەپاساوی ڕێگری کردن لەهێرشی تیرۆریستی، درێژە بە مانەوەو ناردنی هێزە سەربازییەکانیان بۆ خاکی عێراق و لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان  و سوریا،بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکە لە ٣٠ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە.  

ئەم بڕیارە لەکاتێکدا نوێکراوەتەوە، پرۆسەی ئاشتی لە نێوان پەکەکە و تورکیا لە ئارادایە ، جگە لەوەی ئەمە پێشێلکردنی سەروەری نیشتمانی و ، پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و ڕێزنەگرتنی پرنسیپی دراوسێیەتی باشە لە هەمان کاتدا مانای بەردەوامبوونی پەلامارە سەربازیەکانە  بۆسەر باشور و ڕۆژاوای کوردستان و ناردنی هێزی زیاتری سەربازی و  دروست کردنی بەربەستە لەبەردەم پرۆسەی ئاشتیدا  کە هەردوو گەلی کورد و تورک هیوایان پێیەتی. نەک بەردەوامی بۆمبارانکردنی گوندەکان و کوشتنی هاووڵاتیانی بێتاوان و وێرانکردنی ژینگە و تێکدانی ژیانی ئاسایی هاوڵاتیان. 

لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان لەکاتێکدا دژی ئەم بڕیارەیەوسەرکۆنەی دەکات، جەختدەکاتەوە کە گەلی کوردستان نابێت بکرێتە قوربانی قەیرانی سیاسی و ئابوری ناوخۆو دەرەوەی وولاَتانى ناوچەکە.  

     هێرشەکانی تورکیا لە باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان ، جگە لە شەڕو  داگیرکاری و لەناو بردنی گەلەکەمان شتێکی دیکە نییە و بەردەوام قەیرانی دەوڵەتداری لە تورکیا قوڵتر کردووەتەوە. 

لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان بانگەشەی یەکدەنگی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وهەموو هێزە ئازادیخوازەکانی جیهان دەکات و داواکارەهەڵوێستیان هەبێت لە بەرامبەر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا کە لە بەرامبەر گەلەکەماندا ئەنجامی ئەدات.   

لە هەمان کاتدا پێویستە دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەرامبەر ئەم پێشێلکارییانەدا بێدەنگ نەبن و بەرگری لە سەروەری نیشتمانی نەکەن کە بەم شێوەیە ووڵاتەکەمان بکرێتە مەیدانی شەڕ و گەلی کوردستان بەتایبەتی وگەلانی عێراق بەگشتی باجەکەی بدەن . لە کاتێکدا  بەرگریکردن مافێکی ڕەوای هەر گەلێکە لە پێناو بوون و ئازادی و سەربەخۆی گەل و ووڵات. 

داوا لەکۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین وەک پرسێکی نێودەوڵەتی مامەڵە  لەگەڵ دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان بکەن و لە ڕێگای گوشاری سیاسییەوە فشار بخەنە سەر دەوڵەتی تورکیا تاکو دەست لەم جۆرە سیاسەتە هەڵبگرێت و کۆتایی بەسیاسەتی داگیرکارانەی بهێنێت. 

ئەزمونی گەلان بە گشتی و گەلی کورد بەتایبەتی ئەو ڕاستییەی سەلماندووە کە هەرگیز شەڕو وێرانکاری نەیتوانیوە ڕێگا لە بەدەستهێنانی مافی ڕەواو خواستی سەربەخۆیی  گەلان بگرێت .  

سەرکەوتو بێت ئیرادەی ئازادیخوازانەی گەلی کوردستان و تەواوی گەلانی جیهان. لە پیناو نیشتمانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیار و چەسپاندنی یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا.  

لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان  

24ی ئۆکتۆبەر2025

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا