
ڕێگای کوردستان
لە کاتێکدا سەرنجی میدیاکان و شەقامی عێراقی و کوردی بە تەواوی چۆتە سەر ئەو جەنگە سەختەی کە ماوەی هەشت ڕۆژە لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵگیرساوە، قەیرانە سیاسییە ناوخۆییەکان بە تەواوی کەوتوونەتە پەراوێزەوە. ئەم شەڕە وێرانکەرە وایکردووە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق و پێکهێنانی حکومەتی نوێی فیدراڵی، هاوتەریب لەگەڵ پەکخستنی بەردەوامی پەرلەمانی کوردستان و دواخستنی زیاتری پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تەواوی لە بیری خەڵک ببرێتەوە و فشارەکانی شەقام بۆ سەر دەسەڵاتداران دابمرکێنەوە.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەم شەڕە هەرێمایەتییە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ خزمەت بەو هێزە سیاسییانە دەکات کە هۆکاری بنەڕەتیی بنبەستە سیاسییەکەن. لەم بارەیەوە، شرۆڤەکاران ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزە دەسەڵاتدارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، دەنگی چەکەکان و قەیرانە دەرەکییەکان وەک پەردەیەک بەکاردەهێنن بۆ داپۆشینی شکستەکانیان. چاودێرانی سیاسیی دەڵێن، ئاراستەبوونی ڕای گشتی بەرەو هەواڵەکانی بەرەکانی جەنگ لەم هەشت ڕۆژەدا، وایکردووە لایەنە سیاسییەکان لەژێر فشاری جەماوەردا خۆیان ڕزگاربکەن.
خەڵک ئێستا لە خەمی سەلامەتیی خۆیاندایە، ئەمەش بەرپرسیارێتی سەر شانی دەسەڵاتدارانی بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکە دەستوورییەکانیان سووک کردووە.
هەروەها، چاودێران هۆشداری دەدەن کە ترسی بەردەوامی خەڵک لە فراوانبوونی زیاتری ئاگری شەڕەکە، وایکردووە داواکارییە ناوخۆییەکان پشتگوێ بخرێن. بە بڕوای ئەوان، ئەم بێباکییەی لایەنەکان لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان، لە داهاتوودا دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی بێکاری، قەیرانی ئابووری و دروستبوونی بۆشاییەکی مەترسیداری دەستووری، تا ئەو کاتەی ئاگری شەڕی نێوان واشنتۆن، تەلئەبیب و تاران بەردەوام بێت، پێناچێت پرۆسەی سیاسی ناوخۆیی ئاسایی ببێتەوە و هاووڵاتییانیش قوربانیی یەکەمی ئەم دۆخەن.