
ئەمڕۆ چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ لە کۆبونەوەی لوتکەی هاوکاری ئابوری ئاسیا و زەریای هێمن لە گیۆنگجوی کۆریای باشور، وتی، یەک شت کە تا ئێستا یەکلایی نەکردوهتەوە ڕوسیا و ئۆکرانیایە، بەڵام ئەوەش چارەسەر دەبێت.
ترەمپ پێشتر لەناو کەشتیی هێزی ئاسمانی یەکدا لەکاتی ڕۆشتنی بەرەو ئاسیا بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاندبو، پێیوایە سەرکردایەتی ڕوسیا بەدوای ئاشتیدا دەگەڕێت لە ئۆکرانیا، سەرۆک ڤلادیمیر پوتن "دەیەوێت ئەم قەیرانە کۆتایی پێبێت".
ترەمپ هەروەها جەختی لەوەکردەوە کە ئەو سزایانەی واشنتن بەسەر مۆسکۆدا سەپاندویەتی "زۆر بەهێزن" و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەنجامی بەرجەستەکراوی لێدەکەوێتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەمریکا لەم دواییانەدا پاکێجێکی نوێی سزاکانی دژ بە ڕوسیا ڕاگەیاند، ڕۆسنەفت و لوکۆیل و کۆمپانیاکانی سەر بە خۆیان کردە ئامانج و مۆسکۆی تۆمەتبار کرد بەوەی کە جددی نییە لە پێشخستنی پڕۆسەی ئاشتی لە ئۆکرانیا.
لایخۆیەوە پوتن سزاکانی ئەمریکای بە "رێکارێکی نادۆستانە" وەسف کرد کە هیچ یارمەتیدەرێکی نابێت بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات.