
بە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانیان لە خاکی تورکیاوە بۆ خاکی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی بۆ چیای قەندیل ،وەک هەنگاوێک بۆ دوورکەوتنەوە لە بەریەککەوتن و ڕوبەڕوبونەوەی چەکداری لەگەڵ هێزەکانی سوپای تورکیا و هاوکات ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ پرۆسەی ئاشتی، پارتی کرێکارانی کوردستان هەنگاوێکی دیکەی بەرەو جێبەجێکردنی پرۆسەی ئاشتی نا، پێشتریش لەهەنگاوێکی ئاشتیخوازانەداو وەک نیاز پاکی ژمارەیەک گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان چەکەکانیان سوتاند.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کشانەوەی گەریلاکانی PKK لەخاکی تورکیاوە بۆ قەندیل، قۆناغێکی نوێ لە ئارامی دێنێتە ئاراوەو هەنگاوێکی تری ئاشتیخوازانەی ئەو حزبەیه بە ئاراستەی ئاشتیەکی ڕستەقینە لە تورکیا.
بەڵام لەگەڵ ئم هەنگاوە ئاشتیخوازانەیەی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK، کەچی هێشتا دەسەڵاتدارانی تورکیا بەچاوی تیرۆر تەماشای ئەو حزبە دەکەن.
هەر دوابەدوای ئەم هەناگەوە ووتەبێژی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیا،عومەر جلیک
لە بڵاوکراوەیەکدا کە لە تۆڕێ کۆمەڵایەتی X بڵاوی کردووەتەوە، جارێکیتر PKK ،بەتیرۆرست ناو دەبات و دەڵێت، کشانەوەی تیرۆرستان لەخاکی تورکیا هەنگاوێکی باشە بەرەو چەک داماڵین کە ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ و گونجاوە لەگەڵ ئامانجە سەرەکیەکە کە ئەویش بنیاتنانی تورکیایەکی بێ تیرۆرە.
لە ڕۆژانی نێوان 5 و7ی مانگی ئایاری 2025 پارتی کرێکارانی کوردستان، کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی گرێداو خۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕاگەیاند،
گرێدانی کۆنگرەکە لەسەر داوای عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆکی ئەو حزبە ئەنجامدراو پێشوازیەکی گەورەی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێو دەوڵەتی لێکرا.
هاوکات لە نیاز پاکیەکی تردا لە ڕۆژی 11ی تەمووزی ئەمساڵ وەک پیشاندانی نیاز پاکی و خواستی ئاشتی و ئارامی و سەقامیری بۆ تورکیاو ناوچەکە ، لە مەراسیمێکدا 30 گەریلا چەکەکانیان سوتاند.
سەرباری ئەم هەنگاوانە کەچی هێشتا دەسەڵاتدارانی تورکیا هیچ هەنگاوێکیان وەک نیاز پاکی نەناوە بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی،
بەپێی بۆچونی چاودێرانی سیاسی تورکیا ئەوەی دەیەوێت ڕووبدات تەنها چەککردنی گەریلاکانی PKK و خۆ ڕادەستکردنی ئەو هێزەیە بە تورکیا،بۆیە تا ئێستا تورکیا یاری بەکات دەکات،هێشتا زیندانەکان پڕن لەزیندانی کوردو نەک زیندانیە سیاسیەکان تەنانەت بەشێکی زۆر لە زیندانیە نەخۆشەکان و ئەوانەشی ماوەی زیندایەکەیان تەواوبووە ئازاد نەکراون،هێشتا لەسەر زمانی کوردی هاووڵاتی دەستگیر دەکرێت و لێژنە چاودێریەکەی پەرلەمانی ئەو ووڵاتەش لە شوێنی خۆی چەقیبەستووە.