
"حکومەتەكەى شەرع هێشتا نەیتوانیوە هەستی ئاسایش و ئارامی لای پێكهاتەكان و رۆژئاواى كوردستان دروستبكات"
راپۆرتى شيكارى
سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لەتوركيا، پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە ئەوەی کە ئایا حکومەتی نوێى سووريا ئامادە دەبێت دان بە مافەکانی هەموو پێکهاتەکان بنێت و ناسنامە نەتەوەیی و ئایینییەکان ڕێز لێ بگرێت. بێگومان ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەم پرۆسەیەدا چارەنووسسازە. هەسەدە کە بەشێکی بەرچاوی شەڕی دژی تیرۆری گێڕاوە، ئێستا لە بەردەم هەڵبژاردنێکی ستراتیژیدایە: یان بە ناسنامە و دەسکەوتەکانیەوە بەشداری پرۆسەی بنیاتنانەوەی سووریادا بکات، یان بەرەوڕووی لەناوبردن و لاوازکردنەوە ببێتەوە. ئەنجامی ئەم کێشەیە نەک تەنها چارەنووسی کوردانی سووریا، بەڵکو داهاتووی تەواوی ناوچەکە دیاریدەکات. ئەم راپۆرتە بۆچوونی چەند شارەزا و نووسەر و رۆژنامەنووسى کوردی لەبارەی داهاتووی سووریا و گرنگی پشتیوانيی نێودەوڵەتی لە هێزە کوردییەکان دەخاتەڕوو.
خەبات کوردە، نووسەر و رۆژنامەنووس لەبارەى بارودۆخى رۆژئاواى كوردستان و ئەو گرژييانەى كە لەگەڵ حكومەتەكەى شەرع دروستدەبێت گوتى، "دوای دە مانگ لە بێنە و بەردە و ڕێگریيەکانی تورکیا، حکومەتی کاتیی دیمەشق ڕازیبووە بە شەقی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی و ئیسـرائیل، لە سفرەوە دانوستان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەنجومەنی سیاسیی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامبدات". کوردە ئاماژە بەوە دەکات، "کە ئەگەر ڕێژیمی ئەردۆگان و لایەنگرەکانی جورئەتی ڕێگریکردنیان لە بەردەم ئەم پرۆسەیەدا نەبێت، دوور نییە لە ماوەیەکی نزیکدا هەرێمی ڕۆژهەڵاتی فورات بە فەرمی لە سووریا ڕابگەیەندرێت، چونکە دانوستانەکان لە ئێستادا زۆر بە گەرمی و چڕی کاریان لەسەر دەکرێت".
بەپێی زانیارییەکانی کوردە، "لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنە پێشبینیکراوەدا، تەواوی هێزەکانی هەسەدە و هەموو چەکە پێشکەوتوو، و کاریگەرەکانیان وەک خۆی لە ژێر فەرماندەی ئەو فەیلەقانە دەمێننەوە و لە هەر سێ پارێزگای دێرەزوور و حەسەکە و ڕەقە، کە بە ڕۆژهەڵاتی فورات ناسراون، لە شوێنەکانی ئێستایان دەمێننەوە، هەروەها ئەو ناوچانەی کە کەوتوونەتە نێوان تەڵ ئەبیەد (گرێ سپی) و سەرێکانی. هەموو دەروازە سنووریيەکانی ناوچەکە و فڕۆکەخانەکان بەهاوبەشی لەگەڵ دیمەشق بەڕێوەدەبردرێن و داهاتەکەشی بەڕێژەیەکی دیاریکراو لەسەر ڕێکدەکەون".
كوردە ئەوەشى نەشاردەوە، "حکومەتی کاتیی دیمەشق ناچار دەکرێت گۆڕانکاری لە یاسا کاتیيەکەی بەهاری ڕابردووی سووریادا بکات و دان بە هەموو مافەکانی گەلانی غەیرە عەرەب و غەیرە ئیسلامیدا بنێت. هەروەها ئاوارە کوردەکانی شاری عەفرین و دەوروبەری، وەک هەر دوو گەڕەکە کوردیيەکانی شاری حەلەب، بە هەماهەنگی دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان و سەر موڵکی باوباپیرانیان و لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی هەردوو لاوە دەپارێزرێن".
