
هەرچەندە ماوەی بیست ڕوژە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیپێکردووە،بەڵام جارێکی تر دڵەڕاوکێی دواخستن و ئەنجامنەدای هەڵبژاردن هاتۆتە ئاراوە.
کابینەی حکومەتی سودانی لە ساڵی 2022 بەمەرجی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخته لەلایەن شیعەکانی نزیک لە ئێران و بەتایبەتی نوری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا پێکهات،بەڵام کاتێک سودانی گەیشتە دەسەڵات مەرجەکەی فەرامۆشکرد،ئەمەش مالیکی توڕەو نیگەرانکرد،چونکە مالیکی چاوی لە پۆستەکەی سودانی واتا سەرۆکایەتی وەزیرانە.
نوری مالیکی یەکێکە لەو سەرکدانەی بەر لە دەسپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن و لەکاتی بانگەشەش بەردەوام جەختی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن کردووەتەوە لەوادەی دیاریکراوی خۆی.
ئێستا دەنگۆیەک هاتۆتە ئاراوە کە باس لەدابەشبونی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکانی نزیک لە ئێران دەکات بۆ سەر دوو بەرە، بەرەیەکیان داوای دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات بۆ مانگی ئایاری ساڵی 2026،ئەم بابەتە ڕۆژنامەی عوکازی سعودی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە.هەرجەند شیعەکان هەوڵی لەو جۆرە ڕەتدەکەنەوە بەڵام ئاماژە گەلێک هەن بۆ سەلماندنی هەوڵی لەو جۆرە.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامە سعودیەکە ئەم داواکاریە بۆ بەشداریکردنی چەند قەوارەو کەسایەتیەک دەگەڕێتەوە لە هەڵبژاردنەکان.کە لە چوارچێوەی سزاکانێ ئەمریکادان.ئەو تیمەی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی ترسی ئەوەیان هەیە بەهۆی ئەو بەشداریکردنەوە لە ئاستی نێو دەوڵەتی دان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەدا نەنرێت. ئەمەش جۆرێک لەڕاستی تێدا هەیەو پرسیارێکیش دەهێنێتە ئاراوە، ئایا دوای دەرکەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و دانپێنەنانی نێو دەوڵەتی دۆخی عێراق بەکوێ دەگات؟
لە دوو ڕوژی ڕابردووش وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەئاشکرا داوای لە سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد،کە دەبێت گروپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی چەک بکات.ئەم هۆشداریەش زیاتر ڕاپۆڕتەکەی ڕۆژنامە سعودیەکە پشتڕاست دەکاتەوە.
بەڵام لایەنی دووەم کە نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات لەگەڵ چەند گروپێکی چەکدار هەر جۆرە دواخستنێکی هەڵبژاردن ڕەتدەکەنەوە.
هێشتا بیست ڕۆژ ماوە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن ، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبونی هەر ڕۆژێک دۆخەکە زیاتر ڕون .