
دوای زیاتر لە دوو ساڵ سەپاندنی قەدەغەی گەشت لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە بۆ تورکیا، سبەی دووشەممە 2025/11/3 یەکەم فڕۆکەی هێڵی ئاسمانی (تورکیش ئێرلاین) لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دەنیشتێتەوە.
داخستنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بە ڕووی هێڵی ئاسمانی تورکیا، یەکێک بوو لە لێکەوتەکانی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا، بەڵام دوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی و کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەردۆغان، بڕیاردرا قەدەغەی گەشتەکانی تورکیا لەسەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵبگیرێت.
لێدوانی فەرمی: دانا محەممەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی فڕۆکەخانەی سلێمانی بە ئاڤا میدیای وت، ئەمشەو کاتژمێر 10:30 فڕۆکەکە لە ئیستانبووڵەوە دەفڕێت، کاتژمێر 1:10ـی بەرەبەیان دەگات و هەمان فڕۆکە کاتژمێر 2:40 دەفڕێتەوە بەرەو ئیستانبووڵ.
محەممەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی فڕۆکەخانەی سلێمانی رایگەیاندوە: بەپێی ئەو پلانەی دانراوە هەفتانە چوار گەشت لە نێوان سلێمانی و تورکیا ئەنجام دەدرێت و پلان هەیە ژمارەی گەشتەکان زیاتر بكرێت.