د. رێبوار حەسەن مامۆستاى زانكۆ رايگەياند، "گرنگە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت ڕۆژئاوا درک بەوە بکەن کە پاڵپشتییەکانیان بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە زۆر گرنگە. مافی مرۆڤ و چارەسەری ئاشتیيانە لە پێشینەی دەسکەوتی سیاسی دابنێن. بەبێ ترس لە گۆشەگیرکردن بژین، کە ئازادی و مافەکان ڕێزیان لێ بگیرێت و کولتوورە جیاوازەکان بتوانن کارلێکی ئەرێنی بکەن".
حەسەن ئەوەشى خستەروو، "ئەگەر وڵاتانی ڕۆژئاوایی هەوڵی گەلی کورد بۆ خۆبەڕێوەبەری و دادپەروەری پشتگوێبخەن، ئەوا مەترسی دروستکردنی بۆشایییەک دەسازێنن کە هەم تیرۆریستەکان و هەم ڕژێمە نادیمۆکراتەکان بتوانن بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی زیاتر قۆرخی بکەن"، ناوبراو ئەوەشى نەشاردەوە، "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ناسەقامگیر نەک هەر ناڕەحەتی بۆ خەڵکی ئەوێ بەدوای خۆیدادەهێنێت، بەڵکو کاریگەريی لەسەر ئاسایشی جیهانیش دەبێت".
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد نووسەر و ڕۆژنامەنووس پێیوایە کە "هێشتا لۆژیک و دنیابینيی حکومەتی کاتیی سووریا ناتوانێت ئەو داخرانە مێژووییە تێپەڕێنێت کە هەڵیگرتووە و لە مێژوویەکی دوورەوە بەرامبەر کورد هەیەتی و نەگەیشتووەتە دۆخی کرانەوەی مێژوویی یان بازدانی مێژووییانە کە تەواوی پیرۆزییە دەستکردەکان بگۆڕێت بۆ لێبوردەیی و نوێبوونەوە و پێکەوەژیان". بە بۆچوونی ئەحمەد، "جووڵەکانی شەرع بە ئاسۆی دەرکەوتنی سووریایەکی نوێ نییە کە شەڕ لەگەڵ ڕابردووی خۆی بکات".
ئەحمەد، شیکاریی جیاواز لە هەڕەشەکانی شەرع بۆ هەسەدە پێشکەشدەکات و باس لەوە دەکات کە "ئەم هەڕەشانە پەیوەست نین بە پیلان و ستراتیژێکی ئەهریمەنانەی هەسەدە كە لەسەر خاکی سووریا دژی دیمەشق و دەسەڵاتی کاتی شەرع، بەڵکو هەڕەشەکە بەشێکە لەو ویستە دژایەتیی و پیلانگێڕییە دەرەکییەی دەیەوێت بەر بە پێشکەوتن و سەرکەوتنەکانی هەسەدە بهێنێت. ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر پێشکەوتن و سیستەماتیکبوونێکی هەسەدە مانای هەژانێکی سیاسییە بۆ دیمەشق و هەندێک ناوچەی دیکەی ناوچەکە".
سیپان حەمۆ، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، کە "خێرایی هەنگاوەکانی تێکەڵبوونیان لەگەڵ سوپای سووریا بەستراوەتەوە بە هەنگاوەکانی دیمەشق". حەمۆ ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئێستادا لەنێوان ئەوان و حکومەتی دیمەشقدا زنجیرەیەک کۆبوونەوە و گفتوگۆ بەڕێوەدەچن و تاوتوێی تێکەڵبوونیان لەگەڵ سوپای نوێی سووریادا دەکرێت.
فەرماندەی هەسەدە جەختی لەوە کردەوە کە "ئەوان دەیانەوێت بەشداری لە سوپای نوێ بکەن، بەڵام هەندێک لایەن هەوڵ دەدەن پڕۆسەی بەشداریکردن بەپێی بۆچوونە تەسکەکان کە هێشتا دیلی هزری ڕژێمی پێشووترن لێکبدەنەوە و هێزەکانیان لەنێو ببەن یان ناسنامەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کارگێڕیيان لەنێو ببەن، کە ئەوە هەرگیز قبووڵناکرێت". حەمۆ دەڵێت "دەبێت ناسنامەی هەسەدە بپارێزرێت و ڕێز لە تێکۆشانی بگیرێت".
سیپان حەمۆ ئاماژەی بەوە کرد کە "سوننە و درووز و کریستیان و کورد و عەلەوی، ئەگەر مافی یەک پێکهاتەیان نەناسرێت، سووریا هێشتا لەو ستەمەی ماوەیەکی درێژە بەدەستیەوە دەناڵێنێت و ڕزگاری نابێت". ئەو تیشکی خستە سەر ئەوەی کە حکومەتی ڕاگوزەری سووریا هێشتا نەیتوانیوە هەستی ئاسایش و ئارامی لای پێکهاتە جیاوازەکان دروستبکات و کوشتارە بەکۆمەڵەکان دژی عەلەوییەکان و درووزەکان و بڵاوبوونەوەی ئاژاوەی ئەمنی لە وڵاتەکە ئەوە دەسەڵمێنن.
شێرکۆ کرمانج، لەدوايين وتارى خۆيدا لەبارەى پرۆسەى ئاشتى لە باكوور و رۆژئاواى كوردستاندا نووسيويەتى، "هەر تێگەیشتنێک لە پرسی کورد، هەر چارەسەرێک بۆ پرسی کورد، هەڵقوڵاوی زیهنییەت و عەقڵییەت و دنیابینی ئەوی دیکە (تورک/تورکیا، فارس/ئێران، عەرەب/عێراق و سووریا) بێت، ناتوانێت چارەسەری پرسی کورد بکات".
كرمانج نووسيويەتى، "پرسی کورد تەنیا لە تێگەیشتنێکی کوردانە، کوردستانییانە، نیشتیمانییانە، لەخۆگرانە، کە باوەڕی بە یەکسانیی نەتەوەکان هەبێت، بە هەلی یەکسان هەبێت، بە ئازادی و ڕزگاری هەبێت، بە سەروەری و سەربەخۆیی و جیابوونەوە هەبێت، دەتوانێت هەنگاو بنێت بۆ چارەسەی پرسی کورد، کە ئەوکات مەرج نییە کورد جیابێتەوە و دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت، بەڵكوو دەکرێت ئازادانە لەگەڵ ئەوانی دیکە بژی، بەڵام هەموو مافێکی هەبێت کە تورکێک، عەرەبێک یان فارسێک هەیەتی، وەک گوتم بە مافی دامەزراندنی دەوڵەتی خۆی".
عەلی ئۆرەماری ماستەر لە زانستی ئابووری، نووسەر و چاودێری سیاسی رايگەياند، "تورکیا لە لایەک ھێشتا تای نەخشەی نوێی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەرینەداوە و تای گەورەبوونی بزووتنەوەی کورد لە ڕووی سیاسی-دیپلۆماسی و بەھێزتربوون و گەورەبوونی ھێزەکانی سووریای دیموکرات ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر توند دەبێت". ئۆرەماری راشيگەياند، "تورکیا نەک هەر ناتوانێت بەزۆر ئیرادەی گەلی کورد لەناوبەرێت، بەڵکو شەڕ لەگەڵ قەدەری خۆی دەکات. بیەوێت یان نەیەوێت لە ئایندەیەکی نزیکدا ھێزەکانی کورد و ھەرێمی فیدراڵیی باکوور و ڕۆژھەڵاتی سووریا دەبنە ھاوسنووری دەوڵەتی تورکیا".