
حزبی شیوعی چین بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندی و هاوکارییەکانی نێوان پارتەکان و قووڵکردنەوەی تێگەیشتنی هاوبەش بانگهێشتی فەرمی حزبی شیوعی کوردستان دەکات.
بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندیی پارتە کۆمۆنیستەکان و پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی زانیاری، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ناوەندیی حزبی شیوعی چین، بە فەرمی بانگهێشتنامەیەکی ئاراستەی حزبی شیوعی کوردستان کرد.
لەم چوارچێوەیەدا و وەک نوێنەری حزبی شیوعی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هاوڕێ نەبەز مستەفا عەبدوڵا، ئەندامی مەکتەبی پەیوەندییەکانی ناوەندیی حزبمان، نوێنەرایەتی حزب دەکات.
ئەم میتینگەدا بە ئامادەبوونی نوێنەری پارتە کۆمۆنیستەکان زیاتر لە ٢٠ وڵات و ناوچەی جیهان بەڕێوەدەچێت، لە ماوەی نێوان ٩ تا ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ لە ژێر ناونیشانی "نۆژەنکردنەوەی شێوازی چین: پلانە نوێیەکان، هێزە بزوێنەرە نوێیەکان" لە وڵاتی چین ئەنجام بدرێت.
بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندی و هاوکارییەکانی نێوان پارتەکان، بەتایبەتی لە بواری بڵاوکردنەوەی زانیاری و ڕاگەیاندندا و، قووڵکردنەوەی تێگەیشتنی هاوبەش و دۆستایەتی نێوان حزبی شیوعی چین و پارتە میوانەکان، لەوانە حزبی شیوعی کوردستان. هەروەها دروستکردنی پردێکی گرنگ بۆ ئاڵوگۆڕی کولتووری و سیاسی لەسەر ئاستی جیهان.
بەشداریی حزبی شیوعی کوردستان لەم کۆبوونەوەیەدا، کە پارتە کۆمۆنیستەکان و چەپەکانی جیهان پێکەوە کۆدەکاتەوە، وەک هەنگاوێکی ستراتیجی سەیر دەکرێت بۆ بەهێزکردنی پێگەی سیاسی خۆی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و چەسپاندنی هاوکارییەکانی لەگەڵ پارتێکی زلهێزی جیهانی وەک حزبی شیوعی چین.