كۆنفرانسی كۆڕبەندیی چەپی كوردستان لەژێر ناونیشانی گۆڕان و پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كاریگەرییان لەسەر پرسی گەلی كوردستان، لە 19.10.2025 لە شاری ئامەد سەركەوتووانە بەڕێوەچوو. 

    لە كۆنفرانسی ئامەددا، كە بەشێكی زۆر لە نوێنەرانی پارتە سیاسییەكان و ڕێكخراوەكانی جڤاكی مەدەنی و نووسەران، ئەكادیمیست و كەسایەتییە ناسراوەكان ئامادەبوون، گۆڕان و پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بارودۆخی سوریا و پڕۆسەی توركیا و پێشهاتەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان بە وردی تاوتوێكران و بڕیاردرا ئەم ئەنجامنامەیەی خوارەوە بۆ ڕای گشتی بڵاوبكرێتەوە.

    پرسی گەلی كوردستان ئێستا گرنگترین بابەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و دەبێت بەزووترین كات چارەسەر بكرێت. دوای دەستپێكردنی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، گۆڕانكاری گەورە لە هاوسەنگیی هێز لە ناوچەكەدا ڕوویداوە، بەتایبەت تێكشكانی بەرەی موقاوەمە لە ناوچەكە و ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە سووریا ڕەوشێكی نوێی پێكهێناوە.

لەگەڵ ڕوخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سوریا، دەرفەتی گرنگ بۆ گەلی كورد لە ڕۆژاڤای كوردستان هاتووەتە پێشەوە. كۆنفراس پێیوایە تەنیا سیستەمێكی فیدراڵی، دیموكراسی، فرە نەتەوەیی و فرە ئایینی لە سووریا دەتوانێت سەقامگیری و ئاشتی و دیموكراسی لەو وڵاتەدا بەدیبهێنێت، هەرچەندە حكوومەتی كاتی دەسەڵاتدار لە شام بەهۆی پاشخانی ئایدیۆلۆژی و سیاسەتی توندڕەوانەی ناتوانێ ئەم ئامانجە بەدیبهێنێت.

لەم قۆناغە مێژووییەدا یەكڕیزیی هێز و لایەنە كوردستانییەكان لە ڕۆژئاڤای كوردستان لە هەموو كاتێك گرنگترە. لەو چوارچێوەیەشدا ئێمە كۆنفرانسی قامیشلۆ لە 26ی نیسانی 2025 وەكو دەستكەوتێك تەماشادەكەین و پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ ڕێككەوتن و یەكڕیزیی كورد لە ڕۆژئاوا دەردەبڕین.

      كۆنفرانسی ئامەد لە تەوەرێكی دیكەدا، پڕۆسەی چارەسەریی لە توركیا بەوردی تاوتوێ كرد و بەشداربووانی كۆنفرانس بەگشتی بڕیاری چەكدانانی پەكەكە و كۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژییەكان، بە هەنگاوێكی ئەرێنی دەزانن و لە هەمان كاتدا جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە كێشەی گەورە و بنەڕەتی چارەسەركردنی پرسی گەلی كوردە، بۆیە پێویستە بنەمایەكی یاسایی ئامادەبكرێت و دەبێ بەزووترین كات هەنگاوبنرێت بۆ گەڕانەوەی گەریلا و ئازادكردنی زیندانییانی سیاسی و گەڕانەوەی پەنابەرانی سیاسی لە دەرەوەی وڵات.

لەو پێوەندەدا گرنگترین بابەت ئەوەیە كە توركیا دەستبەرداری سیاسەتی نكۆڵیكردن و ئاسمیلەكردنی كورد بێت و ناسنامەی كورد و زمانی كوردی وەك زمانێكی فەرمی و پەروەردە بناسێت و دان بە مافی چارەنووس  بنێت لە دەستووردا.

هاوكات پێویستە توركیا دەستهەڵگرێت لە دوژمنایەتیی بەرانبەر گەلی كورد لە ڕۆژاڤا و ڕێز لە بڕیاری گەلی كورد لە سووریا بگرێت.

كۆنفرانس پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ تەڤگەریی ئازادی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕاگەیاند و بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی لە خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكات.

هەروەها كۆنفرانسی ئامەد ڕێككەوتنی نێوان لایەنەكان و چارەسەركردنی كێشەكان لە ڕێگەی دیالۆگ لە هەرێمی كوردستان بە گرنگ دەزانێ و جەختی لەسەر پەلەكردن لە پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان كردەوە و كۆنفراس داوا دەكات لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لایەنە كوردستانییەكان لە بەغدا پێڕەوی لە سیاسەت و هەڵوێستێكی هاوبەش بكەن.

ئێمە لە حزبەكانی نێو كۆڕبەندی چەپی كوردستان بە ئەركی سەرشانی خۆمان دەزانین كە ڕۆڵێكی بنیاتنەر و بەرپرسیارانە و نیشتمانپەروەرانە ببینین لە لێكنزیكردنەوەی لایەنە كوردستانییەكان و بەرقەراركردنی ئاشتی ناوخۆیی و بەرجەستەكردنی ستراتیژێكی كوردستانی.

21.10.2025

                           ئامەد

كۆڕبەندی چەپی كوردستان كوردستان

- پارتی سۆسیالیستی كوردستان (PSK باكوور). 

- پارتی كۆمۆنیستی كوردستان (KKP باكوور).

- حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان/باشوور. 

- حزبی شیوعیی كوردستان/باشوور.

- بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان /باشوور. 

- كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان /ڕۆژهەڵات. 

 - حزبی شیوعیی كوردستان/ڕۆژئاوا.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا