
ئەمڕۆ سێ شەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدەدات، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبونەوەکەدا، چارەنوسی مووچەی مانگی 9 یەکلایی بکرێتەوە.
بەپێی ووتەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم،لە ئێستادا بڕی 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ بۆ مانگی 9ئامادەیەو هەر کات حکومەتی عێراق بڕیار لە خەرجکردنی مووچە بدات ، دەستبەجێ 120 ملیار دینارەکە ڕەوانەی بەغدا دەکرێت.
پێشتر چەند جارێک بەرپرسانی هەرێم ئەوەیان بە مووچەخۆران ڕاگەیاندووە،کە بەر لە بەڕێوەچونی پرۆسەی دەنگدان.دوو مووچە دابەش دەکرێت.
ئێستا لە سەرەتای مانگی 11 داین،کەچی مووچە خۆرانی هەرێم هێشتا مووچەی مانگی 9ی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە،
سەرباری ڕادەستکردنی نەوتی هەرێم بە بەغدا،بەڵام کێشەی دواکەوتنی مووچە بەردەوامەو چارەسەر نەکراوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم کە حزبەکەی لە حکومەت هاوبەشە ووتی،کێشەی مووچە چارەسەر نەکراوە،ئەوەی ئێستا هەیە چارەسەری پینەو پەڕۆیە
شارەزایانی ئابوری پێیان وایە بەلای کەمەوە،دوو مووچەی ئەمساڵ دەفەوتێت.بەڵام هەفتەی پێشوو فارس عیسا نوێنەری حکومەتی هەرێم لەبەغدا ڕایگەیاند: هیچ مووچەیەکی هەرێم نافەوتێت و هەمووی دەدرێت. بەڵام موچە خۆران بەو پێیەی ئەزمونیان لەگەڵ حکومڕانانی هەرێم هەیە گەشبین نین و متمانەیان بە لێدوان و بەڵێنەکانی حکومەت نەماوە.