
لە ساڵی 1980،ئافرەتانی عێراق بەفەرمی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکان بەدەستهێنا،بەڵام گرفتە کۆمەڵایەتی و کلتوریەکان هۆکارگەلێکبوون بۆ دوورکەوتنەوەی ئافرەتان لەبەشداریکردن لەهەڵبژاردن و گەیشتن بە ناوەندەکانی بڕیارو وەک پێویست ڕۆڵی خۆیان لەو پرۆسەیە نەگێڕا.
بەڵام لە ساڵی 2005 بەدواوە ئافرەتان بەشێوەیەکی بەرچاو و کاریگەر لەکایەی سیاسی دەرکەوتن و ڕۆڵ و بون وکاریگەری خۆیان سەلماند،چالاکانە بەشداری هەڵبژاردنەکانیان کردو بەڕێژەیەکی بەرچاو خۆیان گەیاندە نێو پەرلەمان و ناوەندەکانی بڕیار.”
بەپێی مادەی16 لە یاسای پەرلەمانی عێراق بۆ ساڵی 2019، نابێت ڕێژەی بەشداری ئافرەت لە پەرلەمان 25%،کەمتربێت،واتا لەکۆی 329 کورسی پێویستە 83 کورسی بۆ کۆتای ئافرەت دەبێت”.
بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ خولی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق،ژمارەیەکی بەرچاو لە ئافرەتان هاتونەتە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانەوەو شەڕی گەیشتن بەناوەندەکانی بڕیار دەکەن
بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، بۆ خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە 11/11ی داهاتوو بەڕێوە بچێت، لەکۆی 7769 کاندیدی حزب و هاوپەیمانیەتیەکان، 2248 ئافرەت خۆیان کاندیدکردووە،کە دەکاتە ڕێژەی 28%.ی ئەو کاندیدانەی کێبڕکێ لە سەر بەدەستهێنانی 329 کورسی پەرلەمان دەکەن.
لە کۆی 2248 کاندیدی ئافرەت 144 کاندیدیان لە هەرێمی کوردستانن و 2104 کاندیدەکەی تریان دابەشبونەتە سەر حزب و هاوپەیمانیەتیەکانی پارێزگاکانی تری عێراق.