
ئەمڕۆ هەینی، شاندێکی حزبی شیوعی کوردستان، کە پێکهاتبوو لە هاوڕییان ئەبو کاروان سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و کەماڵ شاکر سکرتێری پێشووتر و هیوا عومەر جێگری سکرتێر و دڵشاد ساڵەح و پێشڕەو ڕەشید ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی ، بەشداریی دەهەمین ڤیستیڤاڵی ڕۆژنامەی طریق الشعب ـ یان کرد .
شاندەکەی حزبمان، لەلایەن هاوڕێ رائد فەهمی سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراق و بەشێک لەئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی و موفید جەزائیری سەرپەرشتیاری ڕۆژنامەی طریق الشعب بەگەرمی پێشوازی کران و بەخێرهاتن کران .
دوای کردنەوەی ڤیستیڤاڵەکە، شاندەکەی حزبمان کۆشکەکانیان بەسەرکردەوە، کە بریتی بوون لە ڕۆژنامەی طریق الشعب و بیری نوێ و شەرارە و ڕۆژنامە وگۆڤارەکانی پێشووتر و ئێستاو چەندین پێشەنگای شێوەکاری و کاری دەستی و کەلوپەلی دێرین و وێنەی سەردەمی شاخ و پێشمەرگە دێرینەکانی حزب و چالاکیی مەڵبەندەکانی حزبی شیوعی عێراق ، هەر لە فیستیڤاڵەکەدا، هاوڕێیانی حزبمان، بەشدارییان کرد لەچەند کۆڕێکی سیاسی و فیکری و هونەریی ،کە بەشێک بوون لە چالاکییەکانی فیستیڤاڵەکە.
لای خۆیەوە،هاوڕێ ئەبوکاروان سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی، پیرۆزبایی کردنەوەی فیستیڤاڵەکەی لە هاوڕێیانی سەرپەرشتیار و حزبی شیوعی عێراق کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.
ڕۆژنامەی طریق الشعب، ڕۆژنامەیەکی سیاسی ڕۆژانەیە و حزبی شیوعی عێراق دەریدەکات و لە ۳۱ی تەمموزی ساڵی ۱۹۳٥ ، ساڵێک دوای دامەزراندنی حزب، بەناوی کفاح الشعب یەکەم ژمارەی دەرچووە.




