
ئەمڕۆ دەستکرا بەدابشکردنی مووچەی مانگی 8ی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان ، ئەمەش لەکاتێکدایە مانگی 10 لە ڕۆژەکانی کۆتایی تەمەنی نزیکبووەتەوە.
دوای خەرجکردنی مووچەی مانگی 8 هێشتا چوار مووچەی هەرێم لە بەغدا ماوە خەرج بکرێت. هەرچەندە، بەرپرسانی باڵای هەرێم چەند جارێک ووتوویانە هیچ مووچەیەکی ئەمساڵ نافەوتێت، بەڵام فازل نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق چەند مانگێک پێش ئێستا هۆشداریدا لە فەوتانی دوو مووچەی ئەمساڵ.
لە 25/12 دوای دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق. خەرجکردنی مووچە ڕادەگێرێت، بۆیە قورسە لەماوەی دوو مانگدا چوار مووچە خەرج بکرێت.
هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردندا بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێم چەند جارێک مژدەیان بەمووچەخۆراندا، کە بەر لەبەڕێوەچونی هەڵبژاردن دوو مووچە دابەش دەکرێت.
بەڵام 15 ڕۆژ ماوە بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردن و ئێستا تۆپەکە لە ساحەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە، کە ئەگەر نیەتی دابەشکردنی مووچەیەکی تری هەبێت واتا مووچەی مانگی 9 ئەوا دەبێت لە ئێستاوە هەوڵبدات لەزووترین کاتدا بڕی 120 ملیار لەداهاتی ناو خۆ بۆ بەغدا بنێرێت، تا لەبەرانبەردا بەغدا مووچەی ئەو مانگە بنێرێت.،بەڵام پێناچێت بەر لە هەڵبژاردن هەرێم ئامادەیی تێدا هەبێت 120 ملیار دیناری تر لەداهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا بنێرێت و مووچەی مانگی 9 ڕەوانە بکرێت.
فەوتانی دوو مووچەی ئەمساڵ واتا گێڕانەوەی دوو مووچەی زیادە بۆ بەغدا و گێڕانەوەی 240 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ بۆ هەرێم. لەم یاریەشدا بەغداو دەسەڵاتدرانی هەرێم براوە دەبن و زەرەرمەندیش مووچەخۆرانی هەرێم دەبێت.